ئامێرێ پێوانەکرنا ئازارێ هاته داهێنان
رووداو-سلێمانی
تیمێکی زانستیی ئەمریکی پرۆگرامێکی کۆمپیوتەریی درووستدەکەن کە دەتوانێ دەستنیشانیبکات ئاخۆ نەخۆش بەڕاستی ئازاری هەیە، یاخود ئازاری نییە و بە هەندێک مەبەستی تایبەت خۆی وەک نەخۆش پێشاندەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئازاری هەیە.
جێفری کۆهن لە زانکۆی پیتسبێرگی ئەمریکا دەڵێ “ئەم پرۆگرامە ئەلیکترۆنییە یاریدەی پزیشک دەدات لەوە تێبگات ئاخۆ کەسەکە بەڕاستی ئازاری هەیە، یان ئازاری نییە و خۆی وەها پیشاندەدا کە ئازارێکی زۆر دەچێژێ، سەرەنجام پێتدەڵێ ئاخۆ ئەم کەسە پێویستی بە دەرمانی بەهێزی دژە ئازار هەیە کە نازانستییانە بەکارهێنانی دوورنییە ببێتەهۆی ئالوودەبوون”.
ماڵپەڕی زانستیی “نیو ساینتیست” لە زاری دیانبۆ لیۆ، سەرۆکی تیمە توێژەرەکەوە دەڵێ هەرکەسە بەجۆرێک ئازارەکەی دەردەبڕێ و شێوازێکی تایبەت و یەکگرتوو بۆ هەمووان نییە، بۆیە بۆ پزیشک ئاسان نییە ئەوە بخەمڵێنێ ئاستی راستەقینەی ئازاری نەخۆشەکەی چەندە.
لیۆ و تیمە زانستییەکەی لە ئەنستیتۆی تەکنۆلۆجی ماساچیوسیتس لە ئەمریکا پرۆگرامێکی ئەلیکترۆنییان درووستکرد بۆ زانینی ئاستی راستەقینەی ئازاری مرۆڤ. پرۆگرامەکە پشت بە چەندین گرتەی ڤیدیۆیی دەبەستێ کە تێیاندا چەندین کەس لە باری ئازاردا وێنەیان گیراوە.
لە بارکردنی گرتە ڤیدیۆییەکاندا بۆ سەر کۆمپیوتەرەکە، چەندین هۆکار بە هەند وەرگیراون، وەکوو؛ تەمەن، رەگەز و رەنگی پێستی کەسەکە.
پرۆگرامەکە زۆرتر لە 85%ی ئەو حاڵەتانە دەستنیشاندەکات کە ئازاریان نییە و وەها لای پزیشک خۆیان دەنوێنن کە ئازاریان هەیە. توێژەرەکان هۆشداریدەدەن کە ئامێری لەم جۆرە جێگەی پزیشک ناگرنەوە، بەڵکو یاریدەی پزیشکان دەدەن لە دەستنیشانی ئەو کەسانەی بە مەبەستی جۆراوجۆر نمایشی هەبوونی ئازار دەکەن لە بەردەم پزیشکدا.
لە ئەمریکا ئالوودەبوون بە ئازارشکێنە بەهێزەکان (ئۆپیۆیدەکان) بووەتە گرفتێکی گەورە و بە رێوشوێنی جیاواز هەوڵی رووبەڕوبوونەوەی دەدرێ.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
