ئەمیندارێ گشتی يێ کۆمکارا ئەرەبی دێ سەرهدانا کوردستانێ کت
قاهیرە-KDP.info-
بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی کوردستان و عێراق و هەوڵەکانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی و دیاریکردنی ئایندەی کوردستان، شاندێکی کۆمکاری عەرەبی بە سەرۆکایەتیی (ئەحمەد ئەبووغێت)، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، بڕیارە ڕۆژی شەممە ٩ی ئەم مانگە سەردانی بەغدا و هەولێر بکات.
لە دیدارێکی (شێرکۆ حەبیب)، نوێنەری پارتی لە میسر و (جەمال ڕوشدی)، ڕاوێژکاری ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەب، کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە باس لەو سەردانە و ئاکامەکانی کرا، (روشدی) ئەوەی خستە ڕوو، کە سەردانەکەیان بە مەبەستی بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆیە لە نێوان بەغدا و هەولێر و، گوتی: ”ئێمە پاڵپشتیی باشترین چارەسەر دەکەین بە مەبەستی هێوری و ئارامیی ناوچەکە.”
نوێنەری پارتی هیوای سەرکەوتنی بۆ شاندی کۆمکاری عەرەب خواست و دووپاتی کردەوە، گەلی کوردستان هەردەم لەگەڵ چارەکردنی کێشە و گرفتەکانە بە شێوازی گفتوگۆ و دیموکراسی و لێکتێگەیشتن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە حکوومەتی ناوەند زیاتر لە ٥٥ بڕگەی دەستووریی پێشێل کردووە و باشترین چارە ئەوەیە کە دوو دەوڵەتی هاوسێ بن و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و پەرژەوەندیی هەردوو لا و ناوچەکە بنیاد بنرێت و هیوادارین کۆمکاری عەرەبی لەم ڕوانگەیەوە هەوڵ بدات گفتوگۆکان سەرکەوتوو بن.
ئەندامانی شاندی یاوەری ئەمینداری کۆمکاری عەرەب بریتی دەبن لە:
١- باڵوێز (حیسام زەکی)، یاریدەر و سەرۆکی نووسینگەی ئەمینداری گشتی.
٢- ڕاوێژکاری یەکەم (لمی قاسم)، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی عەرەبی.
٣- وەزیر (مەحموود عەفیفی)، گوتەبێژی فەرمیی ئەمینداری گشتی.
٤- ڕاوێژکار (جەمال ڕوشدی) لە نووسینگەی ئەمینداری گشتی.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
