تۆمارا دەنگدەران مهزنترين ئاستەنگه بەردەم هەلبژارتنا
رووداو- هەولێر
حیزبەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، زۆربەشیان پێیانوایە لەمپەری بەردەم هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەرانە كە ناوی دووبارە و مردووی تێدایە.
دەبووایە رۆژی 6/11/2017 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچن، بەڵام بەهۆی كێشەی سیاسی و تەكنیكی، هەروەها نەبوونی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، بەڕێوەنەچوو، تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ دوو خولی هەڵبژاردن درێژكرایەوە.
هێمن ئەسكەندەر، ئەندامی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت حیزبەكان لەسەر دوو پرس ناكۆكن، یەكەمیان تۆماری دەنگدەران، دووەمیان كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان كە هێشتا گفتوگۆی جدی و راشكاوانە لە نێوانیان نەكراوە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دوو پرسەی بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەكە”.
بەڵام یاریدەدەری بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت كێشەكانی زۆنی سەوز رێگرن لەبەردەم هەڵبژاردن، ڤیان سابیر گوتی: “باشترین دەرچە بۆ ئەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق، چونكە حكومەتی عێراق جدی نییە لە چارەسەركردنی كێشەكان”.
یاریدەدەری بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیارینەكردنی رۆژی هەڵبژاردن بۆ رووداوەكانی پاش 16ی ئۆكتۆبەر و نەگەیشتنە رێككەوتنی لایەنەكان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ: “هەندێك فاكتەری ناوخۆیی گرێدراو بە پارتەكانی زۆنی سەوزیش رۆڵی هەبووە”.
ئەگەرچی بە فەرمی هیچ لایەنێك داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی نەكردووە، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی باشووری كوردستان لەگەڵ بە پەلە ئەنجامدانی پرۆسەكە نین، لە پێش هەمووشیانەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان. پێشتر فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاندبوو “مادام ماوەی پەرلەمان بۆ هەشت مانگ درێژكراوەتەوە، مانای وایە هەڵبژاردن ئەو رۆژە ئەنجام دەدرێ كە تەمەنی درێژكراوەی پەرلەمان كۆتایی دێ”.
بەڵام پەرلەمانتار خەلەف ئەحمەد لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت “ئەگەر لایەنەكان رێكبكەون ئێمە دەتوانین لە پەرلەمانی كوردستان هەمواری یاسای درێژكردنەوەی خولی پەرلەمانی بكەین و هەڵبژاردنەكان بهێنینە پێش”.
ناوی مردووان
كۆمیسیۆن بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان كردووە لیستی ناوی مردووانیان بۆ رەوانە بكات. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی كە دراوەتە (رووداو)، لە چوار ساڵی رابردوودا 75 هەزار و 305 كەس لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك مردوون كە نزیكەی 33 هەزار كەسیان تەمەنیان لە نێوان یەك مانگ تاوەكو 5 ساڵی بووە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان متمانەی بەو تۆمارە نییە.
كاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە (رووداو)ی راگەیاند: “زۆرینەی بزووتنەوەی گۆڕان متمانەیان بەو حكومەت و كۆمسیۆنە نییە كە لەژێر سایە و سەرپەرشتیی ئەوان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێ، بۆیە تاوەكو تۆماری دەنگدەران پاك نەكرێتەوە ئێمە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نین”.
كاروان هاشم دەڵێ ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان بە راپۆرت زانیاری لەسەر ناوی دووبارە و وەهمی و مردوو بە كۆمیسیۆن داوە “بەداخەوە هیچیان نەكردووە، راستە كۆمیسیۆن بە تەوافوق دیاریكراوە بەڵام هەژموونی پارتی لەسەری دیارە”.
خەلەف ئەحمەد، ئاشكرای كرد لە پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی بانگهێشتكردنی كۆمسیۆن كراوە بۆ ئەوەی لەسەر پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران پرسیاری ئاراستە بكرێت.
جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و راپرسی بە (رووداو)ی گوت: “ئەگەر لایەنەكان رێكبكەون و بودجەمان بۆ دابین بكرێ و كۆدەنگی لەسەر تۆماری دەنگدەران هەبێت، دەتوانین لە ماوەی 50 رۆژدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەین”.
گوتیشی: “تۆماری دەنگدەران كاری زۆری دەوێت تا پاك دەكرێتەوە و دەبێتە مایەی رەزامەندیی سەرجەم لایەنەكان”.
پێشنیازێكی نوێ بۆ كۆمیسیۆن
ئێستا پێشنیازێك هەیە كۆمیسیۆن پشت بە سیستەمی بایۆمەتریی مووچەخۆران ببەستێ و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ بدرێ، جووتیار عادل گوتی “ئەو پێشنیازە هەیە و زۆریش باشە، بەڵام ئایا حكومەت دەتوانێت لەو ماوەیەدا بایۆمەتری بۆ ئەوانە بكات كە مووچەخۆر نین؟ بەپێی زانیاری خۆم ئەو پرۆسەیە شەش مانگی دەوێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
