ساخلهميا جیهانی: ئیفلیجا زارۆكان گەهشتە سووریا

رێکخراوی تەندروستی جیهانیی رایدەگەیێنێ لە سووریا و لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە لانیکەم 17 منداڵ تووشی ئیفلیجی منداڵان بوون.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ ئەوە یەکەمجارە لەدوای شەپۆلەکەی 2014 ەوە ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە گوازراوەیە لە سووریا بڵاودەبێتەوە.
تاریق جاسارڤیچ، گوتەبێژی رێكخراوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت “هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەین، چونکە ئەگەر تاکە حاڵەتێکی ئیفلیجی منداڵان تۆماربکرێ، ئەوە لای ئێمە بە بڵاوبوونەوەیەکی درمیی نەخۆشییەکە هەژماری دەکرێ”.
جاسارڤیچ گوتیشی تۆمارکرانی یەک حاڵەت، واتای ئەوەیە دوو سەت منداڵ تووشی ڤایرۆسی نەخۆشییەکە بوون و هێشتا نیشانەکان لەسەریان دەرنەکەوتوون.
گوتەبێژەکە دەڵێ بەو پێیەی نەخۆشییەکە لە منداڵێکی تووشبوو بۆ یەکێکی تەندروست دەگوێزرێتەوە، بارودۆخەکە زۆر مەترسیدارە.
وەک تاریق جاسارڤیچ باسیکرد، ئەو حاڵەتانەی ئاماژەیان پێکراوە، لەماوەی نێوان 3ی ئادار و 23ی ئایار تۆمارکراون، بەڵام دوێنێ سێشەممە بە دڵنیاییەوە دەرکەوتووە هۆکارەکەیان ئیفلیجیی منداڵانە، چونکە دەستنیشانی دڵنیایی نەخۆشییەکە دوو مانگی پێدەچێ، بۆیە پێشبینیدەکرێ حاڵەتەکان روو لە زیادبوون بکەن.
لە کۆی ئەو 17 حاڵەتەی ئیفلیجی منداڵان، 16 دانەیان لە پارێزگای (دەیر زوور) تۆمارکراون کە لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی داعشدایە و یەک حاڵەتیش لە ناوچەی مەیادین تۆمارکراوە.
دەگوترێ لە شاری رەققەی پایتەختی داعش حاڵەتێکی ئیفلیجی منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵان تۆمارکراوە، بەڵام هێشتا روون نییە مناڵەکە لەنێو شارەکە تووشبووە یاخود لە ناوچەکانی دیکەوە بۆی گواستراوەتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
