ساخلهميا جیهانی: دبت 97 ملیۆن کەس ژ مرنێ بێنه رزگاركرن!
رووداو-سلێمانی
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ بۆ ئەوەی پلانی تایبەت بە رزگارکردنی ژیانی خەڵکی تاکو ساڵی 2030 جێبەجێبکرێ، پێویست بەوە دەکات لەلایەن بەخشەران و حکومەتەکانی جیهانەوە ساڵانە 371 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکرێ لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە ستراتیجییە؛ لەسەر بنەمای ئەوەی بۆ هەر مرۆڤێک ساڵانە پیویستیان بە 58 دۆلارە.
بەپێی راپۆرتێکی نوێی رێکخراوەکە، ئەگەر بەخشەران بە باشترین شێوە هاریکارییەکان پێشکەشبکەن، ئەوە تاوەکوو ساڵی 2030 دەتواندرێ ژیانی 97 ملیۆن کەس رزگاربکرێ، مردنی پێشوەختە کەمبکرێتەوە و لە هەندێک وڵات تێکڕای تەمەنی مرۆڤ 8.4 ساڵ درێژبکرێ.
تەندروستی جیهانی دەڵێ زۆربەی وڵاتەکان دەتوانن بەشی خۆیان ببەخشن و پلانەکان لەنێو سنوورەکانی خۆیان پیادە بکەن، بەڵام وڵاتانی هەژار پێویستیان بە هاریکارییە و دەبێ پارەیان پێببەخشرێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە تەندروستییانە.
ساڵی 2015 رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی (SDG) تەندروستی راگەیاند، کە بەو پێیە وڵاتان تاکو ساڵی 2030 بە مەبەستی بەدیهێنانی جیهانێکی تەندروستانەتر و ئارامتر و دادپەروەرانەتر، 17 ئامانج جێبەجێدەکەن و 169 دەستکەوتیان دەبێ.
لە راپۆرتە نوێیەکەدا هاتووە کە 85%ی تێچووی پلانەکە دەکرێ لەلایەن حکومەتە نیشتیمانییەکانەوە بۆ هاووڵاتییەکانیان خەرجبکرێ، بەڵام 32 دەوڵەتی هەژاری جیهان ئەو کارەیان پێناکرێ و دەبێ وڵات و رێکخراوەکان دەستی هاریکارییان بۆ درێژبکەن.
لە چوارچێوەی ئەو پلانە ستراتیجییەدا دەبێ پارە دابینبکرێ بۆ کڕینی چەندین دەرمان، پێکوتە و پێداویستی دیکەی پزیشکی، هەروەها بودجە تەرخاندەکرێ بۆ چەندین مەشق و هەڵمەتی تەندروستی.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
