حكومەتا هەرێما كوردستانێ ئامارا داويێ يا ئاوارە و پەنابەران بهلاڤكر
رووداو – هەولێر
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ژمارەی ئاوارە بڵاودەكاتەوە و ئاشكرایدەكات، 40%ی ئاوارەكانی عێراق و 97%ی ئاوارەكانی سووریا لە عێراق، لە شارەكانی هەرێمی كوردستانن.
رۆژی دووشەممە 14-11-2016 ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكی رۆژنامەڤانیدا ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی بڵاوكردەوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ئاشكرایكرد “لە كوردستاندا یەك ملیۆن و 411 هەزار و 314 كەس ئاوارەی ناوخۆی عێراق و، 216 هەزار و 860 پەنابەری سووری لە هەر سێ شاری هەولێر، و دهۆك و سلێمانی میوانداری كراون”.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان روونیدەكاتەوە، شەپۆلی هاتنی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە، لەگەڵ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی گەیارە زیاتر لە 33 هەزار كەس لە گەیارە و شەرگات و ناوچەكانی حاجی عەلی ئاوارەبوونە و لە كەمپی دیبەگە نیشتەجێكراون. هەروەها رۆژانەش زیاتر لە 100 كەس ئاوارەدەبن و لەو كەمپە نیشتەجێ دەكرێن.
لە بارەی ژمارە ئاوارەكانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، ناوەندەكە دەڵێت “زیاتر لە 36 هەزار و 600 كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە، لە كەمپەكانی خازر و حەسەن شام و زێلكان نیشتەجێكراون، ئەو ژمارەیەش دەكاتە 78%ی تەواوی ئاوارەكان”.
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، رۆژانە زیاتر لە هەزار كەس خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ ناوچە ئارامەكان و لە كەمپەكان نیشتەجێدەكرێن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكان گەڕاندووەتەوە بۆ خاپوورکردنی ژێرخانی ناوچەكان و هەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە مین و مەترسی و هاوكات وێرانبوونی ماڵی هاووڵاتیان و نەبوونی بودجە و بەرنامەیەكی روون بۆ ئاوەدانكردنەوە و پشتگیریكردنی ماددی بەو خێزانانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئاوارەكانی ناوخۆ نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و ئەوەش كاریگەری خراپی كردووەتە سەر پڕۆسەی گەڕانەوە و باری دەروونی ئاوارەكان.
لە كۆتایی بەیاننامەكە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە 7 خاڵ گرنگترین پێداویستی ئاوارەكان دەخاتەڕوو.
1. دابینكردنی شوێنی نیشتەجێكردنی زیاتر، چونكە ئێستا كە لە سەرەتای پرۆسەی ڕزگاركردنی نەینەوا داین بەشێك لە كەمپەكان توانای لەخۆگرتنی ئاوارەیان نەماوە.
2. پێداویستی زستانە: بە تایبەت هیتەری نەوتی، نەوت، جلوبەرگ و بەتانی و رایەخ.
3. بنكەی تەندروستی: ئێستا ئاوارەكان پێویستیەكی زۆریان بە بنكەی تەندروستی هەیە لە كەمپەكان.
4. پاككردنەوە: بوونی پاشماوە و خاشاكێكی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكان.
5. تەواوكردنی سەنتەری پێشوازی لەماوەیەكی كورت.
6. دابینكردنی ئامێری پشكنینی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێل بە مەبەستی پاراستنی گیانی ئاوارەكان.
7. دابینكردنی خواردن بە شێوەیەكی بەردەوام، بەتایبەتی خواردنی منداڵان و شیر و بیسكویت و سریلاك و هتد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
