تەمەنێ پەرلەمانى 75 رۆژ ماينە؛ هێشتا دهنگ لسهر 27 پرۆژەیاسايان نهدايه
رووداو – بەغدا
دوو مانگ و 13 رۆژی دیکە تەمەنی یاسایی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا 27 پرۆژەیاسا کە بەشێکیان بۆ کورد زۆر گرنگن لە پەرلەمان ماون و دەنگیان لەسەرنەدراوە.
ھومام حەموودی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ “دەتوانین لە حاڵەتی نائاساییدا هەرکاتێک بمانەوێت دانیشتنی پەرلەمان ئەنجامبدەین، ھەروەھا دەتوانین دوای بانگەشەی ھەڵبژاردنیش کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەین. ئەگەر بارودۆخێک ھاتە پێشەوە و پێویستی بە کۆبوونەوە کرد، بەپێی دەستوور ئامادەدەبین و دانیشتنەکە ئەنجام دەدەین”.
پرۆژەیاساکانی نەوت و گاز، دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی، لە گرنگترین یاساکانن و بۆ خولی داھاتوو دەمێننەوە، ئەمەش لیژنەی یاسایی نیگەران کردووە.
حاکم سامان، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت “ھەموو ئەو پرۆژەیاسایانەی بۆ تاوتوێکردن دێنە پەرلەمان گرنگی خۆیان ھەیە، بەڵام کۆمەڵێک یاسا ماونەتەوە ھەر لەسەرەتای ئەم خولەوە بە مەبەست لای سەرۆکایەتی پەرلەمان ماونەتەوە. وەکو چۆن دەگوترێت: لەرێگا دواکەوتووە و لە ئاش پەلەیەتی، چوار ساڵە سەرۆکایەتی پەرلەمان نەیتوانیوە ئەو یاسایانە بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردن بهێنێت”.
ھیچ پێکھاتەیەک لەم خولەی پەرلەماندا ھێندەی کورد توڕە و نیگەران نییە، ھۆکارەکەیشی بۆ پشتگوێخستنی هاوبەشی و کارکردن بووە بەپێی زۆرینە و کەمینە.
شیرن دینۆ، پەرلەمانتار دەڵێ “ئەم خولەی پەرلەمان بۆ ئێمە زۆر زەحمەت بوو، قوتی خەڵک بڕدرا، بودجە بەبێ کورد تێپەڕی، مافی پێشمەرگە نەدرا، هەرچەندە پێشمەرگە ھۆکاری ئارامیی ژیانی خەڵک بوو، هەروەها کار بە زۆرینە و کەمینە کرا مافی کوردستانیان خوراد”.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو 1-7-2018 پەرلەمان ھەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت کۆبوونەوە ئەنجام بدات، بەتایبەتی لە حاڵەتی نائاساییدا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
