میر حازم تەحسین بەگ سەرهدانا شنگالێ كر
رووداو – شنگال
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-10-2022 سەردانی شنگالی کرد و گوندی کۆچۆی بەسەرکردەوە.دوای سەردانی بۆ گوندی کۆچۆ، میر حازم تەحسین بەگ رایگەیاند، ئەو گوندە “هەزاران ساڵە هی ئێزدییەکانە، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هات تەعەدایەکی گەورەیە و تائێستاش بەردەوامە، لەبەرئەوەی تائێستاش هەشت ساڵە خەڵکی ئێمە لەژێر خێوەتدا دەژین و نەگەڕاونەتەوە شنگال.”
میری کوردانی ئێزدی داوا دەکات، کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی “لە هەموو وڵاتان بە فەرمی پەسند بکرێت.” دەشڵێت، “راستە ئەمڕۆ 11 وڵات دانیان بەوەدا ناوە، بەڵام ئێمە داوامان ئەوەیە، هەموو پەرلەمانەکانی جیهان دان بە جینۆسایدکردنی [کوردانی] ئێزدی بنێن.”
لە درێژەی قسەکانیدا میر حازم تەحسین بەگ گوتیشی، “هەرکەس مێژووی ئێزدییەکانی خوێندبێتەوە دەزانێت چەندمان تەعەدا بەرامبەر کراوە، چەند هێرشمان کراوەتەسەر، ساڵی 2014 هەموومان بینیمان 6500 کچ و ژن و خوشکی ئێمە کەوتنە دەست داعش. هیوامان ئەوەیە دادگەی نێودەوڵەتی رێکارەکان بگرێتەبەر بۆ روونبوونەوەی راستییەکان و دان بە جینۆسایدکردنی خەڵکەکەماندا بنێت و خەڵکی ئێمە بگەڕێتەوە شنگال و قەرەبوو بکرێنەوە.”
بە گوتەی میری کوردانی ئێزدی، یەک ملیۆن و 200 هەزار ئێزدی لە جیهاندا هەن، “ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوە و ئێمە زانکۆمان خوێندووە و چووینەتە ناو پەرلەمان، رێکخراوەکان خولیان بۆ کردووینەتەوە و شێخی عەرەبانمان بینیوە و ئاغا کوردەکانمان بینیوە و حکومەتمان بینیوە، ئێمە دەزانین دنیا گەیشتووەتە کوێ.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا میر حازم تەحسین بەگ ئەوەی خستەڕوو، “ئەمڕۆ هاتووم شکۆی ئێزدییەکان ببینم، هەربۆیە سەردانی گوندی کۆچۆم کرد، ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ لێرە دەمێنمەوە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی