هێزا ئەمریكا ل چیايێ شنگال و بەعاج دمينت
رووداو – دهۆك
ئەو هێزە ئەمریكییەی كۆتایی هەفتەی رابردوو چوونە شنگال، لە هەردوو گوندی ئوم ئەلدیبان و ئوم ئەلجەریس لە نزیك سووریا جێگیر بوون، فەرماندەیەكی حەشدی شەعبیش دەڵێت هێزەكە داوایان لێكردووە لەگەڵیان كۆببێتەوە. سەرۆكی لێژنەی ئەمنیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت ئەو هێزە لە چیای شنگال و ناوچەی قائیمی سەر بە بەعاج جێگیردەبن و رێگری لە چوونی میلیشیا شیعەكانی ئێران دەكەن بۆ سووریا.
رۆژی 1/6/2018 هێزێكی ئەمریكی كە لە 45 ئۆتۆمبێل پێكهاتبوون، چوونە سەنتەری قەزای شنگال، دواتر بەشێك لەو هێزە سەردانی چیای شنگالیان كرد. ئێوارەی ئەو رۆژە هێزەكە بەرەو سنووری سووریا جوڵان و لە گوندی ئوم ئەلدیبان و ئوم ئەلجەریس لە قەزای بەعاج جێگیر بوون. بەرپرسانی شنگال دەڵێن چوونی ئەو هێزە ئومێدێكی گەورەی بەخشیوەتە گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ زێدی خۆیان.
هاشم بریفكانی سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی ئامانجی جێگیربوونی ئەو هێزە لە سنووری شنگال بە (رووداو)ی گوت:”دوای ئەوەی ساڵێك لەمەوبەر هێزەكانی حەشدی شەعبی توانییان بەڕێگای ناوچەكانی سەر بە قەیرەوان، گرعوزێر و قائیم لە سنووری شنگال و بەعاج خۆیان بگەیێننە سنووری سووریا، ئەمریكا لە هەلێك دەگەڕا كە ئەو هیلالە شیعییە ببڕێ و نەهێڵێ ئێران بە كەیفی خۆی میلیشاكانی بۆ سووریا رەوانە بكات، بۆیە بڕیاری داوە لە دوو شوێنی گرنگ لە هەردوو قەزای شنگال و بەعاج جێگیر ببن”.
بریفكان لەبارەی شوێنی جێگیربوونی ئەو هێزە گوتی: “ئەو هێزەی پێش سێ رۆژ چووبوونە شنگال بە هاوكاریی فیرقەی 15ی سوپای عێراق دەربازی شنگال و ئەو ناوچانە بوون، دواتر لە ناوچەی قائیم سەر بە قەزای بەعاج و نزیك سنووری سووریا جێگیربوون، لەم چەند رۆژەدا بەشێك لەو هێزە دێتە چیای شنگال، لەوێش جێگیر دەبن”. بریفكانی هەروەها گوتی: “ئەو هێزە كاتی نییە، بەڵكو لەوێ جێگیر دەبن و رێگە نادەن لەمەودوا ئێران بە ئارەزووی خۆی میلیشیا رەوانەی سووریا بكات”.
لە سنووری پارێزگای نەینەوا ئەوە دووەم شوێنە هێزەكانی ئەمریكا لێی جێگیر دەبن، هاشم بریفكانی دەڵێت: “ئێستا لە ناوچەی شەلالات نزیك ناحیەی باشیكیش هێزێكی گەورەی ئەمریكی هەن”.
ئێران دەمێكە هەوڵی دروستكردنی كۆریدۆرێك دەدات بۆ ئەوەی ملیشیا و چەك و جبەخانەی پێویستی پێ لە ئێرانەوە بگوازێتەوە سووریا و لوبنان. لە هاوینی ساڵی 2017 هێزەكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی شنگال و بەعاج، لەو رێگەیەوە خۆیان گەیاندە سەر سنووری سووریا، چاودێران پێیانوایە بە گەیشتنی حەشد (كە بەشێكیان ئێران پشتگیرییان دەكات) ئیدی هیلالی شیعی تەواو بووە.
خال عەلی فەرماندەی كەتائیب لالش كە سەر بە حەشدی شەعبییە لە شنگال بە (رووداو)ی گوت: “هێزەكانی ئەمریكا بە هاوكاریی سوپای عێراق هاتوونەتە ئەم ناوچەیە، ئەوەی ئێمە ئاگادارین دەڵێن لە چیای شنگال و ناوچەی قائیمی سەر بە بەعاج جێگیردەبن”.
ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی كە كوردێكی ئێزدییە، پێیوایە هێزە ئەمریكییەكە نیازی مانەوەی هەیە و دەڵێت “وەرگێڕێكی ئەوان پەیوەندی بە منەوە كرد و گوتی دەمانەوێ تۆ ببینین، بەڵام تاوەكو ئێستا نەچوومەتە لای ئەوان، پەیوەندیم بە سەرووی خۆمەوە كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانم”.
فەرماندەیەكی دیكەی حەشدی شەعبی لە شنگال كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە گوتی: “ئێستا گروپێكی حەشدی شەعبی كە ئێران پاڵپشتییان دەكات، لە ناوچەی بەعاجن، ئەو هێزەی ئەمریكا بە ئاشكرا رێگری لە هاتوچۆی ئەو هێزە دەكەن و لە داهاتوودا لەو ناوچەیە دەریاندەكەن”.
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، هاتنی ئەو هێزە لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا دەبینێ و دەڵێت: “ئارامی بۆ ناوچەكە دەگەڕێنێتەوە و ئومێدی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگالیش زیاتر دەكات”.
خەلەف ئیلیاس كوردێكی ئێزدییە، لە دوای پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014 ئاوارەی شاری دهۆك بووە و لە كەمپی شاریا دەژی، دەڵێت: “من خەڵكی سنونێم، ئەوە بۆ چوار ساڵ دەچێت ئاوارەم، ناوێرم بگەڕێمەوە، چونكە متمانەمان بە هیچ هێزێكی كوردی و عێراقی نییە بمانپارێزێت، تەنیا باوەڕمان بە هێزێكی نێودەوڵەوتی هەیە بتوانێ ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەكەمان دابین بكات”. خەلەف ئەگەر دڵنیا بێ ئەو هێزەی ئەمریكا لەوێ دەمێنێتەوە، ئەوە دەگەڕێتەوە زێدی خۆی.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
