كارەب دێ كێم بت
وشه

چەند ڕۆژێكە بڕی كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان لە هەولێر بۆ خوار هەشت سەعات لە شەو و ڕۆژێكدا كەم بووەتەوە. بەڕێوەبەری كارەبا هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە خواستی زۆری هاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زیاترە لەو بڕە كارەبایەی لە تۆڕی كارەبای نیشتمانی بە دەستمان دەگات.
كێشەی كارەبا ئەو خەمەیە كە لەگەڵ دروستبوونی یەكەم حكوومەتی كوردیدا لە 1992 تا ئێستە هەمیشە دووبارە دەبنەوە و لە هەمان وەرزەكاندا. نە حكوومەت چارەسەری دەكات و نە خەڵك بەكارهێنان كەم دەكاتەوە.
حوسێن محەمەد قادر بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر بە”وشە”ی راگەیاند، “بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، ماوەی چەند ڕۆژێكە نەمانتوانیوە پابەندی ئەو خشتەیە بین كە دانراوە بۆ دابەشكردنی كارەبای نیشتمانی، هەرچەندە خۆمان ڕامان گەیاندبوو”.
“ئێستە 850 تا 900 میگاوات كارەبا لە تۆڕی كارەبای نیشتمانییەوە دەگاتە هەولێر، بەڵام بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتییانەوە پێدانی كارەبا كەمی كردووە و لە ماوەی 24 سەعاتی شەو و ڕۆژدا شەش تا هەشت سەعات توانامان هەیە كارەبای نیشتمانی بدەینە هاووڵاتییان”. محەمەد وای گوت.
كارەبای كوردستان پشت بە سێ وێستگەی گازوایل و دوو بەنداوی كارۆئاوی دەبەستێ، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانی پێداویستی هاووڵاتییان دابین بكەن.
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ساڵانە لەم وەرزەدا گرفتی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی دروست دەبێت، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە، “بەهەر جۆرێك بێت هەوڵ دەدەین بە هاوكاری لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەكانی گەڕەكەكان كێشەكە چارەسەر بكەین”.
ئەوەشی خستە ڕوو كە چەند وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەولێر هەن، بەڵام بەهۆی دابین نەكردنی بڕی گازوایلی پێویست بۆ وێستگەكان، كار ناكەن، ئەگەرچی چەندان جار سەرووی خۆمان لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە ئەم وێستگانە دەتوانن هاوكاری باش بن بۆ بڕی كارەبای پێویست بۆ هەولێر و پێویستە گازوایلی پێویستیان بۆ دابین بكرێ.
لایەنی دابینكەری گازوایل وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە كە جیا لەوەی پێداویستی كارەبا دابین ناكات، ئەمساڵ نەوتی بە هاووڵاتییانیش نەدا، هەرچەندە وەزیرەكەی وەزارەتی كارەباش بەڕێوە دەبات بە وەكالەت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
