شبكة لالش الاعلامية

ساخله‌مى ل ده‌مێ ئه‌زمونان دا

ساخله‌مى ل ده‌مێ ئه‌زمونان دا 

رووداو- 

لە وەرزی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە، خوێندنگا و کۆلێژ و پەیمانگاکانداین، وەک دەزانین ساڵانە لەکاتیکی دیاریکراو، کە بە نزیکی کۆتایی بەهار و سەرەتایی هاوین دەکات، تیکڕای سەرجەم ئاستەکانی خوێندن لە کوردستان تاقیکردنەوەکانیان دەستپێدەکات، لەو کاتەشدا کێشە تەندروستی و دەروونییەکان زەقتر و زیاتر دەبن و دەبنە لەمپەر لەبەردەمی خوێندکاران، بۆیە مانەوە بە تەندروستییەکی باش یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان  تاکو بتوانی هەوڵ و کۆششێکی باش بکەیت و تاقیکردنەوەکان  سەرکەوتووانە ئەنجام بدەی. 

تەندروستی لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا لە چەند خاڵێکدا باسدەکەین کە گرنگترینیان:

1- خواردن و خواردنەوەی تەندروست
لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا هیچ کام لە ژەمەکانت وەلامەنێ، بەتایبەت ژەمی بەیانی، چونکە مێشکی مرۆڤ کە وەکو هەموو ئەندامەکانی دیکەی لەش پێویستی بە وزەیە بۆ ئەوەی بە چالاکی بمێنێتەوە لە کارەکانی بیرکردنەوە، لەبەرکردن و ئەنجامدەرهێنان، پێویستی بە وزەی بەردەوام هەیە و ئەم وزەیەش پێویستە لە بەیانیانەوە پێی بدرێت، سەرچاوەی وزەش پێکهاتووە لەو خۆراکانەی کە ئێمە دەیخۆین، بۆیە پێویستە ژەمی بەیانیان لەکاتی خۆیدا بخورێت، تاکو مێشک دەست بە چالاکییەکانی بکات، ئەمەش بەتایبەت ژەمی بەیانی، چونکە بەدرێژای کاتی خەو مرۆڤ هیچ ناخوات و لەگەڵ بەخەبەرهاتن، مێشک پیویستی بە وزەیە بۆ چالاکییەکانی. 

هەروەها لە ژەمەکانی دیکەش با خۆراکەکان هەمەجۆربن، بەجۆرێك هەموو خۆراکێک بخورێت بەڵام بە بڕی پێویست و کەم کەم، هەروەها تاکو بکرێت، چەوریی کەم بخورێت. 

2- خواردنی سوکەژەمەکان
لەنێوان ژەمەکان، بۆ پێدانی وزەیەکی بەردەوام بە مێشك، سوکەژەم بخورێن گرنگە، کە گرنگە میوە و چەرەزات بێت، وا باشترە دووربکەونەوە لە شوکلاتە و کێک. 

3- خۆراکی لەرۆژی تاقیکردنەوەدا
خواردنی خۆراکی سووک گرنگە لە رۆژی تاقیکردنەوە، چونکە خواردنی ژەمی قورس وا دەکات خوێن بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ کۆئەندامی هەرس بڕوات و کەمتر بەرەومێشک بچێت، بەمەش سەرنجدانت کەمدەکاتەوە. 

4- زۆر ئاوخواردنەوە
وشکبونەوە کێشەیەکی باوە لەکاتی خوێندن و کۆشش و دەبێتە هۆی بێتاقەتی، خواردنەوەی ئاوی زۆر رێگرە لە وشکبونەوە و یارمەتیدەرە لە چالاکبوونی ئەندامەکان، بۆیە لانیکەم لە ماوەی رۆژێکدا گرنگە ١.٥ بۆ ٢ لیتر ئاو بخورێتەوە.

5- دووربوون لە خواردنەوە وزەبەخشەکان
 خۆت بەدووربگرە لە کافاینی زۆر، بەتایبەت کە لەنێو  چاو و قاوە هەن، چونکە کاردەکاتە سەر جوڵەی کۆئەندامی هەرس و کێشەکانی سکچوون و قەبزی و پڕی زۆردەکات، جیا لەوەش کافاین هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە دڵە کزێ و دڵەڕاوکێ زیاددەکات، ئەوە جگە لەوەی وەک میزپێکەرێک کاردەکات و هۆکارە بۆ زوو زوو چوونە ئاودەست .

کێشە تەندروستییەکانی رۆژانی تاقیکردنەوە

1- دڵەکزێ
یەکێکە لەباوترین کێشەکان، بەهۆی دڵەڕاوکێ و گووشاری دەروونی زۆرەوە تووشی دەبیت. باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بە هێمنی بخوێنیت و لە خوێندندا سترێس نەبیت، چارەسەری ئەم گرفتەش ئەوەیە کە لەکاتی دڵەکزێ یەک کوپ ئاو بخۆیتەوە، هەروەها لە دوای نانخواردن یەکسەر دەست بە خوێندن نەکەیت و کاژێرێک یا دووان پشوو بدەیت و زێدەڕۆیی لەخواردندا نەکرێت، هەروەک سێ کاژێر بەر لە خەوتن واز لە خواردن بهێندرێت، بەتایبەت خۆراکە شلەکان، دەبێت سەرینەکەت بەرزبێت لەکاتی خەودا، تاکو خۆراک نەگەڕێتەوە بۆڕی سوورێنچک، واز لە جگەرە و خواردنەوە کهولییەکان بهێنە، قاوە وچا کەمبکەوە، کە لەدوای ئەم هەنگاوانە گرفتەکە بەردەوام بوو، دەتواندرێت سەردانی پزیشك بکرێت، چونکە رەنگە پزیشك دەرمانی دژە ترشی گەدەت بۆ بنوسێت. 

2- سەرئێشە
ە یەکێک لەو گرفتانەی کە هەیە لەنێو خوێندکاران و قوتابیان، سەرئێشەیە، ئەمەش هەندێکجار بەهۆی دڵەڕاوکێ و ماندووبوونەوەیە و هەندێكجاریش رەنگە بەهۆی وشکبوونەوە و بێئاوی مێشك رووبدات. 

وا باشە کاتی خوێندن پشووی ماوە ماوەی کورت وەربگیرێت، وەرزش و جوڵە ئەنجامبدرێن، خەوی پێویست هەبێت و باشترین کاتی خەو بریتییە لە ١١ی شەو بۆ ٧ی بەیانیی، نابێت قوتابییان لە 7 کاژێر کەمتر و باشترە لە 8 کاژێر زیاتر نەخەون، چونکە خەوی کەم هیلاک و بێتاقەتت دەکات و خەوی زۆریش ناچالاک. 

بۆ چارەسەری سەرئێشە خۆت بەدووربگرە لەبەکارهێنانی زۆری ئازارشکێنەکان و لەکاتی زۆر پێویست نەبێت بەکاریان مەهێنە. 

پشوو بەچاوەکانت بدە و جارجار گوێ لە میوزیکێک بگرە، گەر باش نەبویت و سەرئێشەیەکی زۆرت هەبوو سەردانی پزیشک بکە.

3- کەمخەوی یان بێخەوی
زۆرێک لە لە خوێندکاران تووشی گرفتی کەمخەوی دێن یان خەویان لێناکەوێت، بۆ چارەسەری ئەمە پێویست دەکات کاتەکانی خەوی خۆت دیاریبکەیت و هەموو رۆژێ لەهەمان کاتدا بخەویت، ژورێکی تاریک و دوور لەژاوەژاو هەڵبژێرە بۆ خەوتن، کاژێرێک بەر لە خەوتن ئەرکەکانی ئەو رۆژەت تەواو بکە تاکو کاتی خەو لەدڵەڕاوکێ و بیرکردنەوەدا نەبیت، ٣ کاژێر بەر لەخەوتن خواردن مەخۆ، بەهیچ شێوەیەک دەرمانی خەو بەکارمەهێنە، ماوەیەکی پیویست بخەوە و بەدووربە لە کەمخەوتن و زۆر خەوتن، لەنێو جێگەدا مۆبایل بەکار مەهێنە. 

4- دڵەڕاوکێ و نائارامی
دڵەڕاوکێ بکوژی بیرکردنەوەیە و پێویستە بەسەریدا زاڵبیت، هەوڵبدە لە یەکەم رۆژەوە چوارچێوەی کارکردنی خۆت دابڕێژیت و کاتەکانی خوێندن و پشوو دیاری بکەیت بەو پێییەی کە خۆت بۆت دەگونجێت.  دیارییەک یا پاداشتێک بۆخۆت دیاری بکە کەدوای تاقیکردنەوەکان ئەنجامی بدەیت، وەک گەشتکردن و سەیران، کڕینی شتێکی تازە، دۆزینەوەی کارێك.

پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیکانت بگرە و لەبەرەوپێشجوونی خوێندنی یەکتر ئاگادربن و کێشەکانتان بۆ یەکتری باس بکەن و ئەگەر توانیت لەگەڵ هاوڕێیەکت بخوێنە. لەگەڵ تەواکردنی هەر تاقیکردنەوەیەکدا شتێک بکە بە دیاری بۆخۆت و بیری لە ئەنجامەکەی مەکەرەوە و خۆت بۆ تاقیکردنەوەی داهاتوو ئامادەبکە. لەکاتی خۆیدا بڕۆ تاقیکردنەوەکانت و کاژێرێک بەر لەتاقیکردنەوە هەموو شتەکانت تەواو بکە. کات دیاریبکە بۆ پشوودان و گوێگرتن لە میوزیک یا هەرخولیایەکی دیکە کە هەتە. 

*قوتابی دوا قۆناخی کۆلێژی پزیشكی گشتی- سلێمانی

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

بڤان رێيان ده‌هنێن خۆ سپى بكه‌ 

Lalish Duhok

ئاڤ لسه‌ر هه‌يڤێ هاته‌ ديتن 

Lalish Duhok

چار رێيێن بهێز بۆ رووبربوونا خه‌مان 

Lalish Duhok