بریارە پسوولا ئاهێن خوارنێ گهۆرين تێدا بێنه كرن
باسنيوز:
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی بە (باس)ی راگەیاند: ”بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێمان گەیشتووە، گۆڕانكاری لە پسوولە و كۆبۆنی خۆراك دەكرێت و بڕیارە لە بڕی پسوولە بكرێتە كارتێكی زیرەك.
نەوزاد ئەدهەم، ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەو گۆڕانكارییە و دەركردنی كارتی زیرەك لەبری پسوولە، پڕۆژەیاسایەك ئامادە كراوە، گوتی: ”بەپێی ئەو سیستەمە بێت ئەو هاووڵاتییانەی لە چوارچێوەی پسوولەی خۆراكدا تۆمار كراون، دەتوانن بەو كارتە بڕە خۆراكی خۆیان وەربگرن“.
بەپێی پڕۆژە یاساكە، كە كۆپییەكی دەست (باس) كەوتووە، ئامانجی یاساكە پاراستنی هاووڵاتییانە لە یاریكردن بە بەشەخۆراكیان و گەرەنتیی گەیشتنی بەشەخۆراكەکە پێیان.
هەروەكو ئەوەش تیایدا هاتووە، كە هەر هاووڵاتییەك یان سەرۆكی خێزان ژمارەیەكی تایبەت بە خۆی دەبێت لە كارتی زیرەكی ئەلیكترۆنی و وەزارەتی بازرگانیش دەبێ گۆڕانكاریی لەدایكبووی تازە و مردووان بە بەردەوامی ئەنجام بدات لەنێو كارتەكەدا.
نەوزاد ئەدهەم ئاشكرای كرد، لەنێو سیستەمەكەدا جیاوازییەك هەیە لەگەڵ پسوولەی ئێستای خۆراك، گوتیشی: ”ئێستا شەكر و برنج و رۆن و ئارد هەیە، بۆ نموونە هاووڵاتییەك نایەوێت شەكر وەربگرێت لەبری ئەوە دەتوانێت برنج وەربگرێت بە برنج قەرەبوو دەكرێتەوە، ئەو گۆڕانكارییە رێگەی پێ دراوە“.
وەزیری پێشووی بازرگانیی عێراق ئەوەی بە (باس) ڕاگەیاندبوو، 35 ملیۆن كەس لە عێراق خۆراكی مانگانەیان بۆ دابین دەكرێت و پسوولەی خۆراكیان هەیە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی كوردستان جەختی كردەوە، ئەو سیستەمەی لەبری پسوولەی خۆراك كاری پێ دەكرێت ئێستا لەژێر توێژینەوەدایە، بەڵام پشتیوانیی خۆی بۆ سیستەمەكە راگەیاند، گوتیشی: ”سیستەمەكە شتێكی باشە و رێگری لە ساختەكاری دەكات و كێشەی كەمترە و كارپێكردنی ئاسانتر دەبێت“.
بەپێی زانیارییەكان، زیاتر لە 8 ملیۆن و 500 هەزار پسوولەی خۆراك بۆ ساڵانە چاپ دەكرێت و دابەشی سەر بریكارەكانی خۆراك دەكرێت.
نەوزاد ئەدهەم نایشارێتەوە، رەخنە و گلەیی زۆر لە بەشەخۆراك هەیە، ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە سیستەمی كۆبۆنی خۆراك سیستەمێكی ناوەندییە و لەژێر دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاكاندا نییە.
بڕیاری 986ی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1997وە لەڕێگەی بریكارەكان خۆراكی مانگانە دابەشی سەر هاووڵاتیان دەكرێت و لە بودجەی عێراقیشدا پارەى ساڵانە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
