تەنها “20%ی مامۆستا ژ دراڤێ پشتهڤانيێ هاندان مفادار دبن
رووداو – هەولێر
وەزارەتی دارایی و ئابووری رێنماییەكی نوێی بۆ مامۆستایان دەركردووە، بەپێی بەدواداچوونەكانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش لە پەرلەمانی كوردستان، تەنیا 20%ی مامۆستایان لە وەرگرتنی پارەی هاندان سوودمەند دەبن، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر بڕیار بوو 100 هەزار دینار بۆ مامۆستایانی نێو شار و 150 هەزار دیناریش بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شارەكان بەناوی پارەی هاندانەوە بۆ سەرجەم مامۆستایان خەرج بكرێت.
ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “بەپێی رێنماییەكی وەزارەتی دارایی، تەنیا ئەو مامۆستایانە لە وەرگرتنی پارەی هاندان سوودمەند دەبن كە لە هەفتەیەكدا 24 وانە دەڵێنەوە، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كردوومانن، رێنماییەكە تەنیا 20%ی مامۆستایان دەگرێتەوە، ئەوەش كارێكی زۆر خراپە”.
سەرۆكی لیژنەكە باسی لەوەش كرد، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە كار بۆ ئەوە دەكەن رێنماییەكەی وەزارەتی دارایی نەمێنێت و پارەی هاندان سەرجەم فەرمانبەر و مامۆستا و كارمەندانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بگرێتەوە، گوتیشی “بۆ ئەو مەبەستە رۆژی سێشەممە 24-1-2017 لەگەڵ وەزیری پەروەردە كۆدەبینەوە، خۆشبەختانە ئەوانیش هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەیە، هیوادارین بە هەردوولامان فشار لەسەر وەزارەتی دارایی دروست بكەین و ئەو رێنماییە هەڵبووەشێنێتەوە، تاوەكو پارەی هاندان سەرجەم ئەو كەسانە بگرێتەوە كە لە وەزارەتی پەروەردە مووچە وەردەگرن”.
بەهۆی پاشەكەوتكردنی بەشێك لە مووچەكانیان، لە ماوەی رابردوودا مامۆستایان ناڕەزایەتێكی زۆریان دەربڕی، حكومەتیش بڕیاری دا بە هاوكاری رێكخراێكی ئەڵمانی بڕە پارەیەك بەناوی پارەی هاندان بۆ مامۆستایان خەرج بكات، پاشان بڕیار درا 100 هەزار دینار بۆ مامۆستایانی نێو شار و 150 هەزار دیناریش بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شارەكان خەرج بكرێت، بەڵام بەپێی رێنماییەكی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرگرتنی ئەو پارەیە تەنیا ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە كە لە هەفتەیەدا 24 وانە دەڵێنەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
