شبكة لالش الاعلامية

په‌يڤدارێ دادگه‌ها نێڤ ده‌وله‌تى:هیچ ئەگەره‌ك نینە بۆ ڤه‌كۆلينێ ژ كەیسا ئێزدیان

په‌يڤدارێ دادگه‌ها نێڤ ده‌وله‌تى:هیچ ئەگەره‌ك نینە بۆ ڤه‌كۆلينێ ژ كەیسا ئێزدیان

رووداو – نیویۆرك

فادی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (هەفتەنامەی رووداو) باسی شێوازی كاركردنی دادگاكەیان دەكات و دەڵێت ئەوان تەنیا لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە دەكەن كە لە وڵاتانی ئەندامی دادگاكە ئەنجامدراون، بەڵام لەسەر داوای ئەنجوومەنی ئاسایش یان وڵاتانی دەرەوەی دادگاكەش دەتوانن لێكۆڵینەوە لە تاوان بكەن. بۆیە سەبارەت بە كەیسی ئێزدییەكانی دەستی داعش دەڵێت عێراق ئەندامی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان نییە، ئەوەش مانای ئەوەیە ئێستا هیچ ئەگەرێك نییە بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانانەی داعش، مەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش یان حكومەتی عێراق خۆی ئەو دەسەڵاتەیان بداتێ‌.

بەڵگە نییە كە بیانییەكان بەرپرسیارێتیان لە نێو داعشدا هەبووە

رووداو: دەمەوێ لەوەوە دەستپێبكەین كە بۆ خوێنەرانی (رووداو) روونی بكەیتەوە، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان (ئای سی سی) كێ‌ دادگایی دەكات؟

فادی عەبدوڵڵا: دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان، تەنیا ئەو كەسانە دادگایی دەكات كە لە تاوانی جەنگ و جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تێوەگلاون. دادگاكە لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی دامەزراوە بەناوی بڕیارنامەی رۆما. مەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیار بدات، دەنا دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان تەنیا دەتوانێ لەو تاوانانە بكۆڵێتەوە كە لەسەر خاكی ئەو وڵاتانە كراون حكومەتەكانیان یان هاووڵاتیانیان دەسەڵاتیان داوەتە ئەم دادگایە. خاڵێكی دیكە ئەوەیە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان دادگایەكی هەمیشەییە، واتە تایبەت بە ململانێیەكی دیاریكراو یان ناوچەیەكی دیاریكراو دروست نەكراوە.

هەروەها دادگایەكە كە بە تەواوی رێز لە سەروەریی هەموو وڵاتان دەگرێت. وڵاتان سەربەستن لەوەی دەبنە ئەندام یان نا. بۆ ئەو وڵاتانەی كە ئەندامن، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان تەنیا رۆڵی تەواوكاری دەگێڕێ، واتە بەرپرسیارێتی سەرەكی لە ئەستۆی دەوڵەتاندایە، بەرپرسیارێتی سەرەكی لە ئەستۆی سیستمی دادوەری وڵاتەكان خۆیانە بۆ ئەوەی لەو تاوانانە بكۆڵنەوە كە لەسەر خاكی ئەوان دەكرێن. دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان تەنیا ئەوكات سەرقاڵی كەیسێك دەبێت كە لەسەر ئاستی وڵاتێك هیچ ویستێك نەبێت بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانێك. بەمجۆرە كە گوتم ئەم دادگایە بەتەواوی رێز لە سەروەریی وڵاتان دەگرێت. تەنیا وەك دوا پەناگە رۆڵ دەبینێت بۆ ئەو قوربانییانەی كە هیچ شوێنێكی دیكەیان نییە هانای بۆ بەرن.

رووداو: كاتێك تاوانێك لە وڵاتێكی دیاریكراو دەكرێت، مەبەستم تاوانێكی وەكو جینۆساید یان هەرچەشنە پێشێلكارییەكی گەورەی دژی مافەكانی مرۆڤە، ئەو پرۆسە یاساییانە یان ئەو كەشە سیاسییە چین كە پێویستن بۆ ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێیان بكۆڵێتەوە یان رادەستی بكرێت؟

فادی عەبدوڵڵا :یەكەم شت، وەك دامەزراوەیەكی یاسایی پێویستە لەوە بڕوانین ئاخۆ دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە لەو تاوانانە بكۆڵینەوە یان نا. ئایا ئەو تاوانانەی كە لەسەر خاكی وڵاتێك یان لەلایەن خەڵكی وڵاتێكەوە كراون، ئەو وڵاتە دەسەڵاتی ئەوەی داوەتە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە بكات یان نا؟ ئەگەر وەڵامەكە ئەرێنی بێت، ئەوە ئەو وڵاتەی كە بەشداری رێككەوتننامەی رۆما بووبێت، یان داواكاری گشتی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان بڕیار دەدات بەدواداچوون بكات، بەڵام ئەو تاوانانەی كە لەسەر خاكی وڵاتێك یان لەلایەن خەڵكی وڵاتێكەوە دەكرێن كە ئەندامی دادگاكە نییە، ئەوە تاكە رێگە بۆ رەوانەكردنی كەیسی ئەو تاوانانە بۆ دادگاكەمان لەرێی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت.

دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان سەرباز و چەكداری مەیدانی شەڕ دادگایی ناكات

رووداو: ئەی ئەگەر حكومەتی وڵاتەكە ئەندامی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان نەبێت، بەڵام بۆ كەیسێكی تایبەت گڵۆپی سەوز بۆ دادگاكەتان داگیرسێنێت، ئایا ئێوە كەیسەكە وەردەگرن؟

فادی عەبدوڵڵا: رێی تێدەچێت حكومەتێك رایبگەیەنێت كە قبوڵیەتی دادگاكەمان لێكۆڵینەوە بكات. ئەو حكومەتە پێوەرەكانی ئەو بەدواداچوونە یاساییە دیاری دەكات. بۆ نموونە بڕیاردەدات رێگە بە دادگاكە بدات لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان لەم رێكەوتەوە بۆ ئەو رێكەوتە بكات، بەڵام ئەو حكومەتە ناتوانێ بە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان بڵێ كێ تۆمەتبارە و كێ ئەنجامدەرە و دەبێ كێ سزا بدرێ. ئەوە ئەركی داواكاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكانە، بەپێی بەدواداچوونی خۆی بڕیار دەدات كە كێ تۆمەتبارە، دواتر دادوەر بڕیاری خۆی دەدات. بەڵام بیرۆكەكە ئەوەیە كە بەڵێ رێی تێدەچێت وڵاتێك هەرچەند نەیەوێت ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دەتوانێ بڕیار بدات بەدواداچوونی دادگاكە قبوڵ بكات بۆ ئەو تاوانانەی لەسەر خاكی ئەو ئەنجامدراون لە ماوەیەكی دیاریكراودا.

رووداو: بەو پێیەی ژمارەیەكی زۆر شەڕ و پێكدادان لە جیهاندا هەن، زۆر لایەن بە جینۆساید و كۆمەڵكوژی تۆمەتبار دەكرێن، ئەگەر كەیسێك بخرێتە بەردەستی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان، پرۆسە دادوەرییەكانی ئێوە دەكرێ چ سوودێكیان هەبێت بۆ ئەوەی رێگە لە تاوانی هاوشێوە لەو وڵاتەدا بگرێ؟

فادی عەبدوڵڵا: ئێمە بەوە دەڵێین كاریگەریی پێشگرتن بە تاوان، بۆ ئەوەی ئەوە رووبدات دەبێ چەند خاڵێك بەدی بێن، خاڵی یەكەم ئەوەیە دەبێ دادگاكە هەمیشەیی بێت، واتە پێویست نەكات هێزی دیكە دادگای تایبەت پێكبهێنن بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانی جینۆساید. یان هیوای ئەوە بخوازرێت ئەگەر لە وڵاتێكی دیكە جینۆساید رووبدات دادگایەكی دیكەی بۆ پێكبهێنرێ. نەخێر، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان هەمیشەییە، واتە بەر لە روودانی ململانێكان دادگاكە هەیە. ئەوەش مانای ئەوەیە دادگاكە دەتوانێ پەیام بۆ لایەنەكانی نێو ململانێكە بنێرێ و جەخت بكاتە سەر رێزگرتن لە یاساكان و كۆمەڵكوژی نەكەن.

رووداو: ئەو پەیامە چۆن دەگەیەنن؟

فادی عەبدوڵڵا: بۆ نموونە لەڕێی راگەیەندراوی داواكاری گشتی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان، یان لەڕێی سەردان و كۆبوونەوە بۆ روونكردنەوەی ئەو شتانەی كە لە روانگەی یاساییەوە قبوڵ ناكرێن. واتە ئامادەیی دادگاكە بەر لە روودانی ململانێكان خاڵێكی زۆر گرنگە بۆ رێگری لە تاوان. خاڵێكی دیكە هەماهەنگی و پشتگیری نێودەوڵەتییە بۆ دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان. چونكە كاتێك خەڵك دەبینن دادگاكە پشتگیری زۆری لێدەكرێت و حكومەتەكان هەماهەنگی لەگەڵ دەكەن، ئەو كات بەرلەوەی تاوانێك ئەنجامبدەن، دووجار بیری لێدەكەنەوە، چونكە دەزانن رەنگە ئەوانیش چارەنووسیان وەك ئەو كەسانە بێت كە سزا دراون، لەبەرئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەدژی ئەوان دەبێت.

خاڵێكی دیكەی كاریگەریی رێگرتن لە تاوان بریتییە لە چالاكبوونی خودی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان. كاتێك جەختی لێدەكەینەوە كە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ و كاریگەر و سەربەخۆ كار دەكەین، كاتێك چەندین كەیسی جیاوازمان یەكلایی كردووەتەوە، خەڵك سەیر دەكەن و دەبینن، فڵان سەرۆك سزادرا، فڵان سەرۆكی میلیشیا سزادرا، دەبینن هەموویان دادگایی دەكرێن، دادگایی دادپەروەرانە لەگەڵ رێزگرتن لە مافی بەرگری لەخۆكردنیان. دیسان خەڵك بەر لەوەی تاوان بكەن دووجار بیر دەكەنەوە. لەبەرئەوەی نموونەیان بینیوە.

دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان ناتوانێ وڵاتان سزابدات

رووداو: دەتوانن كۆمەڵێك كەیسمان وەكوو نموونە بدەنێ كە تێیاندا خەڵكانێك یان ژمارەیەك سەركردە كە تاوانی گەورەیان كردووە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان بڕیاری لەسەر داون و ئێوە بە رووداوێكی سەركەوتووی بزانن بۆ خۆتان و وانەیەك بووبێت بۆ ئەوانیدی؟

فادی عەبدوڵڵا: دەتوانم چەند نموونەیەك بهێنمەوە، تەنیا دەتوانم باسی ئەو كەسانە بكەم كە سزا دراون، چونكە چەندین كەسی دیكە هەن كە تەنیا تۆمەتبارن، پێشتر سەرۆكی وڵات یان بەرپرسی باڵا بوونە، بەڵام ئێستا تەنیا گومانلێكراون و دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەداون، بێگومان تۆمەتبار هەمیشە دەكرێ بێتاوان دەربچێت.

چەند كەیسێكیش هەن كە یەكلایی كراونەتەوە، وەكو كەیسی ژان پیێر بێمبا، جێگری پێشووی سەرۆكی كۆنگۆ. كەیسی دیكەش هەیە بۆ سەركردەی میلیشیاكان لە كۆنگۆ. هەروەها كەیسی كەسێك كە نزیك بوو لە ئەلقاعیدە لە مالی، لە تیمبوكتو وێرانكاری كرد. ئەمانە نموونەی ئەو كەیسانەن كە كەسانێك تاوانباركراون بە ئەنجامدانی تاوان. وەك بەكارهێنانی منداڵ لە ململانێی چەكداریدا، یان وێرانكردنی كەلەپوور و كولتووری ئاینی. یان توندوتیژی سێكسی. هەموو ئەمانە نموونەی ئەو كەیسانەن كە بەشێوەیەكی سەربەخۆیانە ئەو كەسانەی تاوانیان ئەنجامداوە، هێنراونەتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان، چونكە یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتننامەی رۆما كە بنەمای دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكانە، ئەوەیە هیچ كەسێك، لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت، لە سەرووی یاساوە نییە.

رووداو: مەگەر ئەوەی تاوانەكە لەسەر خاكێك یان لە لایەن هاووڵاتی وڵاتێكەوە كرابێت كە ئەندام نییە، وایە؟

فادی عەبدوڵڵا: بەڵێ، ئەوكات دادگای نێودەوڵەتی هیچ رێوشوینێكی یاسایی نییە، ئەگەر ئەو حكومەتە نەیەوێت ئەو دەسەڵاتە بداتە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان. تاكە رێگە ئەنجوومەنی ئاسایشە. بۆ نموونە لە كەیسەكانی دارفۆری سوودان و لیبیا، ئەوە ئەنجوومەنی ئاسایش بوو كە كەیسەكانی رادەستی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان كردن. چونكە بەشێوەیەكی ئاسایی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان ناتوانێ هەنگاو بنێ، لەبەرئەوەی ئەو تاوانانەی لە لیبیا یان لە سوودان روودەدەن، لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادگاكەن، ئەو وڵاتانە ئەندام نین. ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێ وا لە سوودان و لیبیا بكات هەماهەنگی بكەن و رێوشوینە یاساییەكانی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان قبوڵ بكەن بۆ بەدواداچوونی تاوانەكان. چونكە ئەنجوومەنی ئاسایش بەپێی بەندی حەوتەم دەتوانێ بڕیارنامە دەربكات تایبەت بەو وڵاتانە.

رووداو: یەكێك لە نیگەرانییە سەرەكییەكانی ئێمە ئەكتەرە نادەوڵەتییەكانن، ئەمەش تەنیا داعش نییە، بەڵكو میلیشیاكانیش دەگرێتەوە كە ژمارەیەكی زۆر سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە بە تۆمەتی كۆمەڵكوژی و شاربەدەركردنی سیستەماتیكی كەمینە ئایینی و ئەتنیكییەكان. عێراق ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە و لەوێ دەستەی دادوەری دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان نییە، بەڵام ئەندامانی ئەو گرووپانە بیانین، واتە دەشێت ئەندامی خەڵكی وڵاتانی دیكەشیان تێدا بێت كە ئەندامی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكانن. چۆن دەكرێت ئەمجۆرە كەیسانە بهێنرێ بۆ دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان؟

فادی عەبدوڵڵا: نموونەیەكت بۆ دەهێنمەوە، داواكاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان راگەیەندراوی تایبەتی هەبوو بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی داعش دەكرێن. چەندین كەس و دامەزراوە زانیارییان رادەستی نووسینگەی داواكاری گشتی كردووە، نووسینگەكە زانیارییەكەی هەڵسەنگاندووە، تایبەت بە چەكدارە بیانییەكان. واتە ئەو كەسانەی كە خەڵكی وڵاتانی ئەندامی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكانن. داواكاری گشتی زانیارییەكەی هەڵسەنگاند، بەو ئەنجامە گەیشت كە كەس ناتوانێ بیسەلمێنێ ئەو كەسانە بەرپرسیارێتی گەورەیان هەبووە لەنێو داعش. دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان سەرباز و چەكداری مەیدانی شەڕ دادگایی ناكات.

وڵاتان سەربەستن لەوەی دەبنە ئەندامی دادگاكەمان یان نا

سیاسەتی داواكاری گشتی ئەوەیە بەدوای ئەو كەسانەدا بچێت كە گەورەترین بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە بەرامبەر ئەنجامدانی ئەو تاوانانە. جەخت دەكرێتە سەر ئەو تاوانانەی كە گەورەن، وەك كۆمەڵكوژی، هەروەها بەدوای ئەو كەسانەدا دەچین كە بڕیاربەدەست بوون و پلانی ئەو تاوانەیان داڕشتووە، یان زانیویانە و رێگرییان لە روودانی نەكردووە. بۆ كەسانی دی، ئەوە ئەرك و بەرپرسیارێتی دادگاكانی وڵاتانە بەدواداچوون بكەن. دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان تەنیا كاتێك هەنگاو دەنێت كە خواستی دادگاییكردنی ئەو كەسانە لەنێو وڵاتی خۆیان نەبێت.

رووداو: كەواتە دەبێت سەركردەی ئەو گرووپانە كە خەڵكی وڵاتانی ئەندامی دادگاكەی ئێوەن تاوانەكانیان كردبێت، بەڵام خۆ سەركردەی داعشیش هەن كە بیانین، خۆم ئێستا هەموو ناوەكانیانم لەبیر نییە، بەڵام ژمارەیەك بیانی هەبوون كە رۆڵی گەورەیان لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و سووریادا هەبووە، بۆچی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان پێیوایە ئەوانە وەكوو پێویست پلەبەرز نین؟

فادی عەبدوڵڵا: هەمووی پشت بەو زانیارییە دەبەستێت كە دراوەتە داواكاری گشتی. ئەو بەدواداچوونی نەكرد، چونكە پێویستی بە شیكردنەوەی ئەو زانیارییەیە كە بەردەستە. دواتر چەند شتێك پشتڕاست دەكاتەوە، جۆری تاوانەكان، رەگەزی ئەنجامدەران و رۆڵیان لە رێكخراوەكەدا. هەروەها ئایا وڵاتەكانیان دادگاییان دەكەن یان نا؟ لە زۆربەی كەیسەكاندا، كاتێك وڵاتەكانیان رێكاری یاسایی بگرنەبەر، ئێمە رۆڵمان نابێت.

رووداو: ئەگەر لێكۆڵینەوەكانی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان لەسەر تاوانەكانی داعش دەستی پێكرد و دادوەرانی دادگای تاوان پێیانوابوو پێویستە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان دەست بۆ كەیسەكە بەرێت، ئایا پێتوایە لەو حاڵەتەدا لێكۆڵینەوەكان فراوانتر ببن، واتە عێراقیش بگرێتەوە و ئەو بەڵگانەش بگرێتەوە كە پەیوەندی بە هاووڵاتیانی عێراقەوە هەیە؟

فادی عەبدوڵڵا: لە پرسیارەكە تێدەگەم، بەڵام پێویستە رێز لە هەلومەرجی رێوشوینە یاساییەكانمان بگرین. پێویستە لەوە بڕوانین ئاخۆ تاوانەكان لەسەر خاكی وڵاتێك ئەنجامدراون كە ئەندامی دادگاكەمانە یان مۆڵەتی پێمانداوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە. ئەمانە مەرجی بەدواداچوونن لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان. ئەگەر بۆ نموونە عێراق دەسەڵات بداتە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوانەی لەوێ روویانداوە، ئەوە دادگاكە دەتوانێ لە بابەتەكە بڕوانێ بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی لە پشت تاوانەكانەوەن.

رووداو: با باسی بەڵگەكان بكەین. هەموو دادگایەك ستانداردی خۆی هەیە كە چی دەكرێ وەكوو بەڵگە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. ئایا دەتوانی باسی ئەو ستاندارد یان یاسایانەمان بۆ بكەیت كە پەیوەندییان بە جێی متمانەبوونی بەڵگەكانەوە هەیە و چ بەڵگەیەك دەكرێت لە دادگاكاندا بەكاربهێنرێن؟

فادی عەبدوڵڵا: چەند بەربەستێك هەن كە دادوەران دەبێ لێیان بڕوانن، یەكەم بەربەست پێدانی دەسەڵاتی بەدواداچوونە، پێویستە بنەمای گونجاو هەبن بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە بكرێ كە تۆمەتباران بەرپرسن لەو تاوانانە بۆ ئەوەی بتوانرێ بڕیاری دەستگیركردنیان بدرێ. دواتر دەبێ زانیاری پێویست هەبێت كە بیسەلمێنێ ئەو كەسانە بەرپرسن. ئەوە قۆناغی پشتڕاستكردنەوەی تۆمەتەكانە. بۆ ئەوەی بڕیار بدرێ ئاخۆ پێویستە دادگایی بكرێن یان نا. ئەگەر بڕیاردرا دادگایی بكرێن، چەند دادوەرێك بەدواداچوون دەكەن ئاخۆ هیچ گومانێك هەیە لە تاوانباربوونی ئەو كەسانە. ئەگەر گومانەكان پشتڕاستكرانەوە، ئەوە ئازاد دەكرێن.

كەواتە چەندین قۆناغ و بەربەست هەن كە دەبێ تێپەڕێنرێن. خودی بەڵگەكان چەندین سروشتیان هەیە، دەكرێ بەڵگەكان نووسراو بن، ڤیدیۆ بن، دەكرێ ئیفادە بن، ئیفادەی نووسراو. یان ئیفادەی راستەوخۆ. بێگومان هەموو ئەمانە دەبێ پشتڕاست بكرێنەوە، چونكە تیمێكی بەرگری هەیە كە دەتوانێ رەخنە لە بەڵگەكان بگرێ، دەتوانێ داوای شایەتحاڵی پسپۆڕ بكات بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگانەی دەخرێنە روو. لەڕێی ئەم پرۆسە درێژەوە، پشتڕاستكردنەوە و لێپرسینەوە و تاقیكردنەوەی شایەتحاڵەكان، دواتر دادوەران دەتوانن بڕیاری خۆیان بدەن.

رووداو: دەمەوێت لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگاكەوە پرسیار بكەم. ئەگەر وڵاتێك بڕیاری دادگاكەی جێبەجێ نەكرد، چی روودەدات؟

فادی عەبدوڵڵا: دوو سیناریۆی جییاواز هەن، یەكەم دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان بە پشتبەستن بە راسپاردەی ئەنجوومەنی ئاساییش لێكۆڵینەوەی كردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئەو وڵاتە هەماهەنگی نەكات رێككەوتننامەی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشێل دەكات. دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان ناتوانێ سزای وڵاتان بدات، تەنیا سزای ئەو كەسانە دەدات كە تاوانیان ئەنجامداوە. تەنیا ئەنجوومەنی ئاساییش ئاگادار دەكاتەوە لە پێشێلكرانی رێككەوتنامەیەك. ئەوە بەدەست ئەنجوومەنی ئاسایشە كە لەوبارەوە بڕیاری چی دەدات.

سیناریۆیەكی دیكە ئەوەیە بەدواداچوونی تاوانێك پەیوەندی بە ئەنجوومەنی ئاساییشەوە نەبێت، ئەگەر بە ئامار قسە بكەین، تەنیا بۆ دوو كەیس پشتمان بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەستووە، نۆ كەیسی دیكە پەیوەندییان بە ئەنجوومەنەوە نەبووە. كەیسەكان لەو وڵاتانە بوون كە ئارەزوویان نیشانداوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان. ئەگەر هەماهەنگی نەكەن ئەو كات پێشێلی رێككەوتننامەی رۆما دەكەن. ئەوكات ئێمە هەر 120 وڵاتەكە ئاگادار دەكەینەوە كە یەكێك لە وڵاتەكان پێشێلی رێككەوتننامەكە دەكات. دواتر ئەو وڵاتانە پێكەوە بڕیاری هاوبەش دەدەن.

رووداو: با بگەڕێینەوە سەر كەیسی كچە ئێزدییەكان. ئایا ئێستاش مومكینە دادوەرەكان سەیری ئەو كەیسە بكەنەوە؟ وەكوو دەزانن ئێزدییەكان كەمینەیەكی قوربانیی داعشن. دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان بیری لەوە كردووەتەوە، لەو سكاڵایانە بكۆڵێتەوە؟

فادی عەبدوڵڵا: بۆ هەموو ئەو تاوانانەی كە لە عێراق كراون، بە چاوپۆشی لەو تۆمەتانەی درانە پاڵ سەربازە بەریتانییەكان لە عێراق، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان هیچ رێوشوێنێكی یاسایی نەگرتووەتە بەر بۆ ئەو تاوانانەی لەلایەن هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەوە ئەنجامدراون كە ئەندامی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان نین. ئەوەش مانای ئەوەیە ئێستا هیچ ئەگەرێك نییە بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە، مەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش یان حكومەتی عێراق ئەو دەسەڵاتەمان بدەنێ.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

سمینارەك ل سەر ئۆلا ئێزدیاتیێ‌ ل كۆمەلگەها شێخكا هاتە گێران

Lalish Duhok

ب درێژاهیا 9 كیلۆمه‌تران جادا په‌رستگه‌ها لالش دێ بته‌ جووت ساید

Lalish Duhok

بنگه‌هێ لالش شنگال سه‌ره‌دانا ده‌زگه‌هێ شنگال ل كه‌مپا شاريا دكت

Lalish Duhok