شبكة لالش الاعلامية

ئەمریکا پڕۆژەیەک ل هەرێما کوردستانێ راگەهاند

ئەمریکا پڕۆژەیەک ل هەرێما کوردستانێ راگەهاند

رووداو – هەولێر

ئەمریکا پڕۆژەیەکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. جۆن لیستەر، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت: “پڕۆژەکە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزارییە و پڕۆژەی تەکامولی پێدەڵێن، بودجەکەیشی دەگاتە 160 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەکە لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێدەکرێت و کۆمەڵێک بوار لەخۆدەگرێت”.

رۆژی دووشەممە 12-3-2018، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دۆگلاس سیلمان، باڵیۆزی‌ ئەمریکا له‌ عێراق و جۆن لیستەر، نێردەی رێکخراوی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لقێکی رێکخراوی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتییان لە هەولێر کردەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست.

قوباد تاڵەبانی: پڕۆژەکە پەیامێکی بەهێزە بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەمریکا لەگەڵمانە

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: “خۆشحاڵین ئەمڕۆ لێرەین بۆ راگەیاندنی کردنەوەی نووسینگەی AID لەپێناو حکومڕانی دروست و شەفاف لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ئەم کارە هاوبەشە رادەگەیێنین، هیوادارین ببێتە هەنگاوێکی دیکە بۆ بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە لەنێوان حکومەتی ئەمریکا و هەرێمی کوردستاندا هەیە”.

جێگری سەرۆکوەزیران راشیگەیاند: “پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ساڵای 1991 دەگەڕێتەوە، ئەوکات تیمێکیان لە هەرێمی کوردستان بوو و هاوکاری مرۆییان دەگەیاندە خەڵکی کوردستان لەکاتی کۆڕەوەکە. خۆشحاڵین ئەمڕۆ AID گەڕاوەتەوە و دیسان بە بەهێزی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان لەپێناو حکومڕانییەکی دروستتر و شەفافیەت و چاکسازی کاردەکات”.

بە بۆچوونی قوباد تاڵەبانی، ئەم کارە هاوبەشەی حکومەتی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی بەهێز دەبێت بۆ ئەو چاکسازییانەی ئەنجامیانداون و کاریان لەسەر دەکەن، وەکو بەرنامەی بایۆمەتری، چاکسازییەکانی میلاکات، رێکخستنەوەی هەیکەلییەتی حکومەت و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان. گوتیشی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە چەندین بەرنامەی چاکسازی کردووە و ئەنجامیداون، ئەم چاکسازیانە چاکسازی ریشەیی و بەرجەستەن و تەنیا دروشم نین، بۆیە ئێمە خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لەڕێگەی ئەم کارە هاوبەشە دەتوانین پەرە بەو چاکسازییانە بدەین”.

بە ئاماژەکردن بەوەی یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان لەم کارە هاوبەشەی نێوان حکومەتی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوکردنی سیستەمێکی لامەرکەزیی کارگێڕی و داراییە لە هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: “پرسی لامەرکەزییەت، نا سێنتراڵی یان هەر ناونیشانێکی دیکە، پرسێکە زۆر گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، هەندێک جاریش تاقیکراوەتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بەشێوازێک ئەم سیستەمە پەیڕەو بکەین، یەکەم فەوزا لە سیستەمی ئیدارییەکەمان نەنێتەوە، بەڵکو تۆکمەی بکات و رێکیبخات و وامان لێبکات وەکو حکومەتێک خزمەتێکی باشتر بگەیێنین بە هاووڵاتییەکانمان، ئەم هاوکاری و پشتیوانی و کاری هاوبەشە دیسان دەیسەلمێنێت کە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی ریشەیین”.

وێڕای دەستخۆشی و سوپاسکردنیان، جەختیکردەوە کە ئەمریکا بەو پەیامە دەیسەلمێنێت پابەندە بە حکومەتێکی هەرێمی کوردستانی بەهێزی یەکگرتوو لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵدا. گوتیشی: “پەیامێکی بەهێزیشە بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەمریکا لەگەڵمانە و هاوکارمان دەبێت”.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: بەردەوام پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکەین

دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا رایگەیاند: ” پرۆگرامەکە بۆ ئەوەیە گۆڕانکارییەک لە ژیانی خەڵکی ناوچەکە دروستبکات، ئەویش بە پشتگیریکردنی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەولێر لە هەموو رووێکەوە بۆ باشترکردنی لایەنی دارایی و باشترکردنی باروگوزەرانی خەڵکی لەڕووی پشتگیرکردنی هەردوو حکومەت لەڕووی داراییەوە”.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسی لەوە کرد کە رێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان وادەکەن ئیدارەی دارایی بەرەوپێش بچێت و دامودەزگاکانیش بەهەمانشێوە پێشکەوتن یاخود بەرەوپێشچوون لە کارەکانی خۆیان ئەنجامبدەن. ئەو نموونەیەکی هێنایەوە و گوتی: “بۆ نموونە IGPA وادەکات سیستەمی تۆمارکردن بۆ بڕی دارایی و بۆ مووچە و هەموو لایەنەکان بەرەو باشتر بچن و چاکسازییان تێدا ئەنجامبدرێت، ئەمە وادەکات بڕە پارەیەکی باش لە داهاتوودا بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە، لایەنی داراییش بەشێوەیەکی شەفاف و چالاک کارەکانی خۆی ئەنجامبدات و پارە بەفیڕۆ نەدرێت”.

دۆگلاس سیلیمان گوتیشی: “IGPA، رێکخراوە مەدەنییەکان و خزمەتگوزاری گشتی لەخۆدەگرێت و خزمەتێکی باشتر پێشکەش بە خەڵکی ناوچەکە دەکات. یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە و رێکخراوە مەدەنییەکانیش ئەوەیە دەستمان بگاتە هەموو کۆمەڵگەکان بە هەموو چین و توێژ و ئایینەکان بۆئەوەی باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکەین”.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق جەختیکردەوە کە IGPA نوێنەرایەتی بەردەوامی ئەمریکا بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دەکات، تاوەکو خەڵکی ناوچەکە بتوانن گوزەرانێکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر بۆ خۆیان فەراهەم بکەن.

پڕۆژەکە لە کام بوار کاردەکات؟

یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە جۆن لیستەر، نێردەی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوو. ناوبراو رایگەیاند: “جێی شانازیە ئەمڕۆ سەنتەری پڕۆژەی حکومڕانیی بۆ ئەدای حکومڕانی بەرپرسیار لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
من جۆن لیستەرم بەرپرسی سەرەکی پڕۆژەکەمە، ئەو پرۆژەیە پڕۆژەیەکی وڵاتی ئەمریکایە بۆ بەرەوپێشتبردنی ئاستی خزمەتگوزاری، ئەو پڕۆژەیە کە پڕۆژەی تەکامولی پێدەڵێن بودجەکە دەگاتە 160 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەکە لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێ دەکرێت و ئەو بوارانەی خوارەوە لەخۆی دەگرێت:

– یارمەتی بەرزکردنەوەی توانای دامودەزگاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەدات لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمی و پارێزگاکان.

– کردنەوەی خول بۆ بەرزکردنەوەی تواناکان بۆ باشترکردنی ئیدارەی گشتی دارایی.

– یارمەتی کۆمەڵگەی مەدەنی دەدات بۆئەوەی زیاتر بەشداربن لە بڕیاردان لە چۆنییەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.

– پرۆژەیەکی پراکتیکییە زیاتر وادەکات گۆڕانکارییەکی تەواو دروستبکات لە ژیانی خەڵکی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.

جۆن لیستەر راشیگەیاند: “ئێمە بەتایبەتی زۆر دڵخۆشین کە لێرە لە هەرێمی کوردستان کاربکەین، ئێمە دەستمانکردووە بەوەی کار بکەین هەروەها پەیوەندی ببەستین لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان. من زۆر دڵخۆشم بەڕێز ئیبۆ رەسوڵ بناسێنم، ئەو بەڕێوەبەری سەنتەری ئەو پرۆژەیە دەبێت لە هەولێر”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

وەزارەتا دارایی خشتەيێ به‌لاڤكرنا مووچەيێ هه‌يڤا ئەیلوولێ ڕاگەهاند

Lalish Duhok

رێبەر ئەحمەد: ڕێكێ نادەین چ كەس كلتوورێ پێكڤەژیانێ ل كوردستانێ تێكدەت

Lalish Duhok

ئۆباما: هه‌ڤپه‌یمان و پێشمه‌رگه ‌و هێزێن ئیراقێ دێ مووسلێ كۆنترۆل كه‌ن

Lalish Duhok