بریکارێ میرێ ئێزدیان:ههتا ههڤركيێن سیاسی ل شنگالێ هەبن ئاوارە ڤهناگەرن
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری میری ئێزدیان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ململانێی سیاسی لە شنگال هەبێت ئاوارەکان لە کەمپەکانەوە ناگەڕێنەوە شارەکەیان، چونکە ئاسایشی شارەکە سەقامگیر نییە.
هەرمان میرزابەگ، بریکاری میری ئێزدیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، “خەڵکە ئاوارەکەی ئێمە ناگەڕێنەوە شنگال تاوەکو ئەو ململانێ سیاسییەی لەوێ هەیە تەواو نەبێت.”
بریکاری میری ئێزدیان پێیوایە، چارەسەری سەرەکی ئەوەیە کە رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی بە ئازادی بگەڕێنەوە.
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا. رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە – پەکەکە لە شاری شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
هەرمان میرزابەگ باسی لەوە کرد، ئەوە هەشت ساڵە پرسی ئێزدییان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە؛ هێشتا کەسەکانیان لەناو کەمپدان و لە دۆخێکی سەختدان.
بریکاری میری ئێزدیان گوتی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەنیا خۆی لە خەڵکی ئێزدی کردووەتە خاوەن و تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی نەناوە کە قەرەبووی ئەو خەڵکە بکاتەوە.”
لە کاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال ژمارەیەکی زۆر ئیزدی رفێنران کە هێشتا بەشێکیان رزگار نەکراون، هەرمان میرزابەگ گوتی: “ئەوە مایەی دڵتەنگییە.”
بەگوتەی بریکاری میری ئێزدیان، رەوشی شنگال باش نییە و هەر ماوەی جارێک شەڕ لە نێوان هێزەکانی عێراق و پەکەکەدا روودەدات، بەوهۆیەشەوە خەڵکی دیکە ئاوارە دەبن.
هەرمان میرزابەگ ئەوەی خستەڕوو کە “شنگال هەر وەک خۆیەتی و بەپێی پێویست ئاوەدان نەکراوەتەوە و ئێستا لەوێ دوو ئیدارەیی هەیە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
