پەرلەمانتارهكێ كورد: گرتنا ئاڤێ ب روويێ هەرێما كوردستانێ دا هەولهكا سیاسییە
باسنيوز:
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ڕای دەگەیەنێت، گرتنەوەی ئەو ئاوانەی كە لە ئێران و توركیاوە دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، هەوڵێكی سیاسییە و پێویستە بە گفتوگۆی سیاسیی چارەسەر بكرێن.
موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “گرتنەوەی ئەو ئاوانەی لە هەردوو وڵاتی ئێران و توركیاوە دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق، كێشەیەكی سیاسی و ئابوورییە، بۆیە پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دەرەوە بخرێنە ئامادەباشییەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆی جدی لەگەڵ ئەو دوو حكوومەتە بكەن، بۆ ئەوەی نەبنە هۆكاری هەڕەشە لەسەر داهاتی ئاو، هەر بۆیە ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی سیاسییە و پەنابردنە بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەوەی فشار لەسەر ئێران و توركیا دروست بكەن، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەوڵ بدرێت و گرنگی بەو بابەتە بدرێت”.
ئەمڕۆ شەممە 22.7.2017 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ بوونەتەوە، هەروەها هەریەكە لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزیری ئاوەدانكردنەوە، بریكاری وەزیری دەرەوە، پارێزگاری بابل، ئەمینداری بەغدا و چەند كەسایەتییەكی دیكە بەشداریی كۆبوونەوەكە کردووە، ئامانج لە ئامادەبوونی ئەو بەرپرسە ئیداری و حكوومیانە گفتوگۆكردنە لەسەر گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی توركیا و ئێرانەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی خستە ڕوو: “ئێران و توركیا ئامادە نین، ئەو ئاوانەی كە لە سنوورەكانی ئەوانەوە دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق، وەك ئاوێكی نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵام ئەو بابەتە لە تێڕوانینی عێراقەوە بابەتێكی یاساییە و دەبێت وەك ئاوێكی نێودەوڵەتی تەماشا بكرێن، هەر بۆیە پێویستە عێراق هەموو كارتێكی فشار بەرامبەر ئەوان بەكار بهێنیت تا ناچاریان بكات هەتا بەو چەشنە مامەڵە نەكەن”.
پێشتر وڵاتی ئێران ئاوی زێی بچووكی گرتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی زۆری بەداوی خۆیدا هێنا، بەپێی زانیارییەكان حكوومەتی ئێران و توركیا ژمارەیەكی زۆر بەنداویان لەسەر ئەو ئاوانە دروست كردووە كە دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
