پەکەکە و حەشدا شەعبی رێ نادهن ئیدارا شەرعی يا شنگال ڤهگهرته ڤه
باسنيوز:
قائیمقانی قەزای شنگال رای دەگەیەنێ، ئەوان ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ قەزاکەیان و هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکانیان لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو کردووە، بەڵام پەکەکە و حەشدی شەعبی ڕێگە بە گەڕانەوەیان نادەن، ئەگەر ئەوەش نەکرێ شنگال دەکەوێتەوە بەر مەترسیی داعش.
بەهۆی چۆڵکردنی سنوورەکانی شنگال لەگەڵ سووریا، کە لەلایەن لیوای 11ی سوپای عێراقییەوە دەپارێزرا، مەترسیی دووبارە گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو شارە ئێزدینشینە هەیە، کە پێشتر بەهۆی داگیرکردنی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە بە هەزاران کەس بوون بە قوربانی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار خەڵکی ئێزدی ئەو سنوورەی لێ کەوتەوە، کە تا ئیستاش زیاتر لە 3 هەزار لە ژن و منداڵ چارەنووسیان نادیارە.
ئەوە جگە لەوەی کە بوونی پەکەکە لەو قەزایە بیانووی داوە بە تورکیا کە هەڕەشەی ئۆپەراسیۆن و هێرشکردنە سەر قەزای شنگال بکات، کە پێشتریش لەڕێگەی فڕۆکەوە بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەو ناوچەیە کردووە.
مەحما خەلیل، قایمقامی قهزای شنگال بۆ (باس) رای گەیاند ئەوە بۆ جاری دووەمە حهشدی شهعبی و ئەو هێزەی سەر بە PKKیە بەیەکەوە ڕێگری له گهڕانهوهی ئیدارهی شهرعیی شنگال دەکەن، گوتی: “بۆ جارێكی دیكه ههردوو حكوومهتی ههرێم و بهغدا ڕهزامهندییان داوه بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال، کە هەڵبژێردراوی خەڵکە بۆ قەزاکە، بەڵام دووبارە هێزەکانی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی ڕێگری لە گەڕانەوە دەکەن، بەڵام بڕیار هەیە هێزێكی هاوبهشی پێشمهرگه و سوپای عێراق ئێمه بپارێزێت، بە هیچ شێوەیەکیش لەگەڵ ئەوەدا نین شەڕ و ململانێی چەکداری لە شارەکەدا روو بدات”.
مهحما خهلیل، قائیمقامی قهزای شنگال، گوتیشی: “وا بڕیار بوو ئێمه له چهند ڕۆژی رابردوودا بگەڕێینهوه بۆ شنگال و ههموو ئامادهكارییهكیشمان كردووە بۆ خزمەتکردنی شارەکە، بەڵام دووبارە هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی بوون بە ڕێگر لە گەڕانەوەمان، کە بەهۆی نەبوونی ئیدارەی شەرعی لەو قەزایە، ئاوارە ئێزدییەکانیش متمانە ناکەن و لە کەمپەکاندا ناگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان”.
قائیمقامی قهزای شنگال ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ئیدارەیەی ئێستا پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال بەڕێوەی دەبەن، نایاساییە و خۆی بەسەر قەزاکەدا سەپاندووە، گوتی: “داوامان كردووه لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق و ئەمەریکا لەو سنوورە، ڕێز لە یاسا بگیرێت و جێبەجێ بکرێت، بەڵام دۆخەکە تا ئێستا وەکوو خۆیەتی و هێزە نایاساییەکان ڕێگە بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی قەزاکە نادەن، لەبەرئەوە بۆ پاراستنی ئیدارهی شهرعیی شنگال داوامان كردووه كه هێزێكی هاوبهشی پێشمهرگه و سوپای عێراق ئێمه بپارێزێت، بەڵام لەو دۆخەدا لیوای 11ی سوپای عێراق لە سنوورەکە، بە بیانووی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بە چەکە قورسەکانیەوە کشاوەتەوە و تاوەکوو ئێستا ئەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک دەچێت نەگەڕاوەتەوە، ناوچەکانیان هێزی پەکەکە و حەشدی شەعبیی لێ جێگیر کراوە، کە ئەوەش مەترسییەکی دیکەیە لەسەر قەزاکە”.
بەپێی زانیارییەکانی (باس) ئەو هێزە عێراقییەی کە لە سنوورەکانی شنگال کشاونەتەوە بەرەو سەربازگەیەکی پارێزگای مووسڵ رۆیشتووە و جێگیر بووە.
سەرچاوەیەکی چاودێر لە سنوورەکە ئاشکرای کرد، ئەوەی ئێستا جێگەی ئومێدی خەڵکەکە بێت لە شنگال بوونی ئەو هێزە ئەمەریکییەیە کە لە شاخی شنگال جێگیر بوون، ئەگەرنا بە سەدان کەس ماڵ و ژیانی خۆیان لە شنگال جێ دەهێشتەوە، کە تاوەکوو ئێستاش ژمارەیەکی زۆری خەڵکی قەزاکە لە کەمپەکانی پارێزگای مووسڵن و متمانەیان بە پەکەکە و حەشدی شەعبی نییە بتوانێ ناوچەکانیان بپارێزێ.
لەمبارەوە قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال بۆ (باس) رای گەیاند، دۆخی شنگال تەنیا بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئیدارەی شەرعیی قەزاکە کە هەڵبژێردراوی خەڵکەکەن، چارەسەر دەبێت، گوتی: “لە جاری یەکەمدا ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی و پەکەکە خەڵکی خۆیان کۆ کردەوە و خۆپیشاندانیان کرد بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی قەزاکە، بۆ ئەوەی کێشە روو نەدات ئەو پرسە راگیرا، بەڵام دۆخی شنگال هەر نابێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە”.
ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەوەش کردەوە، کە بۆ گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار کراونەتەوە، چ لە لایەن خەڵکی قەزاکە یان دەزگا فەرمییەکانەوە، گوتی: “لەلایەن خەڵک و ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ و ئیدارەی قەزاکەوە ئەمەریکییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار کراونەتەوە، حکوومەتی عێراق لاریی نییە لە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی قەزاکە، کە لەلایەن خەڵکەوە متمانەیان پێ دراوە، بەڵام بوونی ئەو هێزانە ڕێگریی لە گەڕانەوەیان کردووە و پرسەکە بەو شێوەی ئێستا ماوەتەوە، کە مەترسیدارە و ناکرێ بەردەوام بێت”.
جێی باسە. لەدوای ڕووداوهكانی 16ی ئۆكتۆبهرەوە ئیدارهی شهرعی له شنگال بەهۆی هاتنی هێزەکانی حهشدی شهعبی و پهكهكه لە قەزاکە کشاوەتەوە و ئەو هێزانە ئیدارهیهكی نایاساییان داناوه و شنگال بهڕێوه دهبەن، بهڵام ئیدارهی پارێزگای مووسڵ و ئهنجومهنی پارێزگای مووسڵ مامهڵه لهگهڵ ئهو ئیدارهیە ناكهن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
