مه‌سرور بارزانی: داعش ژ ئه‌نجامێ شكستنا سیسته‌مێ سیاسی ل عێراقێ درووست بوو
ZNA- هه‌ولێر
مه‌سرور بارزانی، ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه گه‌ڕاندنه‌وه ئارامی و ئاشته‌وایی هێنده‌ی شكستدانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به داعش) گرنگی هه‌یه، و پێی وایه داعش له ئه‌نجامی شكستی سیسته‌می سیاسی له عێراق درووست بووه.
له نوێترین چاوپێكه‌وتنیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز، مه‌سرور بارزانی ئاماژه بۆ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق ده‌كات له موسڵ و جه‌خت ده‌كاته‌وه كه له قۆناغه‌كانی داهاتووی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، چه‌كدارانی داعش به هه‌موو توانایانه‌وه به‌رگری ده‌كه‌ن بۆ هێشتنه‌وه‌ی موسڵ له ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان.
ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه شه‌ڕی دژ به داعش، نه‌ك ته‌نیا له سۆنگه‌ی سه‌ربازییه‌وه، به‌ڵكو له لایه‌نی ئابووری و هزری ئه‌و گرووپه‌ش، شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن ده‌بێت. زیاتر شیكرده‌وه و گوتی: “ته‌نانه‌ت ده‌ركردنی داعش له مووسڵ به‌س نییه بۆ له‌ناوبردنی گروپه‌كه، ئایدۆلۆژیا تووندڕه‌وه‌كه‌یان هێشتا ده‌مێنێته‌وه”.
مه‌سروور بارزانی هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد كه له ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، داعش چه‌ندین فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، هێزی تۆپخانه و هاوه‌نی كیمیاوی و قه‌ناس هاوێژی له شه‌ڕه‌كاندا به‌كار هێناوه، و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش توانیویانه له به‌رامبه‌ردا زیاتر له ٥٠ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكارو تێكبشكێنن.
ناوبراو پێی وایه شه‌ڕی مووسڵ ئه‌وكاته سه‌ختتر ده‌بێته‌وه كه هێزه عێراقییه‌كان ده‌گه‌نه ڕۆژئاوای شاره‌كه، ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه كۆڵانه ته‌سكه‌كانی ڕێگه نادات ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی گه‌وره به باشی پێشڕه‌وه‌ی بكات، له‌ولاشه‌وه چه‌كدارانی داعش به هه‌موو توانایانه‌وه شه‌ڕ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پایته‌ختی به‌ناو خه‌لافه‌ته‌كه‌یان بپارێزن.
سه‌باره‌ت به مه‌ترسی وێرانكردنی شاره‌كه له‌لایه‌ن داعش، بارزانی ئاشكرای ده‌كات كه ئه‌وان چه‌ندین جۆر بۆمبی چێنراو به تاكتیكی جیاواز به‌كار دێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆمبێك له خانوویه‌كدا ده‌چێن و له كاتی ته‌قینه‌وه‌یدا، زنجیره ته‌قینه‌وه‌یه‌ك هه‌موو گه‌ڕه‌كه خاپوور ده‌كات.
له درێژه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت لایه‌نه‌كانی عێراق پێویسته كێشه سیاسییه‌كانییان وه‌ڵاوه بنێن ئه‌گینا مه‌ترسی ناسه‌قامگیری هێنده‌ی دیكه درێژه ده‌كێشێت. “خاڵی یه‌كه‌م له ڕێگری كردنی سه‌رهه‌ڵدانی ڕێكخراوه تیرۆریستی و تووندڕه‌وكان دڵنیا بوونه له هه‌بوونی ئاشته‌وایی سیاسی و ڕێككه‌وتنێكی سیاسی له نێوان لایه‌نه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی هێچ لایه‌نێك هه‌ست به‌وه نه‌كات په‌راوێز خراوه.”
به پێی گوته‌كانی مه‌سرور بارزانی، نزیكه‌ی 35 هه‌زار چه‌كداری داعش تا ئێستا له عێراق كوژراون و هێشتان چه‌ند هه‌زارێكیان ماوه كه له دژی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق شه‌ڕ ده‌كه‌ن. “هه‌موو ڕۆژێك، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك، هه‌موو مانگێك، ئه‌وان هه‌وڵی ڕاكێشانی خه‌ڵكی نوێ ده‌ده‌ن، چه‌كداری نوێ ده‌چنه ڕێزه‌كانییان.” به‌ڵام بارزانی ئه‌وشی ئاشكرا كرد كه ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌چنه ڕێزه‌كانی داعش كه‌می كردووه.
له‌باره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه هه‌وڵی خۆ خزاندنه ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، بارزانی ده‌ڵێت له سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ تا ئێستا، سه‌دان چه‌كداری داعش ده‌ستگیر كراون كه هه‌وڵییان داوه خۆیان وه‌ك ئاواره نیشان بده‌ن و دواتر شانه‌ی نوستوو له ناو هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێنن، به‌ڵام هه‌موویان ده‌ستگیر كراون.
له كۆتاییدا، بارزانی دووباره جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه داعش به‌رهه‌می شكستی سیسته‌می سیاسییه له عێراق.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
