هه‌رێما كوردستانێ، سیسته‌مێ په‌روه‌ردێ ل پێشیا كارێن خۆ دانايه
ZNA – هه‌ولێر
سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی (نییه‌ر ئێست پۆڵسی ڕیسێرچ) دەڵێت له هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌ت كوالێتی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی له پێشینه‌ی كاره‌كانی داناوه.
سایتی فۆرن پۆڵسی و سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی نییه‌ر ئێست پۆڵسی ڕیسێرچ (CFNEPR ) بابه‌تێكیان له‌سه‌ر پێشكه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونی سیسته‌می په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان بڵاوكردووەته‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ شكستی سیسته‌می په‌روه‌رده له عێراق.
ده‌رباره‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان، نووسه‌ری بابەتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە “هه‌رچه‌نده هه‌رێمی كوردستان بودجەی کەمتری هەبووە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردە، به‌ڵام له كوردستان 18 كتیبی توندڕه‌وی قه‌ده‌غه‌كراون و له په‌رتووكه‌كانی قوتابخانه‌ش ئه‌و ئایه‌تانه‌ی قورئانی پیرۆز دانراون کە باس لە ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەکە، به‌ره‌وپێشچوونێكی به‌رچاو له كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری و زیادبوونی ژماره‌ی قوتابخانه‌كان لە هەرێمی کوردستان هه‌یه و له نێوان سالی 2014 -2017 ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له %34 بۆ %15 كه‌مكراوه‌ته‌وه، ڕێژه‌ی مامۆستا له (٣٨٩٢١) بۆ (١٣٦٣٠٢) مامۆستا لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن به‌رز بووەته‌وه و ژماره‌ی قوتابخانه‌كانیش لە (١٣٢٠) قوتابخانە بۆ (٦٧٨٩) ناوەندی خوێندن زیادی كردووه و ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه خوێندن له كوردستان كه‌رتی گشتییه و بێ به‌رامبه‌ره.
ڕاپۆرتەکە ئاماژه به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونسێف) ده‌كات كه له‌مساڵدا بڵاو كراوه‌ته‌وه و باسی له‌وه كردبوو هه‌رچه‌نده حكومه‌تی عێراقی پاره‌ی زیاتری هه‌یه بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام سیسته‌می په‌روه‌رده له حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستاندا زیاتر به‌ره‌وپیش چووه، ئه‌وه‌ش كاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەو حکومەتەیە كه بوونی كوالێتی به‌رزی خوێندن له كوردستانی له پێشینه‌ی كاره‌كانی خۆی داناوه و باوه‌ڕی وایه په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست كۆمه‌ڵگەیه‌كی پێشكه‌وتوو بونیاد ده‌نێت.
له به‌شیكی دیکەی بابەتەکەی سایتی فۆرن پۆڵسی و سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی نییه‌ر ئێست پۆڵسی ڕیسێرچ، وێڕای ئاماژە بە نەگونجاویی پەرتووکی خوێندنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش، کە هانی منداڵانی دەدا بۆ توندڕەوی، هاتووە کە دایکان و باوکانی منداڵان لەو ناوچانە ڕێگرییان دەکرد لە چوونی منداڵاکانیان بۆ قوتابخانە لە پێناو پاراستنیان لە کردەوەی توندوتیژی.
سەبارەت بە دەسەڵاتی حەشدی شەعبی لە سیستمی پەروەردەی عێراقیشدا باس لەوە کراوە کە دەسەڵاتی ئەو گرووپە گەیشتووەتە ناو كه‌مپه‌كانی زانكۆ و ئه‌وه‌ش زۆر مەترسیدارە و پێی وایە دەبێتە هۆکارێک بۆ بڵاوکردنەوە و گواستنەوەی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی ئێران له زانكۆ و ناوەندەکانی باڵای خوێندن لە عێراق. لەو بارەیەوە داواکارییەکی (موحسین به‌هزاد كه‌ریمی) سەرکردەیەکی ئێرانی لە قوتابیانی زانكۆ وەک بەڵگە دێنێتەوە کە داوای لێکردبوون “پاڵپشتی شەهیدهكان بن”. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كه‌مینه‌كان له دووتوێی په‌رتووكه‌كانی په‌روه‌رده‌ی عێراقدا پشتگوێ خراون و له هیچ شوێنیكدا باس له مێژووی کریستیانەکان یان ئێزدی و کەمینەکانی دیکەی ئایینیی عێراق نه‌كراوه، و بە گوێرەی نووسەری بابەتەکە، شیعه ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر هه‌موو جمگەکانی دەسەڵات لە عێراقدا، ته‌نانه‌ت به‌شیك له قوتابیان خه‌ریكه وڵات و ناسنامه‌ی خۆیان له‌به‌ر شیعه‌بوون له‌بیر ده‌كه‌ن و ته‌نیا وه‌ك شیعه خۆیان ده‌بینن.
له كۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووە کە “پێویسته ئه‌وه‌مان له‌یاد بێت سیسته‌می په‌روه‌رده كاردانه‌وه‌ی هه‌یه بۆ سه‌ر به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتری قبووڵكردن به‌شیك نه‌بوو له‌و سیسته‌مه، ده‌بێت عێراق چ جۆره داهاتوویه‌كی هه‌بێت؟”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
