عێراق هێزێن خۆ زێده دکت و پێشمەرگەى خۆ بۆ هەموو ئەگەران ئامادە دکت
گولان:
فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک بەرەی پردی، ئاشکرای کرد کە هێزەکانی عێراق و میلیشیاکان لە چەند ناوچەیەکی هێڵی تەماس لەگەڵ پێشمەرگە، هێزەکانیان زیاد کردووە و کامێراش بۆ چاودێریکردنی جووڵەی پێشمەرگە دانراوە، بەڵام ئەو هێزانەی هێندراون بەهێز نین و ئالیەتی پێویستیان نییە، پێشمەرگەش خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە.
دکتۆر کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک بەرەی پردی لەسەر گۆڕانکاری و زیادکردنی ھێزە عێراقییەکان لە ناوچەکاندا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠١٧/١٢/١٠ەوە دوو فەوجی یەک و دووی فریاکەوتنی خێرا لە ناوچەکانی (نەسر)، (گویزات)، (تل شەعیر) و (سولتان عەبدوڵا) جێگیر کراون، ھەروەھا ھەمان ڕۆژ ھێزەکانی دوژمن لەسەر تەنکییە بەرزەکەی ناو (پردێ)وە سێ کامێرای چاودێرییان لە بەرەی باکوور، ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای جەبھەی پێشمەرگەوە داناوە، بۆ ئەوەی ئاگاداری جووڵە و ھاتنی ھێزەکانی پێشمەگە بن”.
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک – جەبھەی پردێ لە وەڵامێکی پرسیاری (باسنیوز)دا لەسەر ئەوەی ئایا ھێزی پێشمەگەری کوردستان لەو ناوچانەی پێی دەوترێ ھێڵی تەماس ھێزی زیاد کردووە؟، گوتی: “ئێمە ھەمیشە لە ئامادەباشی داین و پێش دوو بۆ سێ ڕۆژ، عێراق گۆڕانکاریی لە ھێزەکانی لە سنووری مەخموور کردووە، پێشتر تەنیا لیوایەک لەو ناوچانەدا ھەبوون، بەڵام ئەو لیوایە ئێستا ڕۆیشتووە و لیواکانی 12 و 9ی سەر بە فیرقەی سێی عێراق لە مەخموور جێگیر کراون و ئەو ھێزەی ھێنراوە، ئەوەندەش بەھێز نییە کە بگوترێ ھەموو ئالییەتێکی سەربازییان ھەیە”.
کەمال کەرکووکی لەد درێژەدا ئەوەشی خستە ڕوو: “کە لیوای سێی عێراق کە بەشێکن لە هێزەکانی سوات، بارەگاکەیان بۆ گوێڕ گواستووەتەوە و لەوێدا جێگیر بوون”.
پاش خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی 20ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو لە نزیک شارۆچکەی پردێ لە نێوان هەردوو شاری هەولێر و کەرکووک، داستانێکی مێژوویی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆمار کرا و هێرشێکی گەورەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پشتیوانیی گرووپێکی چەکداریی ناوخۆیی و سەرپەرشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، تێکشکێنرا و سەدان چەکداری میلیشیاکان کوژران.
دواتریش ڕۆژی 26ی ئۆکتۆبەری 2017 و لە شەڕێکی فراواندا لە سەرجەم بەرەکانی پردێ، مەخموور، مەحموودییەی ڕۆژئاوای مووسڵ، پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و میلیشیاکانی عێراق رووی دا و لە سەرجەم میحوەرەکاندا هێزە عێراقییەکان نەیانتوانی تەنانەت چەند مەترێکیش لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان نزیک ببنەوە و زیانێکی یەکجار گەورەشیان پێگەیەندرا. بەو هۆیەشەوە چاودێران جەختیان لەوە کردەوە کە ئەگەر خیانەتی گرووپەکەی 16ی ئۆکتۆبەر نەبووایە، هەرگیز پێشمەرگە خورماتوو، خانەقین و کەرکووکی لەدەست نەدەدا.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
