دەستهسهركرنا کۆمەكا ئەندامێن داعش ل هەرێما کوردستانێ هاته راگەهاندن
رووداو – هەولێر
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی سەرهەڵدان و لەنێوبردنی گرووپە داعشەکەی سنووری هەڵبجە و، دەستگیرکردنی کۆمەڵێک ئەندامی داعشی کورد رادەگەیێنێ. دڵنیاییش دەدات کە گرووپەکە لەنێوبراون و مەترسییان نەماوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا چۆنییەتی هاتنی چەکدارەکان، مانەوەیان، ئاشكرابوونیان و هەڵاتنیان تاوەکو دەستگیرکردن و کوشتنیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان روونکراوەتەوە. هەورەها ئەوە ئاشکراکراوە کە دوو ئەندامی داعش بەناوی (ش . م) و (م. م) کە هەردووکیان برای گەورە تیرۆریست ( دڵشاد باوەنووری)ـن، لەگەڵ کۆمەڵێک تیرۆریست و گومانلێکراوی دیکە دەستگیرکراون. ئاماژە بەوەش کراوە لەبەر بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان ناوی ئەوانی دیکە ئاشکرانەکراوە.
دەزگای ئاسایش ئاشکراکردن و راوەدوونانی گرووپە داعشەکەی سنووری هەڵەبجەی بە سێیەم هەوڵی داعش لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ تێکدانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان داناوە.
تەواوی زانیارییەکان لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا بخوێنەوە
دوای شكستی تیرۆریستانی داعش لە عێراق، دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەرچاوڕوونبوو لەسەر پیلانی نوێی تیرۆریستان بۆ تێكدانی ئارامی هەرێم ، ئەوە بوو بە بڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژورێكی ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی خێرا پێكهێنرا و دەست بە كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون كرا، لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەكدارە پەرتەوازەكانی داعش لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم.
دوای شەونخوونی و ماندووبوونی كارمەندان و ئەفسەران، بۆ دەزگای ئاسایش روونبووەوە كە تیرۆریستان پیلانیان داناوە دزەبكەنە نێو خاكی هەرێم و حەشارگەی نهێنی دروستبكەن و بیكەنە خاڵی خۆڕێكخستنەوە و ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی.
هەر لەسەر ئەو بنەمایە، تەواوی بەڕێوبەرایەتییەكانی ئاسایشی هەرێمی سەر بە دەزگای ئاسایش، پلانی خۆیان داناو دەستیان بە جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی پاراستنی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتیان کرد.
ئەوەبوو لەسەر بنەمای زانیاریی ورد، بۆ هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان روونبووەوە، لەسەر بوونی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو كە لە ناوچەی پەڵكانەی نزیك خورماتووەوە جووڵەیان پێكراوە بۆ ناوچەی گەرمیان، بەدواداچونی ورد كراو ئاشكرابوو لە ناوچەی بناری بەمۆ چەكدارەكان بینراون.
پاش لێكۆڵینەوە و رەزامەندی دادوەر، بە فەرمانی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئێوارەی رۆژی 22 / 1/2018 تەوای هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان، كێوماڵكردنی ناوچەكەیان دەستپێكرد و توانییان شوێن و حەشارگەی چەكدارە نەناسراوەكان كە ئەشكەوتێك بوو لە نێوەڕاستی شاخی بەمۆ، ئاشكرابكەن و رووبەڕوویان بوونەوە و دوای ئەوەی داوایان لێكرا ناسنامەكانیان ئاشكرابكەن و خۆیان رادەستی هێزەكانمان بكەن، بەڵام دوای خۆدزینەوەیان رووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوونەوە و شەڕ و پێكدادان بۆ ماوەی ( 30 ) دەقە بەردەوامبوو.
لیوا نەوشیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ئەوکات رایگەیاند، دواتر چەكدارەكان هەڵهاتن و دەستگیرا بەسەر یەك چەك لە جۆری (بیكەیسی ) و چەندین كۆڵەپشتدا و گومانی گرووپی تیرۆرستی داعشیان لێكرا، كە لە راگەیێندراویی رۆژی 23 / 1/ 2018 دەزگای ئاسایشدا ئاماژەی پێكرابوو.
پاشان هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان پلانی خۆیان گۆڕی و تەوای سنوورەكەیان كۆنترۆڵكرد و لە سەعات 1 شەوی ( 22/23) 1 / 2018 توانرا حەشارگەی چەكدارە گومانلێكراوەكان بگیرێت و دوای هەڵهاتنیان دەست بەسەر دوو چەك لە جۆری ( كڵاشینكۆف ) ،17 گولەی (ئاربیچی ) و یەك فەردە ( تیئێنتی) و چەندین سندووقی فیشەكی (بیكەیسی ) و (ناتۆ) و (كڵاشینكۆف) و ( قەنناس) و چەند ( روومانەیەك) و (ئاڵایەكی داعش) و ژمارەیەكی زۆری (سیمكارت و هاندی مۆبایل) و بڕێكی زۆری مەوادی خۆراكیدا بگیرێت.
دواتر هێزەكانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختە و دەستبەسەرداگرتنی حەشارگەكەیان، دڵنیابوونەوە ئەو چەكدارانەی گومانیان لێدەكرا، داعشن كە هەمان ئەو تیرۆرستانەن كە لە سنووری پەڵكانەوە هاتبوونە بناری بەمۆ. رۆژی (23/1) ئاسایشی گەرمیان هەریەك لە هێزەكانی ئاسایشی ( كەلار، كۆكز، جەلەولا، رزگاری باوەنوور، قۆرەتوو، دەربەندیخان،بەمۆ و مەیدان) لەژێر چاودێری دەزگای ئاسایش جووڵەیان پێكرا و بە دوو ئاراستە پلانی رووبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
كە لەلایەك كێوماڵكردن لە ناوچەی بەمۆ و لە سنووری شار و شارچكەكانی گەرمیان دەستپێكرد، لەلایەکی دیکەوە هەڵمەتی دۆزینەوە و دەستگیركردنی شانە نووستووەكانی داعش، كە لە ناوچەكە هاوكاری چەكدارە تیرۆریستەكانیان كردبوو.
هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان بە هاوكاری چەند تیمێكی پۆلیسی گەرمیان و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی سەر بە هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن، تەواوی ناوچەی (بێلولە، شاوازی، مەیدان، شاخی بەمۆ، شاخی شەڕواڵ دڕە ) كێوماڵكراو لەژێر چاودێری هێزەكانمان دابوون و تەوای رێگاكانیش گیران و پشتێنەیەكی ئەمنی بەهێز دروستكرا.
لە هەمان رۆژ ( 23/ 1) چەند تیمێكی ئاسایشی گەرمیان، سەرقاڵی ئاشكراكردن و دۆزینەوەی شانە نووستووەكانی داعش بوون، ئەوەبوو توانرا تیرۆرست ( م .م ) كە كوردە و برای گەورەی تیرۆرست ( دڵشاد باوەنورییە) لە یەكێك لە ناوچەكانی گەرمیان دەستگیربكرێت، كە هاوكاری چەكدارە تیررۆریستەكانی داعشی كردبوو، لە گەیاندنیان بۆ ناوچەی بەمۆ، پاش ئەوەی دۆسیەكەی رووبەڕووی دادگا كرایەوە، لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و دەركەوت چەكدارانی داعش زۆربەیان كوردن و چەند عەرەبێكیش لەنێویاندایە و ژمارەیان زیاتر لە ( 20 ) تیرۆرستە، كە لە ناوچەی پەڵكانەوە هاتوونەتە گوندی (گۆڕەشە) لەسەر چەمی سیروان لە ناحیەی قۆرەتوو و دواتریش چوونەتە چەمی (جەید شەهاب ) و بە دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری ( توێتا و مینی پاس) بە هاوكاری چەند كەسێك كە ماتۆڕسكیلێك پێشڕەوی كردوون، بەڕێكەوتوون بەرەو سنووری گوندی (خركنێ ) لە بناری بەمۆ، دوای دوو رۆژ مانەوەیان حەشارگەیان دروستكردووە و لە سێهەم رۆژدا لەلایەن ئاسایشەوە ئاشكراكران.
تیمەكانی دیكەی ئاسایشی گەرمیان بە هاوكاری چەند مەفرەزەیەكی پۆلیسی گەرمیان و بەرگری و فریاكەوتن، بەردەوامبوون لە كێوماڵكردن و حەسركردنی تیرۆریستان لە شاخی بەمۆ و بەدرێژایی 4 شەو و 4 رۆژ، بێ پشوو بەدوای تیرۆریستانەوە بوون و دوای كۆنترۆڵكردنی تەواوی بناری بەمۆ و مەیدان چەكدارە تیرۆریستەكان ناچار چوونە خاكی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
بۆیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بوونی چەكدراكانی داعش ئاگاداركرانەوە كە خاكی ئەو وڵاتەیان بەزاندووە و بەرچاوڕوونییان كردن لە سەر جموجۆڵەكانیان. ئەوەبوو پاش 24 سەعات میدیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر زاری لایەنە ئەمنییەكانەوە ئەوەیان بڵاوكردەوە كە دوای شەڕێكی سەخت لە سنووری كرماشان، بناری بەمۆ لەگەڵ چەكدارانی داعش 16 تیرۆریستیان لێ دەستگیركراون و 5 دیكەیان كوژراون، ئاماژەش بەوە كراوە 3 كەس لە هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ئۆپەراسیۆنەدا كوژراون.
هێزەكانی ئاسایشی، بەردەوامبوون لەگەڕان و لێكۆڵینەوە لە ناو شار و شارۆچكەكانی گەرمیان، ئەوەبوو رۆژی ( 26/1/2018 ) تونرا تیرۆرست ( ش . م ) كە برای تیرۆرست ( م . م ) و ( دلشاد باوەنورییە ) دەستگیربكرێت و ئەو (ماتۆر سكیل) و (چوار ئۆتۆمبێلەش ) كە لە جۆری (تویوتا و مینی پاس ) بوون و چەكدارەكانی داعشیان ، پێ گواسرابونەوەو هاوكاریان كردبوون لە گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان، دەستیان بەسەردا بگیرێت چەند تیرۆرست و گومانلێكراوێكی تریش، دەسگیربكرێن ، كە لەبەر سەلامەتی رەوتی لێكۆڵینەوەكان و بوونی پەڕاوەكانیان لە دادگا، كەسایەتیان پارێزراوە.
شكستپێهێنانی پیلانێكی دیكەی تیرۆرستانی داعش، بۆ تێكدانی هەرێم ، لەكاتێكدایە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو، دوو پیلانی دیكەی تیرۆریستان ئاشكراكران بۆ تێكدانی ئارامی سلێمانی و دەوربەری، ئەندامانی شانە نەنووستووەكانیان دەستگیركران ، لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بە هاوكاری بەڕێوەبەراییەتیەكانی دەرەوە، بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، كە دەزگای ئاسایش بەرچاوڕوونە لەسەر چەندین پیلانی دیكەی تیرۆریستان، بۆ شێواندنی ئارامی هەرێم، هەموو ئامادەكاریەكیش كراوە و بۆ رێگەگرتن لە بەدیهێنانی مەرامەكانیان .
لێرەوەشەوە، جارێكی دیكە سوپاسی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین كە هەمیشە پشت و پەنای هێزەكانی ئاسایش بوون و خەمیان خەمی دەزگای ئاسایش بووە بۆ پاراستنی ئارامی هەرێم، بۆیە دڵنیای هەموو لایەك دەكەینەوە بەردەوامین و بە هەموو هەوڵ و توانەیەكمانەوە ئاسایشی هەرێمەكەمان دەپارێزین و ناهێڵین بە پیلانی ناحەزان و دووژمنانی ئازادی، ژیان لە هەرێم تێكبدرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
