هۆزێن ئهرهبێن مووسلێ پشتگیریا خۆ بۆ ریفراندۆمێ دووپات کر
مووسڵ-KDP.info-
گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ھۆزە عەربەکانی مووسڵ بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و تێیدا دژایەتیی خۆیان بۆ ھەندێک سیاسەتی ھەڵەی بەغدا ڕاگەیاند.
هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا، کە ژمارەیان تا ٣٠ هۆز دەبێت، ئەمڕۆ لە گردبوونەوەیەکدا نیشانیان دا، کە ئەوان لەگەڵ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستاندان. گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی نەینەوا، (مزاحم ئەلحویت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ وەکو ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ گردبوونەوەیەکمان ئەنجام دا دژی ھەندێک سیاسەتی ھەڵەی بەغدا، کە بەکرێگیراون لە لایەن وڵاتانی جیران و ئەجیندانی شۆڤێنیی ئەوان جێبەجێ دەکەن، ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی مووسڵ بکەوێتە دەست داعش.”
(مزاحم ئەلحویت) گوتی: ”ھەتا دوێنێ لە بەغدا خەڵکی کوردستانیان دەکوشت لەسەر ناسنامەکەیان و دواتر بوودجەی ئەوانیان بڕی، بوودجەی پێشمەرگەشیان بڕێ، کە داعشی تێکشکاند، بۆیە ئێمە ئەو گردبوونەوەیەمان ئەنجام دا بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆم، کە بڕیارە لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، چونکە کورد مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.”
هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا کە داعش دەستی بەسەر مووسڵدا گرت، دەرگای بۆ ئاوارەکان کردەوە و دواتریش هێزی پێشمەرگە توانی ئوستوورەی داعش بشکێنێ و لە شەش لاوە دەوری مووسڵ بدات، ئەمەیش وای کرد کە داعش لە مووسڵ لاواز بێت و دواتریش بەو هۆیەوە بوو کە توانرا مووسڵ ئازاد بکرێت.
(ئەلحوێت) دەڵێت: ”ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانە و کاتێک مووسڵ کەوتە دەست داعش، ملیۆنێک و٥٠٠ ھەزار ئاوارەی عەرەب ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کرد و دەرگایان بۆ واڵا کرا، لەکاتێکدا بەغدا دەرگای لەسەر ئێمە داخست.”
گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ ڕاشیگەیاند: ”بە ھەزار عەرەب خۆمان خۆبەخش کردووە بۆ پارێزگاریکردن لە سنوورەکانی کوردستان، کە بە خوێنی ھەزار و٧٠٠ شەھید نەخشێندراوە، بۆیە ئێستا ناوچەکانمان سەقامگیریی بۆ گەڕاوەتەوە و ڕێگەش نادەین حەشدی شەعبی لەو سنوورانە نزیک ببنەوە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
