قایممقامێ شنگالێ:بەغدا پەکەکه بۆ تێکدانا دهڤهرا مه ب کرێ گرتيه
باسنيۆز:
قایمقامی شنگال ڕای گەیاند، پەکەکە لە لایەن بەغداوە بەکرێ گیراوە و ئامانجی تێکدانی دەڤەری شنگالە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12\10\2016، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”حکوومەتی عێراق بە مەبەستی دەستوەردان لە کاروباری دەڤەرەکەمان، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بۆ شنگال هێناوە، ئێستاش پەکەکە بووەتە مەترسی لەسەر هاووڵاتییانی شنگال“. جەختیشی لەوە کردەوە کە خاکی شنگال شوێنی پەکەکە نییە و هیچ بەرژەوەندییەکی ئەو هێزە کوردییە لە ناوچەکەیان نییە، چونکە: ”خەڵکی شنگال ڕازی نابن پەکەکە لە ناوچەکە بمێنن، پێویستە بەغدا بڕیاری ئەوە بدات کە جارێکی دیکە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات“.
قایمقامی شنگال پێی وایە، حکوومەتی عێراق پەکەکە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی لە شنگال بەکار دەهێنێت. دەشڵێت: ”ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ئاڵۆزی زیاتر دەبێت، هۆکارەکەش هەبوونی پەکەکەیە لە شنگال، داوا دەکەین پشتیوانی لەو هێزە نەکرێت، بۆ ئەوەی بچن خاکی خۆیان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕزگار بکەن، چونکە مەیدانی ڕاستەقینەی پەکەکە لە کوردستانی باکوورە“.
ئەمە لە کاتێک دایە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، تەرمی دوو فەرمانبەری ڕێگاوبانی دهۆک لە چیای شنگال دۆزرایەوە کە وەک پێشمەرگەی خۆبەخش چووبوونە ناوچەکە، دواتریش جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان، پەکەکەی بە تیرۆرکردنی ئەو پێشمەرگە خۆبەخشانە تۆمەتبار کرد و بەناوی سەرجەم کوردانی ئێزدی، داوای کشانەوەی (پەکەکە)یان لە چیای شنگال کرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
