شێخ شامۆ:پشتى نەمانا داعش ئەمریکا دێ پرسا پهكهكێ ل شنگالێ ئێكلا كت
باسنيۆز:
پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، گفتوگۆی ئەمەریکا و عێراق لەسەر کۆتایی پێکهێنانی پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستان و شنگال خراوەتە باسەوە و بڕیارە دوای شەڕی داعش ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە.
شێخ شامۆ، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و حکوومەتی عێراق دەکەین، لەبارەی کۆتایی هێنان بۆ پرسی مانەوەی پەکەکە لە شنگال و لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان”.
ڕوونیشی کردەوە: “ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە کاتیەتی پرسی پەکەکە یەکلا بکاتەوە، دوای نەمانی داعش ئەمریکا ئەو پرسە یەکلا دەکاتەوە، ئەمریکا دەیەوێت ئەو پرسە لەگەڵ نەمانی داعش چارەسەر بکات”.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی نەشاردەوە کە هاتنە سەر هێڵی ئەمریکییەکان، پەیوەندی بە سیاستەکانی مالیکییەوە هەیە کە دەیەوێت بە هاوکاریی پەکەکە پێگەیەک لە شنگال دروست بکات.
شێخ شامۆ ئەوەشی خستە ڕوو: “گفتوگۆی ئەمریکا و عێراق لەسەر ئەو پرسە زۆر گرفت لە شنگال چارەسەر دەکات، چونکە پەکەکە لە شنگال وەک کیانێک خۆی ناساندووە”.
پێشتر کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بە هەفتەنامەی (باس)ی ڕاگەیاندبوو کە ئەمریکا پارتی کرێکارانی کوردستان (PKKK)ی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە و نابێ ھێزەکانی پەکەکە لە شنگالدا ھیچ ڕۆڵێکیان ھەبێت، چونکە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئاشتەوایی و گەڕانەوەی ئاوارەکاندا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
