ئهمریكا سەربازگەههكا “هەمیشەیی” ل نێزیكى زوممارێ د دانێت
روودەاو – دهۆک
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیكەی مانگێكە سەرقاڵی دروستكردنی سەربازگەیەكی گەورەیە لە ناوچەی زوممار لە باكووری رۆژئاوای مووسڵ و ئێستا نزیكەی 300 چەكی قورسی لێدانراوە. بەرپرسێكی ناوچەكە دەڵێ قسە لەگەڵ خاوەن ئەو زەوییانە كراوە كە سەربازگەكەی لەسەر كراوە، دەستبەرداری زەوییەكانیان بوون، چونكە سەربازگەكە دەبێتە هەمیشەیی، بەرپرسێكی ئەمنیی ناوچەكەش دەڵێت بوونی ئەو سەربازگەیە دڵنیایی زیاتر و ئارامی دەبەخشێتە ناوچەكە.
ئەو سەربازگەیە دەكەوێتە گوندی كارێز لە ناحیەی زومماری سەر بە قەزای تەلعەفەر، تاوەكو ئێستا 60%ی سەربازگەكە تەواو بووە و نزیكەی 120 سەربازی ئەمریكی و 300 تۆپی دوورهاوێژ و چەندین جۆرە چەكی تێدایە. زۆربەی كات بەو تۆپانە چەكدارانی داعش لە تەلعەفەر بۆردومان دەكەن.
حەسەن خەلۆ عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی لە زوممار كە خۆی خەڵكی گوندی كارێزە و ئاگاداری دروستكردنی ئەو سەربازگەیەیە، بە (رووداو)ی گوت “ئەمریكییەكان بەر لەوەی دەست بە دروستكردنی سەربازگەكە بكەن، لەگەڵ خاوەنی ئەو زەویانەی سەربازگەكەی لەسەر دروستدەكرێ و موختاری گوند قسەیان كرد، پێیانڕاگەیاندن كەس زیانی بەرناكەوێت و هەمووتان قەرەبوو دەكرێنەوە”.
حەسەن هەندێك زانیاری لەبارەی فڕۆكەخانەكە ئاشكرا كرد و گوتی “سەربازگەكە لەسەر نزیكەی 20 دۆنم زەوی دروستكراوە و فڕۆكەخانەیەكی بچووكی تێدایە و بەردەوام هەلیكۆپتەری لێ دەنیشێتەوە و هەڵدەستێ”.
هەروەها گوتی: “هەرچەندە چوونە ژوورەوەی ئێمە و خەڵكی گوند بۆ نێو سەربازگەكە بە هەموو شێوەیەك قەدەخەیە، بەڵام بە رێگا تایبەتەكانی خۆمان زانیاریمان هەیە كە 120 سەرباز لە سەربازگەكەن، لەگەڵ 300 تۆپی دوورهاوێژ و كاتیۆشا و چەندین جۆری چەكی دیكەی قورس. سەربازەكان نزیكەی هەفتەیەكە مۆڵگەكانی داعش لە تەلعەفەر و دەوروبەری بۆردومان دەكەن”.
رۆژی 20/8/2017 حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند و گوتی “حەشدی شەعبی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار دەبێت”.
هێزەكانی ئەمریكا تاوەكو ئێستا چوار سەربازگەیان لە باشووری كوردستان هەیە و سەربازگەی زوممار دەبێتە پێنجەم سەربازگە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە زوممار باسی گرنگیی ئەو سەربازگەیەی بۆ ناوچەكە كرد و گوتی “دامەزراندنی ئەو سەربازگەیە لە زوممار دڵنیایی زیاتر دەداتە بەرقەراركردنی ئارامی لە ناوچەكانی زوممار و شنگال، چونكە هەر شوێنێك ئەمریكا سەربازگەی تێدا دانا، مەحاڵە رێگە بدات زیانی پێبگات، بۆیە ئەوە دڵنیاییەك دەداتە ناوچەكە”.
سەرچاوەی سەربازییەكە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، زانیاریی زیاتری لەبارەی كردنەوەی ئەو سەربازگەیە ئاشكرا كرد و گوتی: “ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە رێكەوتوون بۆ كردنەوەی ئەو سەربازگەیە و گرێبەستێكی فەرمی لە نێوانیاندا هەیە لەسەر شوێن و ئەركی ئەو سەربازگایە، بۆیە ئەو سەربازگەیە دەبێتە هۆی گێڕانەوەی ئارامییەكی تەواو بۆ ناوچەكە”.
گوتیشی: “ئەمریكا لەڕێی ئەو سەربازگایە دەتوانێت زانیاریی هەواڵگری سەرجەم ناوچەكانی رۆژئاوای دیجلە و هەتا ناوەندی تەلەعفەریش بگەیەنێتە ناوەندی هەواڵگریی ئەمریكا، هەر شتێك لە پلانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەربچێ، ئەمریكا راستەوخۆ تەدەخول دەكات”.
هەر لەوبارەوە سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند “ئەو سەربازگەیە زیاتر وەكو سەربازگەیەكی پشتیوانی دەبێ و بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی تەلعەفەر دانراوە، لەوێ بە چەكی قورس هاوكاریی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن”.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو بنكە سەربازیانەی ئەمریكا كە لە كوردستان هەن، گوتی “لە هەولێر ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەیە، هێزەكانی ئەمریكا لێی جێگرین، لە هەریر و نزیك خازریش بنكەی سەربازییان هەیە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
