شبكة لالش الاعلامية

هێمن هەورامی: زۆرترین دەنگێن کوردێن تاراوگە دێ بۆ پارتی بن 

هێمن هەورامی: زۆرترین دەنگێن کوردێن تاراوگە دێ بۆ پارتی بن 
رووداو – دۆسلدۆرف

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێ، بەهۆی ئەوەی حیزبەکەیان هەڵگری پڕۆژەی سەربەخۆییە، دڵنیان لەوەی زۆترین دەنگی کوردانی تاراوگە بۆ ئەوان دەبێت. جەختیشدەکاتەوە کە ئەوان وەکو “لایەنەکانی دیکە لەپێناو پۆستدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناکەن، بەڵکو بۆ پارێزگاریکردن لە دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان بەشداری دەکەین”.

پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی یەکشەممە 6ی ئایاری 2018 کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری دۆسلدۆرف رێکخست. زنار شینۆ پەیامنێری رووداو لە شارەکە رایگەیاند: “یەکێک لە گەورەترین بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق لە سەرتاسەری ئەوروپا پارتی دەیکات، ژمارەیەک زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەش ئەمڕۆ بەشدارییان لە بانگەشەی پارتی لە دۆسلدۆرف کرد”.

پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد کە ساڵی 2014 هێمن هەوارامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لە ئەوروپا سەرپەرشتیی بانگەشەی حیزبەکەی کردووە، ئەمساڵیش هەر هێمن هەورامی سەرپەرشتی دەکات.

هێمن هەوارامی لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: “ئێمە باوەڕێکی زۆرمان بە خەڵکی خۆمان لە دەرەوەی وڵات هەیە، لەبەر ئەوەی ئەوان دەردی بێ نیشتمانی دەزانن، هەر هێز و لایەنێک لە کوردستان رووە و سەربەخۆیی بڕوات و داینەمۆی سەرەکی پرۆسەی سەربەخۆیی و پاراستنی ئیرادەی کورد بێت، زۆرینەی دەنگی تاراوگە بۆ ئەو لایەنە دەچێت، پارتی هەڵگری ئەو پەیام و ئەو ستراتیژەیە، بۆیە چۆن لە 2014 متمانەی هەرە زۆری کوردانی تاراوگە بۆ پارتی بوو، ئێمە دڵنیاین لە هەڵبژاردنی ئەوجارەشدا متمانەی هەرە گەورە و زۆری خەڵک لە تاراوگە بۆ پارتی دەبێت”.

هەروەها راشیگەیاند: “ئامانجمان ئەوەیە کێرڤی جەماوەری پارتی، هێزی پارتی و پلە یەکی پارتی بە بەهێزی دەربکەوێتەوە، بۆ ئەوەی پەیامێک بێت بۆ خەڵکی نەیاری پارتی و بۆ دەوروبەریش و بۆ وڵاتانی ئەوروپاش، بۆ ئەوەی کە پارتی هەڵگری ستراتیژی سەربەخۆییە، ئەوەتا ئەو جەماوەرە زۆرە دەبینن کە من تەحەدا دەکەم ئەگەر بە هەموو حیزبەکان بەقەدەر ئەوەی ئەمڕۆ بتوانن جەماوەر بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، بە هەموو حیزبەکانەوە هەرچی جەماوەریان هەیە لە هەرچەند وڵاتیش کۆیان بکەنەوە، بەقەدەر ئەو جەماوەرە نابێت کە ئەمڕۆ کۆبوونەوە”.

بە ئاماژەکردن بەوەی کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر لە بانگەشەی پارتی بۆ خۆی پەیامێکە کە زۆربەی کوردانی تاراوگە دەنگ بە پارتی دەدەن، هێمن هەورامی گوتی: “لەبەر پارتی نییە کە تەنیا دەنگ بە پارتی دەدەن، بەڵکو لەبەر پڕۆژەی سەربەخۆییە دەنگ بە پارتی دەدەن، لەبەر کەسایەتی سەرۆک مەسعود بارزانییە کە دەنگ بە پارتی دەدەن، لەبەر پاراستنی هەیبەتی پارتی و پاراستنییەتی لەو هەوڵانەی کە دەیانویست دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر پارتی پێبشکێنن”.

لەبارەی ئەوەش کە بۆچی لە هەڵمەتی بانگەشەدا هیچ بەڵێنێکیان بە خەڵک نەداوە، ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی گوتی: “لەبەرئەوەی ئەم پرۆسەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، واتە ئێمە پارێزگاری لە دۆزی رەوای گەلی کورد لە بەغدا دەکەین، ئێمە بۆیە دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی خەڵکێک کە بیەوێت خیانەت لە کوردستان بکات رێیان لێبگرین، پۆستی سەرۆککۆمار یان پۆستی وەزیر و سەرۆکی پەرلەمان بەلای ئێمەوە گرنگ نین، بەڵکو خەڵکی دیکە لەپێناوی پۆستدا بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات، بەڵام ئێمە بۆ پارێزگاری لە دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا دەکەین”.

لەبارەی دەستکەوتەکانی رابردووش کە پارتی شانازییان پێوە دەکات، هێمن هەورامی گوتی: “ئەگەر جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی نەبووایە لە دەستووردا مافی گەلی کوردستان جێبەجێ نەدەکرا، پێشمەرگە نەدەما، ئاڵای کوردستان رێی لێدەگیرا، دوای ئەوەش فیدراڵیزمی پارێزگاکان کە خەڵکی دیکە واژۆی کردووە، ئەگەر پارتی و سەرۆک بارزانی نەبووان، ئەوا کیانی جوگرافی هەرێمی کوردستان نەدەما، بۆیە ئێمە ئەو رابردووەمان هەیە، ئێمە بە بەڵێنێکی درۆینەوە ناچینە ناو کەمپینی هەڵبژاردن، ئەو خەڵکە لێرەن متمانەیان بە پارتی هەیەو دەزانن پارتی لە کوێ بێت دۆزی رەوای کورد لەوێیە، مەسعود بارزانی لەکوێ بێت پەیامی رەسەن، خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لەوێ دەبێت، بۆیە ئێمە ئیش لەسەر ئەو متمانەیە دەکەین کە پێشتر بەدەستمان هێناوە، تاکە بەڵێنێک کە ئێمە بەو خەڵکەی بدەین ئەوەیە، پشتیوانمان بن بۆ ئەوەی ئەو هێزەی پارتی بمێنێت و بتوانێت وەکو دوا قەڵای سەربەخۆییخوازی خەڵکی کوردستان بەرگری لە مافە نەتەوەییەکان بکات”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

ده‌مێ دەواما فەرمانبەرێن کوردستانێ دئێته‌ كێمكرن

Lalish Duhok

رۆسیا چاڤه‌رێی ئه‌نجامێن رێفراندۆمێ دكه‌ت

Lalish Duhok

ژبه‌ر داعشێ جاره‌کا دی ژمارەکا خەلکێ کەرکووکێ ئاوارە بوون

Lalish Duhok