رێنمایێن نوو بۆ پێدانا مووچێ چاڤدێريا کۆمەلایەتی دئێنه دهركرن
باسنيوز:
بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات، کە لەئێستا لێژنەیەکی پەیوەندیدار سەرقاڵی داڕشتنەوەی ڕێنمایی تازەن بۆ پێدانی مووچەی چاودێری خێزان بەوانەی کە شیاون.
ھەمزە مەغدید، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسینوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ھاتنی قەیرانی دارایی و لێکۆڵینەوەمان لەوانەی کە مووچەی چاودێری خێزان وەردەگرن کە 81 ھەزار ھاووڵاتی بوون، بۆمان دەرکەوت کە زۆرێکیان شیاوی پێدانی ئەو مووچەیە نین بەو پێیەی بار و گوزەرانیان باشە”.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەوەشی روون کردەوە: “بەو ھۆیەوە بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مووچەی تێکڕای ئەو کەسانە وەستا کە بڕەکەی 150 ھەزار دینار بوو، بۆ ھەر مووچەخۆرێک کە لە ھەر مانگێکدا حکوومەتی ھەرێم بڕی (14) ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکرد”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: “لەئێستا لای ئێمە نیەتێک ھەیە بۆ دەستکردنەوە بە پێدانی ئەو مووچەیەی چاودێری خێزان، بۆ ئەو مەبەستە داوکاریمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕێی ڕەزامەندیان دەکەین، ھاوکات لەلایەن لێژنەیەکی تایبەت و پەیوەندیداریشەوە سەرقاڵی داڕشتنەوەی چەند ڕێنماییەکی تازەین بۆ پێدانی مووچەی چاودێری خێزان”.
دەربارەی ئەو مەرجانەی دەیکەنە بنەمای داڕشتنی ڕێنماییە تازەکان، ھەمزە مەغدید، بۆ (باسنیوز)، گوتیشی: “گرنگترین ئەو مەرج و ڕێنماییانە بریتین لە ڕەچاوی باروگوزەرانی ئەو کەسەی مووچەی چاودێری خێزانی پێدەدرێت، ھەروەک نابێت مووچەی دیکەی ھەبێت، ھاوکات نابێت خاوەن خانوو، شوقە و دوکان بێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی چەند ماڵێک کراوە کە پێشووتر مووچەکەیان پێدراوە بۆ ئەوەی لە داڕشتنی ڕێنماییەکان پشتی پێ ببەسترێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
