وەزارەتا پێشمەرگەى: ههتا نهۆ بەغدا ئێك دینار بۆ پێشمەرگەى خەرج نەكريه
باسنيوز:
لە ساڵی 2007وە لە بودجەی عێراق پارە بۆ پێشمەرگە تەرخان دەكرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوون و لێداوانی بەرپرسان دەردەكەوێت، بەغدا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ پێشمەرگە نەناردووە. پەرلەمانتارێكی عێراقیش ئاشكرای دەكات، بەغدا زیاتر لە 15 ترلیۆن دیناری پێشمەرگە قەرزارە.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، بەغدا هیچ كات پابەند نەبووە بە پێدانی بەشە بودجەی پێشمەرگە، گوتی: ”لەدوای ساڵی 2005وە، عێراق بە شێوەی جیاجیا لە بودجەی گشتیدا بەشە پارەی پێشمەرگە قەرزارە، چونكە شایستە داراییەكانی نەناردووە“.
نەجیب گوتیشی: ”لە ساڵی 2007ـەوە بودجەی پێشمەرگە دێتە ناو بودجەی گشتی و لەگەڵ بودجەی وەزارەتی بەرگری حیساب دەكرێت و نادرێت بە وەزارەتی پێشمەرگە، حكوومەتی عێراق جگە لە قەرزەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، ئێستا زیاتر لە 15 ترلیۆن دینار بودجەی پێشمەرگە قەرزارە.
بەپێی بەدواداچوونی (باس)، لە بودجەی 2015 پێویست بوو عێراق بەدەر لە بودجەی هەرێمی كوردستان، ساڵانە 1 ملیار و 200 ملیۆن دینار كە دەكاتە 100 ملیار دیناری مانگانە بۆ پێشمەرگە بنێرێت، بەڵام جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشمەرگە بۆ (باس) دووپاتی كردەوە، هیچ بڕە پارەیەك لەلایەن بەغداوە بۆ پێشمەرگە خەرج نەكراوە.
ئەو پارەیەی كە پێویست بوو بەغدا بیداتە پێشمەرگە، بریتی بووە لە مووچە و بودجەی مەشقكردن و كڕینی چەك و پێداویستیی سەربازی.
نەجیبە نەجیب روونی كردەوە، لە رەشنووسی بودجەی 2018 ی عێراقدا هیچ پارەیەك بۆ پێشمەرگە تەرخان نەكراوە: “ئەو پارەیەی تەنیا بۆ كەرتی بەرگریی عێراق تەرخان كراوە بڕەكەی 11 ترلیۆن دینارە، كە بۆ هێزە جیاجیاكان تەرخان كراوە، لەوانە نزیكەی 100 ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی وەرگرتنەوەی چەك و یەكخستنەوەی میلیشیاكان و پێشمەرگەش هیچی بۆ تەرخان نەكراوە، 7 ترلیۆن و 500 ملیار دینار لە بودجەی 2018 بۆ مووچەی حەشدی شەعبی و هێزی بەرگریی عێراق تەرخان کراوە، یەك دیناری بۆ پێشمەرگە تەرخان نەكراوە“.
دەستوور حكوومەتی عێراقی پابەند كردووە بە تەرخانكردنی بەشێك لە بودجەی هێزە وشكانییەكانی پێشمەرگە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە بەشێكە لە سیستمی بەرگریی نیشتمانی لە عێراق.
تا ساڵی 2014 حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 800 ملیار دیناری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخان كردووە.
لە هەموو ساڵەکاندا لە یاسای بودجەدی عێراقدا ئاماژە بە بەشە بودجەی پێشمەرگەدا کراوە، لە ساڵی 2010 تا 2017 ئەو ماددانە دەخەینە ڕوو، کە لە یاسای بودجە لەبارەی پێشمەرگە داندراون:
یاسای بودجەی 2010
مادەی 16
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت لەبارەی نەفەقاتی (مووچە، چەک و پێداویستی) بۆ هێزەکانی پاسەوانی هەرێم، کە کۆک بێت لەگەڵ دەستوور.
یاسای بودجەی 2011
مادەی 14
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت لەبارەی نەفەقاتی (مووچە، چەک و پێداویستی) بۆ هێزەکانی پاسەوانی هەرێم، کە کۆک بێت لەگەڵ دەستوور، پێدانی سولفەکە بە رێککەوتن دەبێت تا دەرچوونی یاسایەک بۆ رێکخستنی پشک و پێدانی.
یاسای بودجەی 2012
مادەی 13
بە رێککەوتنی نێوان ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سولفەیەک خەرج دەکرێت بۆ (مووچە، پڕچەکكردن، پێداویستی) بۆ هێزەکانی پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە)، کە کۆک بێت لەگەڵ دەستوور، تا ئەو کاتەی یاسایەک دەردەچێت بۆ پشک و پێدانی.
یاسای بودجەی 2013
مادەی 9
بە رێککەوتنی نێوان ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سولفەیەک خەرج دەکرێت بۆ (مووچە، پڕچەکكردن، کەلوپەل) بۆ هێزەکانی پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە)، کە کۆک بێت لەگەڵ دەستوور، تا ئەو کاتەی یاسایەک دەردەچێت بۆ پشک و پێدانی.
یاسای بودجەی 2015
مادەی 10
دابینکردنی بەشێک لە پشکی هێزی وشکانیی فیدراڵیی سوپای عێراق بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی رێژەی دانیشتوان، بەو پێیەی بەشێکە لە سیستەمی ئەمنیی عێراق.
یاسای بودجەی 2016
مادەی 9
دابینکردنی بەشێک لە پشکی هێزی وشکانیی فیدراڵیی سوپای عێراق بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی رێژەی دانیشتوان، بەو پێیەی بەشێکە لە سیستەمی ئەمنیی عێراق.
یاسای بودجەی 2017
مادەی 8
دابینکردنی بەشێک لە پشکی هێزی وشکانیی فیدراڵیی سوپای عێراق بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی رێژەی دانیشتوان، بەو پێیەی بەشێکە لە سیستەمی ئەمنیی عێراق، دەستەبەرکردنی مووچەی پێشمەرگە بەپێی خشتەیەکی ئامادەکراو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی پێشمەرگە.
هیڤا حاجی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لە ساڵی 2007ەوە بودجەی پێشمەرگە لەگەڵ بودجەی وەزارەتی بەرگریدا حساب دەكرێت، کەچی پێشێلی یاسا دەكەن و ناشیدەن، گوتیشی: ”حكوومەتی عێراق بە دەیان ترلیۆن دینار بودجەی پێشمەرگە قەرزدارە و بەپێی یاسا و دەستوور بێت دەبێ مافە داراییەكانی پێشمەرگە بدرێت، بەڵام هاوپەیمانان هاوكاریی پێشمەرگە دەكەن کەچی بەغدا نایكات“.
جەبار یاوەر جەخت دەكاتەوە، بەپێی دەستوور هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، بەڵام لە رووی بودجە و مووچە و هاوكاربی داراییەوە، پێشمەرگە بەدەر كراوە لە مافەكانی وەزارەتی بەرگری.
روونیشی كردەوە، نەناردنی بەشە بودجەی پێشمەرگە لەلایەن بەغدا بە كۆمەڵێك بیانوو بووە، كە هیچیان یاسایی نەبوونە.
لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە لە شەڕی داعش هەزار و 800 شەهید و 10 هەزار برینداری داوە، بەڵام حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە گوتاری راگەیاندنی سەركەوتن و كۆتاییهێنانی داعش، ئامادە نەبوو ناوی پێشمەرگە بهێنێـت و سوپاس و پیرۆزباییان لێ بكات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
