وەزارەتا چاندنا کوردستانێ و عێراقێ بۆ توركيا:برینا دارێن کوردستانێ راگرن
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوا لە تورکیا دەکەن بڕینی دارەکانی دارستانە خۆڕسکەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای تورکی رابگرێت.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی هەردوو وەزارەتەکەدا هاتووە: “ماوەیەکە وەک لە راگەیاندنەکان ئاماژەی بۆ دەکرێت و دەبینین و دەبیستین ژمارەیەک کۆمپانیای تورکی بە هاوکاریی سوپای تورکیا کەوتوونەتە بڕینەوەی دارەکانی دارستانە خۆڕسکەکانی سنووری بادینان لە باکووری هەرێمی کوردستانی عێراق و گواستنەوەی ئەو دارانە بۆ ناوخۆی تورکیا و بازرگانی پێوەکردنیان.”
هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، “لێرەوە ناڕەزایی و رەتکردنەوەی ئەو کارە ناشارستانییە رادەگەیێنین، ئەو پرۆسەیە نەک هەر دووژمنکارییە بەرامبەر سرووشت و ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڵکو کارێکی دووژمنکارانەیە بەرامبەر مرۆڤایەتی و ژینگەی تەواوی ناوچەکە و هەموو جیهان؛ چونکە ژینگە سنووری نییە، لەبەرئەوە لێرەوە داواکارین لە حکومەتی تورکیا ئەو کارە رابگرێت و لە هەمان کاتدا داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بە جیددی بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە وەڵامیان هەبێت؛ هاوکات داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین هاوکارمان بن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کارە نامرۆییە دژ بە ژینگە و پێویستە هەوڵی بنبڕکردنی بدرێت”.
دوێنێ دووشەممە، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بڕینەوەی دار و زیانگەیاندن بە ژینگە و سرووشتی کوردستان رایگەیاند: “حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سرووشتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و بە فەرمیش ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن کە جێگەی قبووڵکردن نییە “.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردبوو، “حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، بوونی چەکدارانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان؛ بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەکانی تورکیا و دروستبوونی شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا، بۆیە داوا دەکەین رێز لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن و چیتر دانيشتووانى ئەم ناوچەیە دووچارى نەهامەتی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی نەکەن.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
