نوونەرێن کوردێن ئێزدی و شەبەک: “پێتڤيه دەشتا نەینەوا ببته پارێزگهه”
دەشتی نەینەوا -KDP.info-![]()
کوردانی ئێزدی و شەبەک لە دەشتی نەینەوا دەیانەوێت دەشتی نەینەوا ببێت بە پارێزگا و سەر بە هەرێمی کوردستان بێت. دەشڵێن، ئەوان ئامادەن ڕیفراندۆم لە ناوچەکانیان بکرێت و پشتگیری لە سەربەخۆییی کوردستان دەکەن.
دەشتی نەینەوا، کە ژمارەیەکی زۆر کوردانی ئێزدی و کوردانی شەبەک و مەسیحی و عەرەب و تورکمانی لێ دەژیان، لە سێ قەزا پێک دێت؛ شێخان، بەرتلە و حەمدانییە. کە کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی ئەو سنوورە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس دەبوون، بەڵام بەهۆی هاتنی تیرۆریستانی داعشەوە ئێستا دیار نییە چەند کەسی لێ دەژی، چونکە زۆربەی دانیشتوانی دەشتی نەینەوا ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە.
نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق، (سالم شەبەک)، بۆ ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ”مکوڕین لەسەر ئەوەی کە دەبێ دەشتی نەینەوا بکرێتە پارێزگا و سەر بە هەرێمی کوردستان بێت، ئێمە پاڵپشتی لە سازدانی ڕیفراندۆم لە دەشتی نەینەوادا دەکەین و پشتگیری لە سەربەخۆییی کوردستان دەکەین و دەمانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی کوردستاندا بین.”
(سالم شەبەک) دەڵێت: ”خۆ بە گوێرەی دەستووری عێراق هەرتاکێک مافی ڕەوای خۆیەتی کە چارەنووسی خۆی هەڵبژێرێت، ئێمە دەمانەوێت سەر بە هەرێمی کوردستان بین، چونکە لەگەڵ هەرێمدا پارێزراوین و ئیدی نامانەوێت کارەساتێکی دیکە لە ناوچەکانماندا بقەومێت.”
دەشتی نەینەوا لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە باکووری مووسڵ و بەرە و باکووری ڕۆژئاوای مووسڵ درێژ دەبێتەوە؛ دەشتەکە دەکەوێتە نێوان ڕووباری دیجلە و زێی گەورەوە. کوردانی ئیزدی، کە لە دەشتی نەینەوادا دەژین، هاوڕا لەگەڵ کوردانی شەبەک لەگەڵ ئەوەدان دەشتی نەینەوا ببێ بە پارێزگا و سەر بە هەرێمی کوردستان بێت، هەروەک (شەریف سلێمان)، کەسایەتیی کوردانی ئێزدی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ”لە دوای پارێزگاربوونی شنگال، پارێزگابوونی دەشتی نەینەواش یەکێکە لە کارە هەرە گرینگەکان، بەڵام پێویستە پارێزگای ئەم دەشتە لەسەر بنەمای جوگرافیایی و ئایینی و سیاسی دروست بکرێت. کوردانی ئێزدی لەگەڵ ئەوەدان، کە دەشتی نەینەوا بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و پێشوەختەش ئامادەین بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بکرێت و پشتگیریش لە سەربەخۆییی کوردستان دەکەین، چونکە نامانەوێت لەگەڵ عێراقدا بین.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
