کچهكا ئێزدی ل کەمپا هۆلێ ڤهگهريا ناڤ كهسوكارێن خۆ
رووداو دیجیتاڵ
سیپان خەلیلی تەمەن 14 ساڵ لە سەرەتای ئابی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرا، ئەوەش کاتێک رێکخراوە پەڕگیرەکە هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری، بەڵام چەند رۆژێک پێش ئێستا گەڕایەوە نێو کەسوکارەکەی لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 3ی ئاب، حەوت ساڵ بەسەر هێرشی رێکخراوەکەدا بۆسەر شنگال تێدەپەڕێت. سیپان کچێکی کوردی ئێزدییە و لەدایکبووی ساڵی 2000ە، خەڵکی گوندی کۆچۆی شنگالە، برایەکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “ئێستا پێکەوە لە دهۆکین”.
بەهجەت خەلیل برای سیپانە و بە تۆڕی میدیایی روودای گوت، “سیپان سەرەتا براوەتە موسڵ و لەوێوە براوەتە سووریا. ماوەیەک پێش ئێستاش لە ماڵی ئێزدیانەوە لە رۆژئاوای کوردستان تەلەفۆنیان بۆ کردم” و زانیارییان لەبارەی خوشکەکەی پێدا.
بەهجەت خەلیل گوتی، هەندێک رێکاری پێویستیان گرتەبەر و دواتر خوشکەکەی هێنرایە رەبیعە و دوو رۆژ هێزە عێراقییەکان لەوێ رێگرییان لێکرد، بەڵام دواتر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکارییان کردن و ئیدی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
بەهجەت باس لەوە دەکات، دوو هەزار و 500 دۆلاریان داوەتە ماڵی ئێزدیان، بەڵام ئەوانیش گوتوویانە ئەو پارەیە بۆ ئەو خەرجییانەیە بۆ سیپانیان کردووە تاوەکو گەیاندوویانەتەوە دەست خێزانەکەی.
سیپان دوایین جار لە شاری دەرعای سووریا بووە و بە گوتەی بەهجەتی برای، تەنیا شەش رۆژ لە ماڵی ئێزدییان ماوەتەوە. ئەو کچە کوردە ئێزدیە ئێستا لە دهۆک لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی نیشتەجێن.
دەربارەی دۆخی تەندروستی و دەروونیی سیپانی خوشکی، بەهجەت گوتی “سوپاس بۆ خودا زۆر باشە”.
داعش لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 2014دا و لە هێرشەکەیدا بۆسەر شنگال و دەوروبەری شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدیی رفاند؛ تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 550 کەسیان رزگارکراون و نزیکەی 2770 کەسی دیکەشیان شوێنبزرن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
