ھەرێما کوردستانێ داخوازیەکێ ژ کەنەدا دەکات
ZNA –ھەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە حکوومەتی کەنەدا دەکات کە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات و بەشێوەیەکی راستەوخۆ ھاوکاریی سەربازیی و دارایی رەوانەی کوردستان بکات.
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە فۆڕومی ھێلیفاکس کە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچیت و تایبەتە بە ستراتیژیەتی جیھان لەبەرەنگاربوونەوەی داعش، رایگەیاند کە ھێزی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان شیاوی ئەوەن بەشێوەیەکی راستەوخۆ ھاوکاریی سەربازیی بکرێن و چەکوتەقەمەنی بۆ دابین بکرێت لەبەرئەوەی ئەوان ھێزی سەرەکی بوون لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
ھەروەھا فەلاح مستەفا رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت بەوەی تاوەکو ئێستا لەرێگای بەغداوە ھاوکارییە سەربازییەکانیان دەگەیەننە ھێزی پێشمەرگە و ئەو پڕۆسەیەش کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دەدات.
پێشتر میدیاکانی کەنەدا زانیاری ئەوەیان خستوەتەڕوو، جەستن تڕودۆی سەرۆک وەزیرانی کەنەدی، لەمانگی شوباتی رابردووەوە، رایگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن راستەوخۆ ھاوکاری سەربازی ھێزی پێشمەرگە بکەن، بەڵام بەرپرسانی کەنەدی ئەم ھەفتەیە ئاشکرایان کردووە ئەو پلانەی حکوومەتەکەیان بەھۆی نەدانی رەزامەندی حکوومەتی بەغدا، راگیراوە و جارێش نازانن، ئەو ھاوکارییە راستەوخۆیە بۆ کورد کەی دەست پێدەکات.
کەنەدا یەکێک لەو چەندین وڵاتە زلھێزەی رۆژئاوا کە ئامادەی خۆیان دەربڕیووە بەرامبەر بە دابینکردنی ھاوکاریی سەربازی بۆ ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش، بەڵام تا ئێستا بەغدا تەنیا ھەوڵیداوە لەرێگەی خۆیەوە ئەو ھاوکاریانە بگاتە دەست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
