كارەبا نیشتمانی دێ كێم بت
وشه:
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕای دەگەیەنێت، كارەبای نیشتمانی كەم دەبێتەوە، ئەوەیش بەهۆی لەكاركەوتنی دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەولێر.
ئەمڕۆ یەكشەم 20ـی حوزەیران، ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، بە “وشە”ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەلە و لەكاركەوتنی دوو وێستگەی تری گازی لە هەولێر بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا 400 مێگاوات لە سێ هەزار و 400 مێگاوات دابەزیوە بۆ سێ هەزار مێگاوات.
خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەباش بە ڕێژەی 600 مێگاوات بەرز بووەوە
زیاتر گوتی، هۆكارێكی تری كەمبوونەوەی كارەبا دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەباش 600 مێگاوات بەرز بووەوە، چونكە لە سەرەتای مانگی حوزەیران، خواست لەسەر كارەبا سێ هەزار و 800 مێگاوات بوو، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر كارەبا بۆ چوار هەزار و 400 مێگاوات بەرز بووەوە.
ڕوونی كردەوە، كێشە تەكنیكییەكانی وێستگەكانی لە كاركەوتوو، بەمزووانە چارەسەر دەكرێن و بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا دەگاتە ئاستی جاران.
باسی لەوەش كرد، بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕووی كارەبا و كەمكردنەوەی بۆشاییەكە بۆ پێدانی كارەبای زیاتر، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین دەست بە بەكارهێنانی كارەباوە بگرن و ئەو ئامێر و گڵۆپانەی كە زۆر پێویست نین كەم بكەنەوە، بەتایبەتی ئەو هاوبەشانەی كە پێوەری زیرەكیان نەبەستووە و دەگاتە 52% هاوبەشانی كارەبا.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بە كەرتی كارەبا دەدات و لەكاتی دەستبەكاربوونی كابینە نۆیەم، تا ئێستە ئاستی كارەبا لە دوو هەزار و 800 مێگاوات بەرز كراوەتەوە بۆ سێ هەزار و 400 مێگاوات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
