نڤيسينگهها پێدانا ڤیزا توركى دێ ل سلێمانيێ ئێته ڤهكرن
رووداو – سلێمانی
بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی کونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، 10 رۆژی دیكە نووسینگەی پێدانی ڤیزای وڵاتی توركیا لە شاری سلێمانی دەكەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا وڵاتی توركیا چەندین مەرجی قورسی بۆ پێدانی ڤیزا راگەیاند.
سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 25-7-2016 مستەفا مستان، بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی کونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان سەردانی كردوون و ئاشكرای كردووە “10رۆژی دیكە نووسینگەی پێدانی ڤیزای وڵاتەكەیان لە سلێمانی دەكرێتەوە”.
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی باسی لەوەشكرد، مەبەستی سەرەكی سەردانەكەی مستەفا مستان بۆلای ئەوان دڵنیا كردنەوەیان بووە لە ئاسایی بوونەوەی دۆخی سیاسی توركیا بەتایبەت دوای هەوڵی كودەتا سەربازییەكەی 15ی تەممووزی 2016.
سیروان محەممەد گوتیشی “بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی کونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان، دڵنیای كردینەوە دۆخی سیاسی توركیا ئاسایی بووەتەوە، بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی هیچ كێشەیەكیان نەماوە”.
لەماوەی رابردوودا بەتایبەت دوای رێككەوتنی لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی، توركیا مەرجەكانی پێدانی ڤیزای قورسكرد، بەوەش گرفت بۆ بازرگان و گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان دروستبوو.
هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو شوێنانەی زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی توركیا هەیە، هاوكات ژمارەیەكی زۆر گەشتیاریش لە كوردستانەوە روودەكەنە ئەو وڵاتە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
