تارق نووری: ل ناڤ ئاوارەيان دا ژمارەیەکا زۆر يا تیرۆرستان هاتينه دەستهسهركرن
هەولێر-KDP.info-![]()
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ڕەتی کردەوە، ھیچ مێردمنداڵێک، لەوانەی بە تۆمەتی داعشبوون دەستگیر کراون، لەلایەن ئاسایشەوە ئەشکەنجە درابێت و، ھەموویان بە فەرمانی دادوەر ڕەوانەی چاکسازیی نەوجەوانان کراون. ئەو دەڵێ، لەم دواییانەدا، لەنێو ئاوارە تازەهاتووەکاندا ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست دەستگیر کراون.
(د. تارق نووری)، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ”ئەو منداڵ و ھەرزەکارانەی لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون، ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ کەسێک دەبێت. ھەموویان بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون و دواتر ڕەوانەی چاکسازیی نەجەوانان کراون و، ئەوەی کە گۆیا لەلایەن ئاسایشەوە ئەشکەنجە دراون، ھیچ ڕاست نییە، چونکە دوای بڵاوبوونەوەی زانیاریی ئەشکەنجەدرانیان بەدوای بابەتەکەدا چووین و لێمان کۆڵیوەتەوە و، ئێستا منداڵ و ھەرزەکارەکان ئامادەن، بۆ ئەوەی ھەرکەس و لایەنێکی پێوەندیدار بیەوێت، دەتوانی بیانبینێت. ھیچ بەڵگەیەکیش نییە، کە ئاخۆ ئەوانەی ئەشکەنجە دراون، کێن و ناویان چییە؟ خۆ نابێت ھیچیان لەلای ئاسایش بمێننەوە، هەموویان ٢٤ کاتژمێر دوای دەستگیرکردنیان، بە فەرمانی دادوەر ڕەوانەی چاکسازیی نەوجەوانان کراون.”
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر گوتی: ”ھەرکەسێک پێوەندیی بە داعشەوە ھەبێت، لە ھەرتەمەنێکدا بێت، دەستگیر دەکرێت. ئەوانەی بە تۆمەتی پێوەندییان بە گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە دەستگیر کراون، ددانیان بەوە داناوە و لێکۆڵینەوە لەسەریان بەردەوامە. بەھۆی ئەوەشی کە زۆربەیان کەسوکاریان لە ھەولێر و ھەرێمی کوردستانن، ھەرلێرە دادگایی دەکرێن، چونکە لەوانەیە کەسوکاریان ڕازی نەبن، کە ڕادەستی دادگاکانی ناوچەکانی دیکە بکرێن.”
(د. تارق نووری) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”لەگەل ھاتنی ئاوارەکانی مووسڵ ھێزەکانمان بەردەوامن لە بەدواداچوون و لێپرسینەوە، بێگومان ھەرکەسێک لەنێو ئاوارە و غەیری ئاوارەشدا پێوەندیی بە داعشەوە ھەبووبێت، لێخۆشبوونی بۆ نییە، چونکە ئەو کارە بەگوێرەی یاسا قەدەغەیە و سزای هەیە. لێتان ناشارمەوە ژمارەیەکیی زۆری تیرۆریست لەنێو ئەو ئاوارانەدا دەستگیر کراون، کە بەم دوایییە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان و کەمپەکان کردووە. ئێمە لە ئەرکی خۆمان بەردەوام دەبین، بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی پێوەندییان بە گرووپی تیرۆریستی داعشەوە ھەبووە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
