حکوومەتا هەرێمێ پێشوازيێ ل راپۆرته‌كا وەزارەتا دەرڤه‌يا ئەمریکا تایبەت ب ئازادیا ئایینی دکت
هەولێر-KDP.info-![]()
کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەربارەی (ئازادیی ئایینی لە جیهاندا) بەیاننامەیەکی ڕاگەیاند و تێیدا هاتووە، حکوومەتی هەرێم پێشوازی لەو ڕاپۆرت و بەیاننامە و لێدوانانە دەکات، کە دەربارەی هەرێمی کوردستان لایەنە نێودەوڵەتیەکان بڵاوی دەکەنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە بابەت و ڕەخنە و تێبینییەکانیان بابەتی و پشت بە ڕاستییەکانی سەر ئەرزی واقع ببەستن، لەم سونگەوە پێشوازی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ”ئازادیی ئایینی لە جیهاندا” دەکەین.
رۆژی سێشەممە 15-8-2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی “ئازادی ئایینی لە جیهاندا” بڵاو کردەوە، لە بەشی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانەی کە داعش دەرهەق بە کورد، ئێزدی، موسڵمانە شیعەکان و ئەنجامی داون و داعش بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر جینۆسایدی ئێزدی، مەسیحی و موسڵمانە شیعەکان لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردبوون، بەر لەوەی ئازاد بکرێنەوە، داعش پێڕەوانی ئایینە جیاوازەکانی کردووەتە ئامانج و پاکتاوی نەژادی و لاقەکردن و فڕاندن و بەکۆیلەکردن و کوشتنی بەکار هێناوە، هەروەها داعش بە بەرپرسیار دادەنێت لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوی نەژادی دژ بە گرووپگەلێک و لە هەندێک کەیسدا دژ بە موسڵمانانی سوننی و کورد و کەمینەکانی تر.
کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ئەم ڕاپۆرتە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
ناکرێ ئەحکامی ئایینێکی دیاریکراو بەسەر پەیڕەوانی ئایینێکی دیکەدا بسەپێنرێت
حکوومەتی هەرێم پێشوازی لەو ڕاپۆرت و بەیاننامە و لێدوانانە دەکات، کە دەربارەی هەرێمی کوردستان لایەنە نێودەوڵەتییەکان بڵاوی دەکەنەوە بەتایبەتی ئەوانەی کە بابەت و ڕەخنە و تێبینییەکانیان بابەتی و پشت بە ڕاستییەکانی سەر ئەرزی واقع ببەستن، لەم سونگەوە پێشوازی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ”ئازادیی ئایینی لە جیهاندا” دەکەین، کە ساڵانە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئازادییە ئایینییەکان و ڕەوشی پێکهاتە ئایینییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوی دەکاتەوە، ئاشکرایە کوردستان هەمیشە شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوونی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نموونەی پێکەوەژیانی نێوان ئەم پێکهاتانە بووە، ئەگەر لە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بروانین، دەبینین هەنگاوی زۆری ناوە، کە لە
بەرژەوەندیی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا بێت، له مادده‌ى (5)ى ڕه‌شنووسى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه كه: گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێك هاتووه له كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشوورى، ئه‌رمه‌ن و هاووڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، واتە پێڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون، هەروەها لە ماددەی (١٢٤)ی ڕەشنووسەکەدا هاتووە کە ناکرێ ئەحکامی ئایینێکی دیاریکراو بەسەر پەیڕەوانی ئایینێکی دیکەدا بسەپێنرێت (بڕگەی یەکەم). لە بڕگەی دووەمیشدا دەڵێت: پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەی ناموسڵمان، وەک کریستیان و ئێزدی، بۆیان هەیە ئەنجومەنی ڕۆحانیی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن.
به هه‌مان شێوه له مادده‌ى (20) بڕگه(2)ى ئه‌م ڕه‌شنوسه‌دا هاتووه كه ”هه‌موو چه‌شنه جیاكارییه‌كی له بناغه‌ى نه‌ژاد، ڕه‌نگ، ڕه‌گه‌ز، زمان، پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى وڵاتنامه، بنه‌چه، ئایین، بیروباوه‌ڕ، هزر، ته‌مه‌ن، بارى ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسى، یان كه‌مئه‌ندام ى قه‌ده‌غه کردووە.” حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازى هه‌موو ده‌رگاكانی هه‌رێمی واڵا كردووه و تا ئێستا به ده‌یان هه‌زار خێزانی مه‌سیحی، ئێزدی، توركمان و عه‌ره‌ب له ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ڕوویان له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه و حكوومه‌تی هه‌رێمیش به پێی توانا هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ ئه‌نجام داون و ئێستاش وه‌كو هه‌موو هاووڵاتییه‌كی دیکەی كوردستان ژیانی ڕۆژانه‌ى خۆیان به‌بێ هیچ فشارێك ده‌به‌نه‌سه‌ر.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگى به په‌ره‌پێدانى ڕۆشنبیری و هونه‌ریى پێکهاتە نه‌ته‌وەیی و ئاینییه‌كان له كوردستان ده‌دات و ئه‌مه‌ش له هه‌یكه‌لى كارگێڕیی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه به بوونى دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی ڕ‌ۆشنبیرى، یه‌كێكیان بۆ توركمان و ئه‌وی دیکە بۆ سریانى. باره‌گاى ئه‌م دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه له هه‌ولێره و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى سریانی له دهۆك هه‌یه، هەروەها پاڵپشتیى دارایى ژماره‌یه‌ك ناوەندی ڕ‌ۆشنبیرى، تیپى هونه‌رى توركمانى، كلدانى، ئاشوورى، ئێزدى، له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه کراوە له ڕێگاى هاریكاریکردنیان و گرنگیدان به دابونه‌ریت و كه‌له‌پوورى دێرینیان وه‌ك دامه‌زراندنى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیى مۆزه‌خانه‌ى سریانى و چاپكردنى سەدان كتێب به زمانه‌كانى كوردى، عه‌ره‌بى، سریانى، توركمانى.
بواری پەروەردەیی
لە بواری پەروەردەشدا هیچ تاكێكى پێکهاتە نه‌ته‌وەیی و ئایینییە‌كان ناچار نه‌كراوه، كه به زمانى كوردى بخوێنن، یان ڕێگرییان لێ كرابێت به زمانى دایك بخوێنن، به‌پێچه‌وانه‌وه به ده‌یان قوتابخانه به زمانى كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان له ناو هه‌رێم و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هه‌یه. هەروەها بە دەیان قوتابخانە هەیە خوێندن تێیدا به زمانى سریانییە، به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى كه کریستیانی زۆرە، وه‌ك (هه‌ولێر/ عەنكاوه، شه‌قڵاوه، كۆیه، دیانا، هاودیان و هه‌رمۆته‌ی كۆیه، هه‌روه‌ها له ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، وه‌ك حه‌مدانییه، به‌رتلە، تلكێف، قەرەقۆش، كرملیس، ئه‌لقۆش). به‌هه‌مان شێوه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتى تایبه‌ت به خوێندنى سریانى له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده هه‌یه. لە لایەکی دیکەوە ده‌ستەیە‌كى تایبه‌ت له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی په‌روه‌رده‌ى دهۆك سه‌رپه‌رشتیى خوێندنى ئایینى ئێزدى ده‌كات، كه زۆربه‌یان له سنوورى شارى دهۆك و زیاتریش له شارى مووسڵه.
ئازادی پێکهاتەکان
رێزگرتن لە پێکهاتە ئایینییەکان و ڕێگادان بە ئەنجامدانی سرووتە ئایینییەکانی تایبەت بە خۆیان یەکێکە لەو بابەتانەی حکوومەتی هەرێم پێی داون، لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، جگە لە موسڵمانان پێکهاتە ئایینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و نوێنەرایەتیی تایبەت بە خۆیان هەیە، لەوانەش (ئێزدی، کریستیان، جوو، کاکەیی، زەردەشتی، بەهائی، سابیئەی مەندائی) بۆ ڕاپەراندنی کاروبارەکانیان بەوپەڕی ئازادی و دوور لە هەر دەستتێوەردانێک و هاریکارییان دەکات بۆ ئەوەی کۆنگرە و کۆنفرانس و گردبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەمەش یەکێکە لە کارە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکانی هەرێم. لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کریستیانەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە دەرکردنی بڕیارەکان، ڕاوێژ لەگەڵ حزبەکانی کریستیان و کەنیسەکانیش دەکرێ، هەروەها نوێنەرایەتیی کریستیانەکان لە زۆربەی دامودەزگا حکوومییەکان هەیە و پۆستی بەرز بە کەسایەتییەکانی کریستیان سپێردراوە. لە لایەکی دیکەوە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کریستیانەکان مۆڵەت دراوە بە زیاتر لە (هەشت) کەنیسەی بیانی کە پێیان دەڵێن (Evangelical churches) کار بکەن لە کوردستان و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن بەتایبەتی بە ئاوارەکان، جگە لەمە کریستیانەکان بەو پەڕی ئازادییەوە گشت بۆنە و ئاهەنگ و سرووتە ئایینییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەبێ بوونی هیچ بەربەستێک، هەروەها جگە لە کریستیانەکان گشت پێکهاتە ئایینییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتگیری‌یان لێ دەکرێت.
پایتەختی ئاینی
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە لە ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت لەبارەی ڕێزگرتن لە کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان هەر لەم ڕوانگەیە ڕۆژی 27/9/2015 لە هەولێری پایتەخت و لە ڕێورەسمێکی ئایینی گەورەدا بە ئامادەبوونی نوێنەری ڤاتیکان مەراسیمی گواستنەوەی کورسیی مەرجەعی ئاشوورییەکانی جیهان و ناوەندی کڵێسا‌ی ڕۆژهەڵات لە ئەمریکاوە بۆ هەولێر ئەنجام درا ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هەرێمی کوردستان لانکەی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکانە. لە هەمان کاتدا بوونی ئەو ناوەندە ئایینییە لە هەرێمی کوردستان پێگەی هەرێم لە ئاستی جیهانی زیاتر بەرز دەکاتەوە و جاران کە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بوو ئەوا ئێستا بووەتە پایتەختی ئایینی زۆرێک لە کریستیانیەکانی جیهان، هەروەها کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەوەی کە دڵگەرمی بە کریستیانەکان ببەخشێت، وڵاتی خۆیان خۆش بوێت و واز لە کۆچ بێنن. ئەمەش هەنگاوێکی مێژووییە، چونکە لە ساڵی ١٩٣٣وە بارەگای سەرەکیی پاتریاکی ئاشوورییەکانی جیهان لە عێراق چووبووە دەرەوە بۆ شیکاگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٨٠ ساڵ ناوەندەکە بۆ عێراق گەڕێندراویەوە و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەزموونی حوکمڕانیی چەند ساڵی ڕابردووش ئەوەی سەلماندووە کە باشترین شوێنی پێکەوە ژیانی ئایین و نەتەوەکانە.
رفێندراوان
دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ و چەند ناوچەیەکی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 25/11/2014 لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزدییە ڕفێندراوەكان و بوودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ڕزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە ڕفێندراوەکان ئازاد بکرێن
ژمارەی مەسیحییەکان
بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ژمارەی ئافرەتە ڕفێنردراوەکان بەم شێوەیە بووە: بەر لە هاتنی داعش ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق نزیکەی (550000) پێنج سەد و پەنجا هەزار کەس بووە، لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکانیان لە لایەن داعشەوە نزیکەی ( 360000) سێ سەد و شەست هەزاریان ئاوارە بوون و (1293)یان شەهید بوون، (6417) هاووڵاتی کوردی ئێزدی ڕفێندراون، لەوانە ( 3547)یان ئافرەت و (2870)یان پیاو بوون. بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت ژمارەی ئێزدییە ڕزگارکراوەکان (3092) بووە لەوانە (1102) ئافرەت و (335) پیاو و (848) کچ و (807) کوڕ ڕزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون ژمارەیان (3325) کەسە لەوانە (1597) ئافرەت و (1728) پیاون کە لە دەست داعشدا ماون.
هێزی پێکهاتەکان
لە لایەکی دیکەوە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بە پاڵپشتی و هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵیان هەبووە، لە شەڕی بەرگری دژی داعش و ڕزگار کردنەوەی ناوچەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی 2014 هێزی فەرمی و تایبەتی کریستیان و ئێزدییەکان دامەزراوە کە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، هەروەها بەم دواییە هێزی بەرگری لە ئێزیدخانە خراوەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە نزیکەی (٤٠٠٠) پێشمەرگە پێکهاتوون، وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتییان دەکات و ڕاهێنان و چەک و پێداویستیی سەربازیشیان بۆ دابین دەکات، بۆ ئەوەی خۆیان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن و بەشداری بکەن لە ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانیان، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی کریستیان و ئێزدییەکان تێیدا نیشتەجێن، دەکەونە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە یەکێک لە سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکردن بوو لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کە بەشی زۆریان لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی و بەپێی توانای خۆی پێشوازی لێکردن و هاریکاری و پێداویستی بۆیان دابینکرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەوە کەلتوورە مێژووییەیە کە دەیان ساڵە کوردستان پێی ناسراوە و هەمیشە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کوردستانیان بە پێگەی خۆیان زانیوە و تێیدا هەستیان بە ئارامی و سەقامگیری کردووە و ڕووداوەکانی دوای ساڵی 2003ی عێراق و دواتر هاتنی تیرۆریستانی داعش بەڵگەیەکی زیندووە کە هەمیشە کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییە جیاوازەکان بووە.
کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
