هەرێما كوردستانێ بهرسڤا راوێژكارێ سەربازیێ خامنەیی ددهت
رووداو- هەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی هەڕەشەكانی گەورە راوێژكارێكی سەربازیی خامنەیی دەداتەوە و دەڵێت “پابەندین بە پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی دراوسێیەتی و پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ ئەوەشدا رێگەنادەین ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدرێت”.
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “هەرێمی كوردستان پابەندە بە پرەنسیپ و بنەما نێودەوڵەتییەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و كونسوڵگەرییەكان، بوونی نوێنەری 36 وڵاتیش لە هەرێمی كوردستان مانای بەهێزی پەیوەندی سیاسیی و دیپلۆماسی ئێمەیە لەگەڵ ئەو وڵاتانە و بوونی متمانەی دوو لایەنە دەگەیێنێت”.
فەلاح مستەفا گوتیشی “بەپێی رێككەوتن و بنەما نێودەوڵەتییەكان كار و ئەركی كونسوڵگەرییەكان لە هەرێمی كوردستان رێكخراوە، كونسوڵگەرییەكانیش بە رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی وەزیران نوێنەرایەتیان كردووەتەوە، ئەو كونسوڵگەریانە بۆ پتەوكردنی پەیوەندی سیاسی، ئابووری، كولتووری و سەرجەم پەیوەندییەكانە، نەك بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان یاخود وڵاتێكی دیكەی دراوسێ”.
لەبارەی قسەكانی راوێژكاری سەربازی رێبەری ئێران، كە گوتبووی “هەرێمی كورستان هاوكاری دوژمنانی ئێران دەكات، لەڕێگەی كونسوڵگەری سعودیە، حیزبەكەی بارزانی هاوكاری نەیارانی ئێران دەكات”، فەلاح مستەفا دەڵێت “بەشەكەی كونسوڵگەری شانشینی عەرەبی سعودیە بە جێدەهێڵم بۆ خۆیان با ئەوان وەڵامی ئەو تۆمەت و قسانە بدەنەوە، بەڵام بەشەكەی هەرێمی كوردستان سەرلەبەری ئەو قسانە رەتدەكەینەوە، داوا دەكەین پێش ئەوەی لێدوان بدرێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، ئێمە پابەندین بە پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی دراوسێیەتی و پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ”.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە جەختیكردەوە، رێگە نادەن كەس ئاسایشی هەرێمی كوردستان بشێوێنێت و ببێتە هەڕەشەش بۆ سەر ئاسایشی هیچ وڵاتێكی دیكە. “دەمانەوێ باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتان، بەتایبەتی دراوسێكانمان هەبێت”.
فەلاح مستەفا ئاماژە بەوەشدەكات، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پەیوەندییەكی بەرفراوانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە، هەرێمی كوردستان هۆكارێكی سەرەكی سەقامگیریی و ئاساییشە لە عێراق و ناوچەكە.
ژەنەڕاڵ یەحیا رەحیم سەفەوی، گەورە راوێژكاری سەربازیی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداریدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەگەری “هاوكاریكردنی دوژمنانی ئێران”.
رەحیم سەفەوی لە گوتەیەكدا لە تاران رایگەیاندبوو “لە هەرێمی كوردی عێراق، حیزبەكەی تاڵەبانی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام حیزبەكەی بارزانی بەو جۆرە نین. ئێمە لە دووركەوتنەوەی هەرێمی كوردستانی عێراق لە حكومەتی ناوەندی عێراق نیگەرانین، چونكە ئەوان هەندێك جۆر رێككەوتنیان لەگەڵ زایۆنیستەكان هەیە”.
راوێژكارە سەربازییەكەی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران گوتبووی “حیزبەكەی بارزانی رێگە بە كونسوڵگەری سعودیە لە باكووری عێراق دەدەن چەك بداتە هێزە ئێرانییەكانی دژی شۆڕش و لەم بوارەوە هۆشداریان پێدەدەین، دەبێت بزانن كە قەرزاری ئێرانن”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
