مەلا بەختیار: رۆژا شەمبوويێ کۆسرەت رەسول دێ ڤهگەرتە کوردستانێ
رووداو – هەولێر
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو کۆسرەت رەسول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێتەوە کوردستان.
لە دیدارێکیدا کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو (7-1-2018) لەسەر شاشەی رووداو پەخشدەکرێت، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند “رۆژی شەممە 6-1-2018، کۆسرەت رەسول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تەندروستییەکی باشەوە دەگەڕێتەوە کوردستان”.
رۆژی 11-11-2017 باری تەندروستی کۆسرەت رەسول تێكچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانەی فارووقی پزیشكی لە سلێمانی، پاشان نەشتەرگەرییەكی بۆ ئەنجامدرا و ماوەی 72 کاژێر لەژێر چاودێری ورددا مایەوە.
دواتر رۆژی 16-11-2017 بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بردرایە ئەڵمانیا و لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە مایەوە، بەگوتەی سەرۆکی تیمی پزیشکیی کۆسرەت رەسول، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دووەم ئێستا تەندروستی باشە و بە سەردانێک لە لەندەنە.
نەخۆشییەكەی كۆسرەت رەسول چییە؟
ئەم نەخۆشییە بە گانگرینی ریخۆڵە ناودەبرێ، لە ئەنجامی وەستانی كتوپڕی رۆیشتنی خوێن بۆ ریخۆڵە روودەدات، حاڵەتێكی دەگمەنە، مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی كەسەكە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێ، نیشانەكانیشی بریتین لە: سكئێشەی تووند، سكچوون، پیسایی خوێناوی.
ئەگەری مردن بەو نەخۆشییە 50% زیاترە بەتایبەتی ئەگەر بووبێتە گانگرین و زۆر زوو چارەسەر نەكرێ. خێرا ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە قۆناخە سەرەتاكاندا رێژەی مردن بە راددەی 50-55% كەمدەكاتەوە. ئەو هۆكارانەشی ئەگەری مردن زیاد دەكەن بریتین لە: بەساڵاچوون، سستیی گورچیلە، سستیی جگەر و دابەزینی ئاستی ئۆكسجینی خوێن.
لەدوای ئەوەی کۆسرەت رەسول بۆ چارەسەرکردن گەیەندرایە ئەڵمانیا، لەوێ نەشتەرگەرییەکی بەسەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا، لەماوەی مانەوەشیدا لە نەخۆشخانە، زۆربەی سەرکردەکانی کوردستان سەردانیان کردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
