شبكة لالش الاعلامية

پێنج كورد بەربژێرێن لیستێن ئەرەبێن پارێزگه‌ها سەلاحەددینن

پێنج كورد بەربژێرێن لیستێن ئەرەبێن پارێزگه‌ها سەلاحەددینن
رووداو – هەولێر

وێڕای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كورد هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە گرێی بەدەستنەهێنانی كورسی پەرلەمان لە پارێزگای سەلاحەددین بكاتەوە، بۆ ئەمجارە تاكتیكی نوێی بەكارهێناوە، ئەویش دانانی كاندیدی كوردە لەنێو لیستە عەرەبییەكاندا.

بەپێی ئامارەكان ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سەلاحەددین 1.5 ملیۆن كەسە كە 4%یان كوردن، بەڵام لە سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە لە عێراق كراون، كورد هیچ كورسییەكی بەدەست نەهێناوە.

لە هەڵبژاردنی خولی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، كاندیدێكی یەكێتی زیاتر لە 17 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام ئەو لیستە كوردییە نەیتوانی كورسییەك مسۆگەر بكات، كەچی لە لیستی دیكەدا كاندید هەبووە بە 2500 دەنگ بووەتە پەرلەمانتار.

قەزاكانی پارێزگای سەڵاحەدین پێكدێن لە قەزای تكریت، بێجی، شەرگات، سامەڕا، بەلەد، دوجێل، ئامرلی، دووزخورماتوو. 30 لیست و هاوپەیمانی كێبڕكێ‌ لەسەر 12 كورسیی پارێزگاكە دەكەن.

یەكێتی ئەمجارە تەكتیكێكی دیكەی بەكارهێناوە، بۆ ئەوەی دەنگەكانی وەكو هەڵبژاردنی رابردوو بە فیڕۆ نەڕوات، ئەویش دانانی كاندیدێكە لە لیستێكی سوننەدا.

تاكە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پارێزگای سەلاحەددین، شەلال عەبدول (قایمقامی لەسەركارلابراوی خورماتوو)ە، كە كاندیدی لیستی ئیئتیلافی قەڵای جەماوەریی نیشتمانییە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد جبووری. ئەو ئیئتیلافە لیستێكی عەرەبی سوننەیە.

شەلال عەبدول بە (رووداو)ی گوت: “لە هەموو خولەكانی رابردووی هەڵبژاردندا كورد نەیتوانیوە هیچ كاندیدێك سەربخات، لەگەڵ ئەوەی كاندیدەكانی دەنگی زۆریان هێناوە، بەڵام لەسەر ئاستی لیست دەنگی پێویستی نەهێناوە، ئەمجارە بەباشمان زانی لەگەڵ لیستێكی عەرەبی دابەزین و هیوامان زۆرە كورسییەك بۆ كورد بهێنین، چونكە بەتەنیا دابەزین و بەدەستهێنانی كورسی بۆ كورد لەنێو ئەو هەموو لیستە عەرەبییە زۆر زەحمەتە”.

جگە لەو كاندیدە كاندیدێكی دیكەی كوردیش هەیە لە لیستی نەسری حەیدەر عەبادی لە پارێزگای سەلاحەددین كە چوار لایەنی كوردستانی پشتگیری دەكەن.

ئەو كاندیدە كە ناوی ئاسۆ ساڵح رەشاد مەحموودە، كاندیدی لیستەكەی عەبادییە لە پارێزگای سەلاحەددین. هەریەك لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی (لیستی نیشتیمان) و یەكگرتووی ئیسلامی دەنگی بۆ كۆدەكەنەوە.

قاسم گەڵاڵی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، پشتڕاستی كردەوە كە پشتگیری ئاسۆ ساڵح دەكەن. گەڵاڵی بە (رووداو)ی گوت: “ئێمە پشتوانی لە كوردێك دەكەین لە نێو لیستی ئیئتیلافی نەسر، نەك لیستەكەی حەیدەر عەبادی، دەمانەوێت كوردێك بۆ پەرلەمان سەربخەین، جا كێشە نییە سەر بە چ لایەنێكی كوردییە”.

لەبارەی نەبوونی كاندیدێكی هاوبەش بۆ هەموو كورد، گەڵاڵی گوتی لە كەركووك زۆر هەوڵ دراو نەكرا، ئەمە لە سەلاحەددینیش رەنگیدایەوە.

سیروان ئەحمەد، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پشتیوانی لەو هەنگاوەی لایەنە كوردییەكان كرد و بە (رووداو)ی گوت: “لەهەڵبژاردنی رابردوودا لە پارێزگای سەلاحەددین مەلا كەریم شوكر كاندیدی كورد بوو لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وەك كاندید زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگای سەلاحەددین هێنا، كەچی نەیتوانی ببێتە پەرلەمانتار”.

ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن روونیكردەوە “ئەوەی لە هەڵبژاردن گرنگە، چۆن دەنگ دەگۆڕیت بۆ كورسی، تاوەكو ئێستا كورد نەیتوانیوە ئەم بەربەستە بشكێنێت، كەچی پێكهاتەی توركمان كە رێژەیان كەمیشە، بەهۆی دابەزینیان لەنێو لیستە عەرەبییەكان، چەند كورسییەكیان هێناوە”.
لەبارەی ئەگەری بەدەستهێنانی كورسییەك بۆ كورد، سیروان ئەحمەد گوتی: “ئەمە دەكەوێتە سەر رێژەی بەشداریی كورد لە دەنگدان و بەهێزیی كاندیدەكە”.

ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی پێشتر جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، كوردی قەزای خورماتوو ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و تاوەكو ئێستاش بەشێكی زۆریان نەگەڕاونەتەوە، هەروەها پێشمەرگە لەو ناوچانەدا نەماوە، بۆیە ترسێك هەیە لە كەمبوونەوەی رێژەی دەنگی كورد لەو پارێزگایەدا. بەڵام ئەگە هەیە ململانێی سەختی نێوان پێكهاتەكانیش بەتایبەتی كورد و توركمان، ببێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ ئەوەی كورد زیاتر لە جاران بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بكەن.

كورد پێنج كاندیدی لە سنووری پارێزگای سەلاحەددین هەیە. یەكێتی كاندیدێكی لە ئیئتیلافی قەڵای جەماوەریی نیشتمانی هەیە. لیستی نیشتیمان و یەكگرتووی ئیسلامی، كاندیدێكیان لەنێو لیستی نەسر داناوە. كاندیدێكی حیزبی شیوعی و كاندیدێكی سەربەخۆ لە نێو (هاوپەیمانیی تەزامون)دان. هەروەها نەوەی نوێ و تەڤگەری ئازادی كاندیدێكیان لەنێو لیستی گردبوونەوەی عێراقییەكاندا هەیە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

فه‌لاح مسته‌فا: ئه‌م دخوازین ڤه‌کری ل دۆر سه‌رخوه‌بوونێ د گه‌ل به‌غدایێ دا باخڤین

Lalish Duhok

خەسرۆ گۆران: لدووڤ رێژا کورسيکان سەرۆک کۆمار شایستێ پارتیە

Lalish Duhok

پارتی: باشترین گهۆرین ئه‌وه‌ نه‌وشێروان موسته‌فا خوه‌ ب گهۆریت

Lalish Duhok