دایكا جینۆسایدكريێن ئێزديان: “حكومهتا عێراقێ چوو بۆ كهسوكارێن جینۆسایدكريێن شنگال نەكريە”
باسنيوز:
تیرۆرستانی داعش لە رۆژی 3ی8ی2014 كوردانی ئێزدی لە شنگال جینۆساید كرد، لە یادی ئەو كارەساتە خەمناكەدا، خەڵكی ئێزدی بە خەم و پەژارەوە ئەو رۆژە بیر دەخەنەوە. (باسنیوز) لەو یادە خەمناكەدا، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (دای شەمێ) دایكی شەهیدانی جینۆسایدی شنگال كرد و باسی كارەساتی جینۆسایدی شنگال و خۆكوشتنی دوو لە كچەكانی لەناو دەستی تیرۆریستانی داعشدا دەكات.
(باسنیوز): چهند كهس لە خێزانەكەتدا رفێنراون و بێسەروشوێن كراون؟
داى شهمێ: لە سالی 2014 تیرۆرستانی داعش 33 كهسی لە خێزانەكەم دەستگیر كرد و رفاندنی، 13 پیاوی خێزانەكەشم كوژران، لەوانە دوو كەسیان پزیشك بوون، ئەوانی دیكەیش فەرمانبەر و كاسب بوون، تیرۆریستانی داعش هەموویانی كوشت و خستنیە گۆڕە بەكۆمەڵەكان، ئەم رۆژە رۆژێكی زۆر ناخۆش و خەمناك بوو بۆ ئێمە، تیرۆریستانی داعش بە 14 ئۆتۆمبێل رێگای بەردەم ئێمەیان گرت و ئێمەیان لەناو ماڵەكانمان رفاند و بێسەروشوێنی كردین، تیرۆرستانی داعش گوتیانە منداڵە گەورەكەی من كە ناوی (بهرجهست) بوو، كە شەهادە بێنێ، بەڵام منداڵەكەم رەتی كردەوە و گوتییە داعشەكان خودای گەورە ئێمەی بە ئێزدی خەڵق كردووە و بە ئێزدییش دەمرین، بۆیە تیرۆریستان ئەویان كوشت، دوای ئەو هەموو منداڵەكانی دیكەیشیان گوللەباران كرد و جەرگی ئێمەیان سووتاند و هەتا دونیا ماوە لەبیری ناكەین.
تیرۆرستانی داعش جلی بووكێنییان كردە بەر كچەكەم (جیلان)، كە بیكەن بە بووكی خۆیان، ئینجا جیلانی كچم چووە گەرماو و دەماری دەستەكانی خۆی بڕی و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئەو كچەكەی دیكەم (جیهان)یش لەناو دەستی تیرۆریستانی داعش خۆی كوشت و نەیهێشت تیرۆریستان دەستدرێژیی بكەنە سەر، تا ئێستاش 7 كهس لە ئەندامانی خێزانەكەم دیار نین و بەردەوام پرسیار لە چارەنووسیان دەكەین.
(باسنیوز): ئێوە وەكوو كەسوكاری جینۆسایدكراوانی ئێزدی لە شنگال چیتان دەوێ بۆتان بكرێ؟
داى شهمێ: داواكاریمان زۆرن، دەمانەوێ چیای شنگال ئارام و سەقامگیر بێ، رەوش باش بكرێ و ئاوەدانی بۆ شنگال بگەڕێتەوە، ئێمە لە خۆمان دڵنیا نابین بگەڕێینەوە شنگال، پێویستە پارێزگاریمان لێ بكرێ، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە جینۆساید نەكرێینەوە و خەڵكی زەرەرمەند قەرەبوو بكرێنەوە، هەروەها دەمانەوێ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی شنگال بێدەنگ نەبێت.
(باسنیوز): هەشت ساڵ بەسەر جینۆسایدی شنگالدا رەت بووە، حكوومەتی عێراق چی بۆ ئێوە كردووە؟
داى شهمێ: تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچی بۆ ئێمە نەكردووە، ئەوە هەشت ساڵە ئێمە ئاوارەین و هەندێ منداڵم لەژێر دەستی داعشدا ماون، بەڵام بەداخەوە هێشتا حكوومەتی عێراق سەری خۆی بە خەمی خەڵكی شنگال نەئێشاندووە و هیچی بۆ كەسوكاری جینۆسایدكراوانی شنگال نەكردووە، هێشتا بەغدا دانی بە جینۆسایدی شنگالدا نەناوە و هەموو گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵنەدراونەتەوە و هێشتا چارەنووسی هەزاران كەسی خەڵكی شنگال دیار نییە و حكوومەتی عێراق خۆی لێ بێدەنگ كردووە، لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە، كە ئەو عەرەبانەی بوون بە داعش گەڕاونەتەوە بۆ شنگال، بەڵام ئێمە هەر ئاوارەین، هیچ كاتێك دوژمن نابێ بە دۆست، ئێمە باش دەزانین ئەوانەی بوون بە داعش هەرگیز نابن بە دۆست و پێویستە سزا بدرێن.
(باسنیوز): رۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینی؟
داى شهمێ: حكوومهتی هەرێمی كوردستان نووسینگەیەكی بۆ رزگاركردنی كچ و ئافرەت و منداڵە رفێنراوەكانمان كردووەتەوە و لە رێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ژمارەیەكی زۆر لە رفێنراوانی ئێزدی لەبن دەستی داعش رزگار كراون، هەروەها خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی خەڵكی زاخۆ و دهۆك و ههولێر دەرگای ماڵەكانیان و مزگەوتەكانیان بۆ ئێمە كردەوە و زۆر هاوكارییان كردین، ئێمە سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەین، ئەوە هەشت ساڵە ئێمە ئاوارەین و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییمان دەكات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
