شبكة لالش الاعلامية

ئێكه‌تيێ كۆنگرێ خۆ پاشخست بۆ پشتى هەلبژارتنا

ئێكه‌تيێ كۆنگرێ خۆ پاشخست بۆ پشتى هەلبژارتنا

رووداو – سلێمانی

ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێن، ئێستا هەردوو باڵەكە تێگەیشتوون لەوەی كە بەو دۆخەی ئێستای نێوخۆی یەكێتییەوە بەستنی كۆنگرە كارێكی قورسە و ئەنجامەكەیشی بە زیان بۆ یەكێتی تەواو دەبێت. ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبەش دەڵێ ” كۆنگرە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، چونكە هەموو ئەوانەی پەرۆشین بۆ یەكێتی، نامانەوێت بەم هەموو كێشەیەوە بچینە ناو كۆنگرە”.

بەر لە نەخۆشكەوتنی كۆسرەت رەسوڵ لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو، بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی و دروستكردنی دەستەیەكی نوێ، سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەوەكەیان بە كراوەیی هێشتەوە و بڕیار بوو بۆ تەواوكردنی پرسی هەڵوەشاندنەوە یان هێشتنەوەی مەكتەبی سیاسی و دیاریكردنی رۆژی كۆنگرەی یەكێتی جارێكی دیكە كۆبنەوە، بەڵام زیاتر لە چوار مانگ بەسەر ئەو كۆبونەوەیەدا تێپەڕیوە و تاوەكو ئێستا نەتوانراوە سەركردایەتی ئەو حیزبە كۆبوونەوەی تەواوكاریی بكات.

جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە (رووداو)ی رایگەیاند، هەفتەی رابردوو هەوڵی زۆر دراوە تاوەكو ئامادەكاریی بكرێ بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێكی نەبووە و بڕیاری كۆتایی لای كاك كۆسرەتە “ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی سەردانی زۆرینەی هەڤاڵانمان كردووە و تا راددەیەك دۆخەكەمان هێور كردووەتەوە، بۆیە لەو بڕوایەدام هەفتەی ئایندە بتوانین كۆببینەوە”.

هەفتەیەك لەمەوبەر، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، داوایان كرد بە پەلە كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەنجام بدرێ و رۆژی كۆنگرە یەكلابكرێتەوە. دواتریش ژمارەیەك كادری ئەو حیزبە لە هۆڵی تەلاری هونەر كۆبوونەوە و داوای كۆنگرەیان كرد و هۆشداریشیان دایە ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی، بەڵام وەك بەرپرسانی یەكێتی باسی دەكەن، لە مانگی یازدەی ساڵی رابردوو، دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی، كێشەكانی هێندەی دیكە ئاڵۆز كرد.

جەمیل هەورامی پێیوایە ئێستا ئەو پرسە سەركردایەتی بۆ سێ بۆچوون دابەش كردووە: “بەشێكیان لەگەڵ مانەوەی مەكتەب سیاسین وەك خۆی تاوەكو كاتی كۆنگرە، بەشێكی دیكە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەو دەستە 11 كەسییەن كە دەنگی لەسەردراوە، بەڵام بەشی سێیەم كە دەنگی زۆرینەی لەگەڵە، داوا دەكات مەكتەب سیاسی كارەكانی خۆی بكات تاوەكو دەگەینە رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردنی دەستە نوێیەكە”.

بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی پێیانوایە ئەگەر بەبێ بەستنی كۆنگرە بچنە نێو هەڵبژاردنەوە، بە ئەنجامێكی خراپەوە لێی دەردەچن. بەڵام بەشەكەی دیكە دەڵێن ئەگەر بەو هەموو ناكۆكییەوە پێش هەڵبژاردنەكان بچینە كۆنگرەوە، كۆنگرە سەركەوتوو نابێت و ئەوەش وادەكات دەنگەكانیان لە هەڵبژاردن تەواو لە كەمی بدات. ئەوە جگە لەوەی ناكۆكی گەورەش لەسەر شێواز و میكانیزمی بەڕێوەبردنی كۆنگرەكەش هەیە.

جەمیل هەورامی دەڵێ: “تاوەكو دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكێتی كۆنگرە نابەستێت و دواخراوە بۆ ئەو كاتە”.

هەورامی زۆرتر لەو بارەیەوە روونكردنەوە دەدات و دەڵێ “پێشتر ناكۆكیمان هەبوو لەسەر كاتی كۆنگرە و بەشێكمان لەگەڵ ئەوە بووین دوای هەڵبژاردن بكرێت و بەشێكی دیكەمان لەگەڵ ئەوە بووین پێش هەڵبژاردن كۆنگرە ببەسترێ، بەڵام ئێستا ئەو ناكۆكییە بە زەقی نەماوە، چونكە زۆرینە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی لەم قۆناغەدا كار بۆ هەڵبژاردن بكەین و كۆنگرە بخەینە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق”.

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بە هەمانشێوەی جەمیل هەورامی باسی هەوڵەكان دەكات بۆ لێكنزیككردنەوەی باڵەكان كە ئامانجی ئێستایان رێكخستنی كۆبوونەوەی سەركردایەتییە “خەریكە دەگاتە بەرهەم و ئومێدم وایە تاوەكو هەفتەی ئایندە كۆببینەوە”.

ئەو سەركردەیەی یەكێتی دەڵێ لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی زۆربەی هەڤاڵانمان كردووە و كەس دژی كۆبوونەوە نییە :”چووینە لای كاك كۆسرەت و پێیگوتین سەردانی هەموو هەڤاڵان بكەن، هەوڵ بدەن ناكۆكییەكان كاڵ بكەنەوە و بۆچوونەكان لەیەك نزیك بكەنەوە تاوەكو بتوانین كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوو بكەین و لەوێ هەر كەس كێشەیەكی هەیە باسی بكات”.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی گوتیشی: “ئەوەی تاوەكو ئێستا رێگر بوو لە كۆبوونەوە پرسی دیاریكردنی وادەی كۆنگرە و هەڵبژاردنی دەستە نوێیەكە بوو. ئێستا پرسی كۆنگرە چارەسەر بووە و زۆرینە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە دەبێت بیخەینە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، چونكە كاتمان بەدەستەوە نەماوە و لیژنەكانیش كارەكانیان تەواو نەكردووە و هەڵبژاردنیش لە مەڵبەندەكاندا بۆ دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە نەكراوە، بۆیە بۆ ئەم قۆناغە خۆمان تەرخان دەكەین بۆ هەڵبژاردنەكان و ئەگەر زۆر پێویست بوو لەبری كۆنگرە پلینیۆم دەكەین”.

سامان گەرمیانی، باسی ئەجێندای كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سەركردایەتی دەكات “تەرخان دەكرێت بۆ پرسی هەڵبژاردنی دەستە نوێیەكە كە دەبێتە جێگرەوەی مەكتەب سیاسی و ئەو پرسەش یەكلایی دەكەینەوە، بەڵام پێش كۆبوونەوەكە رێككەوتنی لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا ناكۆكی دروست نەبێت و بتوانین تەواوی بكەین”.

بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نزیك لە باڵی دەستڕۆیشتوو كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، لەبارەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی قسەیەكی جیاواز دەكات و دەڵێ: “سەرەتا كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی دەكرێت و لەو كۆبوونەوەیەدا هەموو پرسەكان یەكلایی دەكرێتەوە و لەوێوە بڕیار لە كات و وادەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەدرێت، هەوڵ دەدەین پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆبوونەوەی سەركردایەتی بكەین بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بچینە بانگەشەكەوە”.

دەربارەی ئەو بۆچوونەش كە دەڵێ مەكتەبی سیاسی نەماوە گوتی “ئەوانەی دەڵێن مەكتەبی سیاسی نەماوە ئەوانە خۆیان یەكێتی نەماون، چونكە مەكتەبی سیاسی ئۆرگانێكە كۆنگرە دیاری كردووە و تەنیا كۆنگرەش دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی هەیە”.

بەڵام لەبارەی كۆنگرە و دواكەوتنی، ئەویش هاوڕای ئەندامانی دیكەی سەركردایەتییە و پێیوایە كات درەنگە و ناتوانن بەو نزیكانە كۆنگرە ببەستن “كۆنگرە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، چونكە هەموو ئەوانەی پەرۆشن بۆ یەكێتی نامانەوێت بەم هەموو كێشەیەوە بچینە ناو كۆنگرە كە نازانین بە چ دەرئەنجامێك لێی دەردەچین، چونكە بەم دۆخەوە ترسی زۆر هەیە جیابوونەوە رووبدات”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

وەزارەتا دارایی: نێزیکی 25 هزار فەرمانبەران ب رێکا هەژماری من مووچەیێ هەیڤا نیسانێ وەرگرتییە

Lalish Duhok

پەرلەمانتارەکێ ئێکەتیێ: پاشەکەفتا مووچەی نامینیت

Lalish Duhok

سه‌قاناسییا هه‌رێمێ: دێ پێله‌كا بارانێ هه‌رێمێ ڤه‌گریت

Lalish Duhok