ژمارا ئاكنجيێن عێراقێ چەندە؟
وشه

وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێشبینی دەكات كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە 2017 بگاتە 38 ملیۆن كەس و ئاماژەش دەكات كە ئەوان هەوڵی گەیشتن بە هاوسەنگی لە نێوان گەشەی دانیشتوان و داهاتی وڵات دەكەن، هاوكات ئەنجامدانی ئاماری گشتی دانیشتوان پێوەستە بە دۆخی ئەمنی عێراق.
عەبدوزەهرە هینداوی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەو بارەوە رای گەیاند كە ئەگەرچی تێكڕای گەشەكردنی دانیشتوان بەم دواییە لە عێراق بۆ 2.5% دابەزیووە، بەڵام بە بەراورد بە ناوچەكە هێشتا بەرزە، لەو كاتەی رێژەی دانیشتوانی شارەكان 70%یە و هی گوندەكانیش 30%یە.
ئەو پێشبینی كرد كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق كە لە ساڵی 2016 نزیكەی 36.8 ملیۆن كەس بووە، بۆ 38 ملیۆن كەس لە 2017 بەرز ببێتەوە، راشی گەیاند كە كۆمەڵگەی عێراق لە كۆمەڵگە گەشەكردووەكانە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە كە تێكڕاكە بە دوو منداڵ بۆ هەر ئافرەتێك لە تەمەنی 15-49 ساڵ و چوار منداڵ بۆ هەر ئافرەتێك بەدرێژایی تەمەنی دانراوە.
لەبارەی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانەوە، هینداوی دووپاتی كردەوە كە بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسە پێویستی بە دۆخێكی ئاسایش و سەقامگیر و سیاسی هەیە، ئەوەش رەنگە لە قۆناغی دوای نەمانی داعش لە عێراق فەراهەم ببێت.
بڕیاربوو لە 2007 سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی دۆخە ناهەمووارەكەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت چەند جارێك دواخرا، لەو كاتەی دوا سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق لە 1997 بەڕێوە چوو كە ئەو كات ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە 19 ملیۆن كەس دانرا بەبێ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان بە سێ ملیۆن كەس مەزندە كرا.
سەرچاوە: شەرقییە نیوز
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
