حكوومەتا عێراقێ ل 2014 قەردارا هەرێما کوردستانێ يە
باسنيوز:
دوای ناردنی بڕی 200 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، وەکو بودجەی مانگێک، پەرلەمانتارێکی كورد لە بەغدا ڕای دەگەیەنێت ئەوە سەلماندی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە پابەندی رێکەوتنەکانیەتی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نەناردنی پارە و بودجەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەو بەربەستانە بووە کە لە بەغدا دروست کراون، ئاماژە بەوەش دەدات موزایەدەچییەکانی کورد دەیانویست ڕای گشتی بشێوێنن و وای دەرخەن هەرێمی کوردستان پابەندی رێکكەوتنەکان نابێت.
لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردی دژ بە هەرێمی کوردستان، کە دەستبەرداری کاری پەرلەمانتاری خۆیان بوون و رۆژانە دژایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕایانگەیاند، بەپێی ئەو رێکكەوتنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی لەگەڵ بەغدا، ئەوە نەک پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت، بە پێچەوانەوە هەولێر 100 ملیار دیناریش قەرزار دەبێتەوە بۆ هەر مانگێک، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە بەغدا رەزامەندیی بە بڕی 200 ملیار دینار وەکو حەقە بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی رێکكەوتنەکانی کە کراون بۆ مانگێک داوە.
لەمبارەیەوە، محەمەد ئەمین فارس پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەبەرامبەر بەو قەرزە زۆرەی کە لەسەر حکوومەتی عێراقە لە 2014ەوە هیچ ناکات، بەڵام ئەوەش بەهۆی هەوڵی بەردەوام و پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بووە بەو رێکەوتنانەی کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردوویەتی، گوتی ”ناردنی ئەو پارەیە شەرمەزاریی بۆ موزایەدەچیەکانی کورد دروست کردووە کە هەرێمی کوردستانیان لەبەرامبەر بە بەغدا بە قەرزار و خەتابار پیشان دەدا، بەڵام ئەوە سەلماندی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میللەتەکەی خۆی راستگۆ بووە و پابەند بووە بە هەموو ئەو ئەرکانەی کە لە ئەستۆی بووە بەبێ ئەوەی سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكات و لەسەر حسابی پێگەی هەرێمی كوردستان بێت“.
گوتیشی ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەمێکە کە شاندەکانی دەنێرێتە بەغدا و راستگۆیانە لە رێكکەوتنەکان هاتووەتە پێشەوە، بەڵام بەربەستەکان لە بەغدا رێگر بوون لە جێبەجێکردنی رێکكەوتن، بەڵام ئەمجارەیان بە هەوڵی هەموو لایەک لە هەولێر و بەغداوە کە نوێنەرانی کورد داویانە، وا دیارە بەغدا دەستی بە جێبەجێکردنی رێکكەوتن کردووە و ئەو بڕە پارەی بڕیار داوە بۆ هەولێر مانگانە بنێرێت“.
ڕاشیگەیاند موزایەدەچیەکان بەردەوام رای گشتییان چەواشە کردووە، بەوەی ”زۆربەی کات موزایەدەچیەکان لەپێناوی دەنگ کۆکردنەوە گوێ بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان نادەن، لە لایەك خەڵکی چەواشە دەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە بەو چەواشەکارییە خەریکی کۆکردنەوەی دەنگن، کە بەداخەوە خەڵکی کوردستان باجی ئەو کارانەی ئەوانەی داوە، دوای ناردنی پارە لە بەغداوە حەق وایە شەرم بیانگرێت و چیتر دژایەتیی هەرێمی کوردستان نەکەن و كەمێك بە خۆیان و بە لێدوان و هەڵوێستەكانیاندا بچنەوە“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
