جەبار یاوەر: ئەو کەسێ ل ئاوارێ عەرەب ددهت پێشمەرگە نینە
رووداو- هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە روونكردنەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەدات، كە گوایە پێشمەرگەیەك لە ئاوارەیەكی عەرەبی حەویجە دەدات.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە میدیا عەرەبی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە، بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، ئەو كەسەی لەو هاووڵاتییە عەرەبەی داوە پێشمەرگە نییە، بەڵكو هاونیشتمانییەكی خۆبەخشە و وەكو هەڵوێستێكی كەسی ئەو كارەی كردووە”.
جەبار یاوەر راشیگەیاند “ئێمە دژی بێڕێزی و ئازاردانین، لە پرەنسیپ و ئەخلاقی بەرزی پێشمەرگەدا نییە ئازاری هیچ كەسێك بدات، بەڵكو پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی جیهان شەڕی تیرۆر دەكات و بەرگریی لە مرۆڤایەتی دەكات”.
فەریق جەبار یاوەر گوتیشی “ئەو هاووڵاتییە عەرەبەی حەویجە كە لەلایەن خۆبەخشەكەوە لێیدراوە، ئێستا بە ئازادانە لە كەركووك دەژی و هیچ كێشەی نییە، ئەگەر سكاڵایەكی هەیە لەسەر هەر كارمەند و پێشمەرگەیەك، داوای لێدەكەین لە فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سكاڵا تۆماربكات”.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە هەندێك لایەنی عەرەبی كەركووكی تۆمەتبار كرد بەوروژاندنی ئەو بابەتە و ناشیرینكردنی وێنەی پێشمەرگە و دەڵێت “ململانێی سیاسی لە كەركووك هەیە و لایەنەكان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەن. هەندێك لایەنی عەرەبی دژی هەڵبژاردنن، بۆیە ئەو گرتە ڤیدیۆییەیان بۆ مەبەستی سیاسی بەكارهێناوەتەوە، ئەگەرنا 600 هەزار ئاوارەی حەویجە و ریاز و پارێزگاكانی دیالە و سەلاحەدین لە سایەی خوێنی پێشمەرگە بە ئازادیی و ئارامی دەژین”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
