شبكة لالش الاعلامية

رێڤه‌به‌رێ نڤيسينگه‌هێن حكومه‌تێ ل ده‌رڤه:نوونەرایەتیێن مه‌ دبنە بالیۆزخانە

رێڤه‌به‌رێ نڤيسينگه‌هێن حكومه‌تێ ل ده‌رڤه:نوونەرایەتیێن مه‌ دبنە بالیۆزخانە

باسنيوز:

رێبین ئازاد تۆفیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەدەرەوە، کە سەر بە فەرمانگەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا چەند پرسێکی گرنگی دیبلۆماسی و پەیوەندییەکانی دەرەوە روون دەکاتەوە.

سەرەتا ئاماژەی بەوەدا: ”حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٤ نوێنەر و نوێنەرایەتیی لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوستڕالیادا ھەیە، ئەوانیش لە ھەر یەک لە وڵاتەکانی ئوستڕالیا، نەمسا، (بەلجیکا) یەکێتی ئەوروپا، فەرەنسا، ئەڵمانیای فیدڕاڵ، ئێران، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، رووسیا ، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، بەریتانیا، و ئەمەریکا.”

ئاشکراشی کرد: ”بەپێی رێنماییەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسی فەرمانگە، کار بۆ کردنەوەی چەند نوێنەرایەتییەکی دیکەی حکوومەتی ھەرێم لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئاسیا کراوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، کە ژمارەیان ٣٦ نێردەی دیپلۆماسییە، بەڵام قەیرانی دارایی و شەڕی داعش کاریگەریی کردووە لە کردنەوەی نوێنەرایەتیی تازە لەدەرەوە“.

رێبین ئازاد تۆفیق، کە ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ھەیە، روونی کردەوە، ئەو نوێنەرایەتییانەی حکوومەت سوودی زۆریان ھەیە، لەوانە بەردەوام کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنە و ھەمەلایەنەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕووی سیاسی، بازرگانی، وەبەرھێنان، پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی، کولتووری و زەمالاتی خوێندن و چارەسەرکردنی بریندارانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.

زیاتر گوتیشی: ”نوێنەرانی حکوومەت و نوێنەرایەتییەکان پێگەیەکی تایبەتیان ھەیە و پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ وڵاتان و دامەزراوە دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکاندا ھەیە، خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر پێشکەش بە رەوەندی کوردستانی و ھەروەھا ئەو کۆمپانیا و کەسە بیانییانە دەکەن، کە دەیانەوێت سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ نموونە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتڕاستکردنەوەی ئەو بڕوانامانەیەی کە قوتابییانی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوە بەدەستیان دەھێنن، دەرکردنی بریکارنامە و بەڵگەنامە یاساییەکانی دیکە و پشتڕاستکردنەوەیان بۆ کۆمپانیاکان و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، کە دانیشتووی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانن.

یەکێک لە کارەکانی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە کارئاسانییە بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانە بیانییانەی دەیانەوێت سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ کاری بارزگانی و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لە ڕێگەی دابینکردنی ڤیزەی ھەرێمی کوردستان و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان بەپێی ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی، کە دامەزراوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەریان کردووە، کە ئەمەش بۆ ڕێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بە ھەمان شێوەیە“.

جەختیشی کردەوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین شاندی سیاسی و پەرلەمانی و بازرگانی و چەند شاندی دیکە لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانەوە سەردانی کوردستانیان کردووە بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون و بینینی پێشکەوتنەکان لە بوارە جیاوازەکان و بارودۆخی ئارام و سەقامگیری ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ”نوێنەرایەتییەکانمان ھاوکاریی زۆر باشی شاندە فەرمییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، لە کاتی سەردانەکانیان بۆ دەرەوە لە ڕێگەی ڕێکخستنی دیدار و پێدانی ڕێنوێنی و زانیاریی پێویست دەربارەی سەردانەکە“.

ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاشکراشی کرد: ”لە ڕێگەی ئەو نوێنەرایەتییانەوە فۆڕمی تایبەت بۆ ئەو مووچەخۆرە یاساییانەی حکوومەت، کە دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن، پڕ دەکرێتەوە، ئەوانەی لە ماوەی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆران نەیانتوانیوە بە هەر ھۆکارێک بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و لەو سیستەمە تازەیەدا خۆیان تۆمار بکەن، دواتریش ئەم زانیارییانە لە لایەن نوێنەرایەتییەکانەوە بۆ لیژنەی باڵای تۆماری مووچەخۆرانی حکوومەت ڕەوانە دەکرێت، لە قۆناخی داھاتوودا پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریی بۆ ئەوانەی کە فۆڕمەکەیان پڕ کردووەتەوە و لیژنەی باڵا پەسەندی کردووە، ھەر لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەمەش خزمەت و کارئاسانییەکی دیکەیە بۆ رەوەندی کوردستانیی لەدەرەوە“.

بەڕێوەبەری نووسینگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەدەرەوە راشی گەیاند، کار دەکەن بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جیھانی دەرەوە، لەسەر بنەمای ڕێز لێکگرتن و بەرژەوەندیی ھاوبەش، بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی بواری دبلۆماسی و پەیوەندیی کونسوڵگەری: “نوێنەرایەتییەکان لەدەرەوە کە ئامانجیان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانە، پێگەیەکی گرنگ و پەیوەندییەکی باشیان ھەیە لەگەڵ کەسایەتی و دامەزراوەکان و خاوەنی سەنگ و متمانەی تایبەتن، ئەوەش کاریگەریی ھەبووە لە گەیاندنی پەیامی گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ناوەندە جیھانی و نێودەوڵەتییەکان“.

رێبین، ئاماژی بەوەدا، نوێنەرایەتییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاریی مرۆیی بۆ پەناھەندە و ئاوارەکان و ھاندانی ڕێکخراو و دامەزراوە خێرخوازییەکان بۆ یارمەتیدانیان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی ژیان بۆیان، گوتیشی: ”ھەر لە ماوەی جەنگی تیرۆریستانی داعشدا، نوێنەرایەتییەکان ڕۆڵی گرنگیان ھەبووە لە بەدەستھێنانی پشتیوانی و ھاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ڕووی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە سەربازییەکانی دیکە و مەشق و ڕاھێنانی ھێزەکانی پێشمەرگە لەدەرەوە و چارەسەرکردنی بریندارانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەدەرەوە“.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە پرسی ڕیفراندۆم ئەو نوێنەرایەتییانە چەند ڕۆڵیان دەبێ، ئەو گوتی: ”نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم لەدەرەوە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا ڕۆڵی بەرچاویان ھەیە، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە گەیاندنی پەیامی گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیھانی دەرەوە بەگشتی ،چ بە شێوەی نووسراو یان لە دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حکوومەتی ئەو وڵاتانە، کاری باش دەکەن بۆ بەدەستھێنانی پشتیوانیی بۆ پرۆسەکە و ھاندانی دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکانی بیانی و نێودەوڵەتی و چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ بەشداریکردن لە چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی راپرسی، نوێنەرایەتییەکان ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان دەبێ لە ھۆشیارکردنەوە و ھاندانی رەوەندی کوردستانی لەدەرەوە بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان بۆ بەشداریی لە دەنگدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی“.

رێبین ئازاد رای دەگەیەنێت: ”ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دوای ڕاگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان نوێنەرایەتییەکان لەدەرەوە پێگەی دبلۆماسییان دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی باڵاتر بۆ باڵیۆزخانە، ھەروەھا ڕەنگە لە ھەندێک شارەکانیش لە وڵاتان بەپێی پێویستی و ئاستی پەیوەندییەکان و بوونی ڕەوەندی کوردستانی لەو وڵاتانە، کونسوڵگەری یان کونسوڵگەریی گشتییش بکرێتەوە، لەم پرۆسەیەشدا ڕەچاوی ھەردوو ڕێککەوتننامەی ڤیەننای ساڵی ١٩٦١ بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە کونسوڵگەرییەکان ساڵی ١٩٦٣ دەکرێت وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەداھاتوودا، پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ جیھانی دەرەوە دەباتە ئاست و قۆناخێکی دیکەی باڵاتر.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

سه‌رۆك بارزانی: ئافره‌تێ رۆله‌كێ مەزن  دخەبات و قوربانیدانا گەلێ كوردستانێ دا هەبوو

Lalish Duhok

مەسروور بارزانی:پێشمەرگە پێتڤی چەكێ‌ زێدەترە

Lalish Duhok

“هێزێن عێراقی نیازا هێرشکرنێ هەیە و پێشمەرگە ژى د ئامادەباشیێ دایە”

Lalish Duhok