ئەمەریكا: ڕاستەوخۆ چەك بە هێزی پێشمەرگە دەدەین
باسنيۆز:
كونسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات لە ماوەی پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ ڕاستەوخۆ چەك بە هێزەكانی پێشمەرگە دەدەین، هەروەها ئاماژە بۆ پێویستییە راِستەوخۆكانی دادگا و هێزی ئەمنیی و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ دوای ئازادكردنەوەكەی دەكات.
ئەمڕۆ 2016- 10 -26 لە شاری هەولێر لە چوارەم پانێڵی دیداری مێری تایبەت بە (ئازادكردنی مووسڵ چارەسەری سیاسی و ئەمنی) كە ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز) چالاكییەكانی گواستەوە، كین گروز، كونسووڵی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان گوتی “پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچێت و لە ماوەیەكی دیاریكراودا قۆناغی باشی بڕیوە و ئێستاش پرۆسەكە بەردەوامە و ئێمە وەك ئەمەریكا بەردەوام دەبین لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكانمان هەم بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كە ڕاستەوخۆ چەكیان پێدەدەین و هاریكارییە مرۆییەكانمان بۆ ئاوارە و پەنابەرەكان بەردەوام دەبێت.”
لەبارەی دۆخی مووسڵ دوای ئازادكردنەوە، كونسووڵی گشتیی ئەمەریكا گوتی: “ئێستا كۆمەڵێك كێشەی زەق لەناو مووسڵدا هەیە لەوانەش خزمەتگوزارییەكان و لایەنی ئەمنی و كێشەی موڵكداری و گێڕانەوەی پیرۆزی بۆ تەواوی پارێزگاكەش، هەروەها پاراستنی سنووری سروشتی مووسڵیش ئەمانە هەموویان پێویستن كاریان لەسەر بکرێت تا هەموو هاووڵاتیانی مووسڵ بەیەكەوە بتوانن تێیدا بژین.”
لەبارەی كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانە بۆ چارەسەریی كێشەی مووسڵ كونسووڵی گشتیی ئەمەریكا گوتی: “لامەركەزییەت یاساییە و پێویستەییەكی ئێستایە بۆ مووسڵ تاكوو خەڵكی بتوانن لەگەڵ سیستەمەكە بگونجێن ئەوەتا عیراق بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت و كاتێكیش چووینە ناو مووسڵەوە ناتوانین لە یەك سەعاتدا هەموو شتێك بگۆڕین، بەڵكوو دەبێت ئەم بابەتە بە ئارامی كاری لەسەر بكرێت، هەر بۆ داهاتووی مووسڵیش لەگەڵ 60 كەسایەتیی سیاسی مووسڵ كۆبووینەتەوە و 50 پرۆۆژەمان پێشكەش كردووە، بەگشتی ئێمە پاڵپشتی حكوومەتێكی خۆجێی و دەستەیەكی خزمەتگوزاری دەكەین لە مووسڵ هەبێت و هێڵێكی پەیوەندی لە نێوان حكوومەتی عیراق و هەرێم سەبارەت بە مووسڵ و بەڕێوەبردنی مووسڵ هەبێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
