ب بڕیارهكا وەزارەتا نافخۆ ب هەزاران ترومبێل دێ ئێنه تۆماركرن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کێشەیان هەیە و هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و بڕوانامەی ‘سی ئۆ سی’یان هەیە تۆمار دەکرێن؛ گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “هەموو ئۆتۆمبێلێکی کێشەدار ناگرێتەوە.”
نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێککەوتی 4ـی تەممووزی 2022ـی لەسەرە و تێیدا هاتووە، بڕیارەکە لەلایەن وەزیرانی ناوخۆ و داراییەوە پەسندکراوە و لە “بەرژەوەندی گشتیدایە”. عەقید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە ژێرئاو کەوتوون یان بڕاوەن، بەڵکو ئەوانە دەگرێتەوە کە کارتی ‘سی ئۆ سی’یان هەیە.
رۆژی دووشەممە 4ـی تەمموزی 2022، موزەفەر سوورچی، خاوەن پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “چەند مانگێکە لەسەر هێڵین و زۆر ماندووبووین تاوەکو ئەم بڕیارە دەرکرا.”
موزەفەر سوورچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامارێکی دروستیان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی هەرێمی کوردستان کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و گوتی، “ئۆتۆمبێلێکی زۆر هێندراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و کارتی سی ئۆ سی’یان هەیە و تائێستا تۆمار نەکراون، بەهۆی بڕیارەکەوە هەموویان تۆماردەکرێن.”
ئاماژەی بەوەش کرد، کە بڕوانامەی ‘سی ئۆ سی’ واتا پشکنینی ئۆتۆمبێلەکە کە لە دوبەی بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکرێت و سەرجەمەیان لە ئەمریکا و دوبەیەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
رۆژی شەممە 15-1-2022، موزەفەر سوورچی بە رووداوی راگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر رێگەی نەداوە ئەو ئۆتۆمبێلانە بهێننە هەرێمی کوردستان کە لەپێشەوە لێدراویان هەبووە، بەڵام پێش زیاتر لە مانگێک بڕیارێکی دەرکردووە بۆ رێگریکردن لەو ئۆتۆمبێلانەی لە دواوەش لێدراویان هەیە.
بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لێکەوتبووەوە؛ بە گوتەی موزەر سوورچی، ئەوان کاتێک ئۆتۆمبێل لە ئەمریکاوە دەکڕن نزیکەی پێنج مانگ دەخایێنێت تاوەکو دەگاتە دوبەی، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوە ئەو بڕیارەی داوە. گوتیشی: “تەنیا لە سنووری هەولێر زیاتر لە حەوت هەزار ئۆتۆمبێل هێندراون و ژمارەیان پێنادرێت بەهۆی ئەو بڕیارەوە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
