بایدەمیر: هەولێر دكارت ل ناڤبهرا ئەنقەرە و باکوور ببتە پرا ئاشتيێ
رووداو – هەولێر
عوسمان بایدەمیر پێیوایە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەنێوان ئەنقەرە و باکووری کوردستان ببێتە پردی ئاشتی و، هیواداریشە ئەم رۆڵە ببینێت، دەشڵێت “لەو پێناوەدا هەرچییەک بکەوێتە سەرشانی ئێمە، ئامادەین”.
عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) لە پەرلەمانی تورکیا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی رەوشی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان رایگەیاند “رەوشی کورد ئێستا لە باکووری کوردستان و ئەو ناوچەیەی کورد لێی دەژی، وەکو رەوشی هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کە ئاڵۆزی و زوڵم و گوشار و زۆری لەسەریان هەیە”.
عوسمان بایدەمیر دەڵێت “لەم دواییانەدا بەتایبەت لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دوای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن لەلایەن حکومەتی ئاکەپەوە تێکدار، دەتوانم بڵێم دوژمنایەتییەکی زۆر بەسەر کوردا دەکرێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە دەشڵێت “لە 15-7-2015 وە تاوەکو ئەمڕۆ بەلایەنی کەمەوە 8 هەزار لە سیاسەتمەدارانی کورد دەستبەسەرکراون، بەلایەنی کەمیشەوە 2 هەزار و 600 خەباتکاری هەدەپە، سەرۆکی شارەوانی شار و شارۆچکەکانی سەر بە هەدەپە زیندانیکراون”.
لەبارەی هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی پارتەكەشی گوتی “لە دۆخی ئەمڕۆشدا بەداخەوە 11 پەرلەمانتاری هەدەپە، هەروەها هاوسەرۆکانی هەدەپە، بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش و هەڤاڵەکەی لە زینداندان، جگە لەمە ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانی مێردین، فرات ئانڵی، سەرۆکی شارەوانی ئامەد و بەلایەنی کەمەوە 60 سەرۆک شارەوانی لە هەڤاڵانمان لە زینداندان”.
بەبۆچوونی عوسمان بایدەمیر “ئەم دۆخەی ئێستا هەیە، یەکەمجار نییە بەسەر کورددا دێت، لەسەردەمی مەلا مستەفای نەمرەوە تا سەردەمی شێخ سەعیدو سەید رەزاو قازی محەممەد تا دەگاتە ئەمڕۆ، گەلی کورد لەو هێرش و گوشارانە بەدوور نەبووە، ئەو لایەنەی ئێستا لە تورکیا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوین دوژمنایەتی کورد دەکات”.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان باشووری کوردستان و ئەنقەرە و رۆڵی باشوور لە چارەسەركردنی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان، عوسمان بایدەمیر ئەو پەیوەندییانە بەپێویست دەزانێت و دەڵێت “پێویستە ئەو پەیوەندییانە هەبن، بەتایەبت پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەکان، داخوازی ئێمەش بۆ هەموو حیزبە کوردستانییەکان ئەوەیە بەرژەوەنی هەموو کورد بە یەک دەست بپارێزن”.
عوسمان بایدەمیر لەو بڕوایەدایە “بۆ دواڕۆژ رۆڵی نێوەندگیری حکومەتی باشووری کوردستان بۆ چارەسەری رۆڵێکی گرنگ دەبێت، کاتێک کورد و حیزبە کوردییەکان باوەڕیان بە هێز و بازووی خۆیان هەبێت، بڕوا بکەن ئەنقەرە مەجبووری هەولێرە، شام مەجبووری هەولێرە، بەغداو تاران مەجبووری هەولێرن، هەولێر مەجبووری ئەوان نییە، ئەگەر بتوانین ئەو هێزە لەپێناو دیالۆگ و پرۆسەی چارەسەری بەکاربهێنین، نەک تەنیا سوودی بۆ کورد دەبێت، بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی دەبێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە پێشیوایە “ئەگەر گەلی کورد بە ئازادی نەگات، مومکین نییە گەلانی تورک و عەرەب و فارس بە ئازادی و ئاشتی بگەن، لەو بڕوایەشدام رۆڵی حکومەتی باشووری کوردستان هونەری پردی ئاشتییە، هیوادارین ئەم رۆڵە ببینن و لەو پێناوەشدا هەرچییەک بکەوێتە سەرشانی ئێمە ئامادەین”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
