بەغدا مووچێ مامۆستا و فەرمانبەرێن خووندنا كوردی ل كەركووكێ دابین ناكت
كەركووك-KDP.info-
جارێكی دیكە بەغدا بە نووسراوێكی فەرمی، داواكارییەكی پەروەردەی كەركووكی سەبارەت بەوەی كە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی بەشی كوردی لە كەركووك بخرێتە سەر حكوومەتی عێراق، رەت كردەوە. سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێ، بەغدا نایەوێت بەشی كوردی هەبێت، بۆیە ئامادە نییە مووچەكەیان دابین بكات.
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك، بەشی خوێندنی كوردی هەیە، چونكە بەپێی دەستوور زمانی كوردی، دووەم زمانی ددانپێدانراوە لە عێراقدا، بەڵام لە كەركووك حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بەشی كوردی نەبێت، ئامادە نییە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی دابین بكات، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوا كراوە و رەت كراوەتەوە.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “وەك یەكێتیی مامۆستایان بە تایبەت لقی كەركووك، بەردەوام هەوڵمان داوە لە ساڵی 2003ـوە تاوەكو ئێستا ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لەسەر میلاكی بەشی كوردین لە كەركووك و مووچەكانیان لەسەر هەرێمی كوردستانە، مووچەكانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر حكوومەتی عێراق، بەڵام هەموو جارێ داواكارییەكە رەت دەكرێتەوە”.
گەرمیانی گوتیشی، چەندین هەوڵ دراوە لە رێگەی سەرۆكی پەرلەمان و لیژنەی پەروەردە و كەسانی باڵادەست لەناو حكوومەتی عێراق، بەڵام سوودی نەبووە و ئامادە نین مووچەی مامۆستایانی بەشی كوردی لە كەركووك دابین بكەن، كە خۆیان سەر بە حكوومەتی عێراقن.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، حكوومەتی عێراق نایەوێت بەشی كوردی لە كەركووك هەبێت و دژایەتیی دەكات، بۆیە رازی نییە مووچەی مامۆستایان دابین بكات.
لە ماوەی رابردوودا و لە رێگەی پەروەردەی گشتیی كەركووكەوە، جارێكی دیكە داوا كرا كە مووچەی مامۆستایانی كەركووك (بەشی كوردی) بخرێتە سەر حكوومەتی عێراق، لەبەر ئەوەی لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە حكوومەتی عێراقن، بەڵام ئێستا وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە نووسراوی فەرمیی ژمارە 18444، وەڵامی پەروەردەی كەركووكی داوەتەوە و داواكارییەكەی رەت كردووەتەوە، ئەمەیش بە بیانووی ئەوەی بودجەی هەرێم و بەغدا جیاوازن.
بەپێی ئامارێكیش، ژمارەی فەرمانبەر و مامۆستایانی بەشی كورد لە كەركووك، دەگاتە زیاتر لە هەشت هەزار و 500 مامۆستا و فەرمانبەر.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
